وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی 'پاشەکشەی ئازادیی ڕاگەیاندن' وەڵامی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەداتەوە

01-02-2024 11:09

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی نیگەرانیی لە "پاشەکشەی ئازادیی ڕاگەیاندن" وەڵامی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەداتەوەو دەڵێت، "بە پێچەوانەوە" لە کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتدا "دەستخۆشیی" دەکەن.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، ژمارەیەک وێنەی خولێکی ڕۆژنامەوانیی بڵاو کردووەتەوە کە کونسوڵخانەکە پاڵپشتیی دارایی کردووە و لەگەڵیدا دەڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە لە پاشەکشەی ئەمدواییانەی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە خۆجێی و نێودەوڵەتییەکان بۆ باشترکردنی پانتایی کاری میدیا".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لە کۆمێنتێکدا بۆ ئەو پۆستە لە پەیجی کونسوڵخانەی ئەمەریکا نووسیویەتی "بە پێچەوانەی ئەوەی کە لەگەڵ ئێمە دادەنیشن دەستخۆشیمان لێ دەکەن کە ئازادیی ڕۆژنامەگەری زیادی کردووە و لە ئاستێکی باشدایە!".

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتریش، مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی ‏ژمارەیەک ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ كە ڕۆژنامەنووس لارە فەخرەدین، نوێنەری ‏پەرەگرافیشیان تێدا بوو، كۆبووەوەو هەمان نیگەرانیی دووپات کردەوە.‏

كونسوڵخانەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند "بەردەوامین لە نیگەرانیەكانمان ‏دەربارەی پاشەكشەی ئەم دواییانەی ئازادیی ڕاگەیاندن، پاشەكشە لە نموونەی ‏دەستبەسەركردنی هەڕەمەكیانە و پشكنینی نایاسایی ئامێری ئەلیكترۆنی و كەموكووڕی ‏لە جێبەجێكردنی یاسای كاری ڕاگەیاندن و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی ‏كوردستان".‏

هەروەها کونسوڵی گشتی ئەمەریکا دەستخۆشی لە ڕۆژنامەوانەكان كرد لە "بەرامبەر هەوڵە ‏بەردەوامەكانیان بۆ ڕووماڵكردنی بێلایەنانەی هەواڵە سیاسی و ئابووری و ‏كۆمەڵایەتییەكانی هەرێم".‏

كۆبوونەوەی ڕۆژنامەنووسانی میدیا سەربەخۆكان لەگەڵ كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و هەڵوێستەکانی کونسوڵخانەکە، ‏هەوڵ و هەنگاوێكی دیكەیە بۆ پاڵپشتیی وڵاتان لە ئازادیی كاری میدیایی.‏

پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، كارنەكردن بە یاسای كاری ڕۆژنامەوانی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، لەمپەرە دیارەکانی بەردەم كاری ڕۆژنامەوانین، بە تایبەتیش هەڵاواردن لە نێوان میدیاكان دەكرێت ‏بۆ پێدانی زانیاری.‏