دەستەی داكۆكی لە مافی مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە شكاندنی بایكۆتی ڕاگەیاند

19-02-2024 10:41

پەرەگراف

دەستەی داكۆكی لە مافی مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە، پاش بەڵێنەكانی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی، شكاندنی ‏بایكۆتی ڕاگەیاند و دەڵێت "لێرە بەدواوە چاودێریی وردی ئەم بڕیارە دەكەین".‏

دەستەكە دەڵێت "ئێمە هەر سەرنجێكمان لەسەر ئەم ڕاگەیەندراوەی جێگری سەرۆكی حكومەت هەبێت، پێمان ‏وایە بەری ڕەنجی ماندووبوونی زیاتر لە پێنج مانگ خەباتی بەردەوامی چواردە شار و شارۆچكەی پارێزگاكانی ‏سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزای كۆیەیە لە پارێزگای هەولێر".‏

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای ناڕازی لە سلێمانی ‏كۆبووەوە و دواتر ڕایگەیاند "لە دیدارم لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستای ناڕازیی بەڕێز، بڕیاری حكومەتی ‏هەرێمم بۆ دووپات كردنەوە كە؛ بە هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی، پلەی مامۆستایانی شایستە بەرز ‏دەكرێتەوە و وانەبێژەكانیش دەكرێنە گرێبەستی ڕەسمی بەپێی ڕێكار و یاسا بەركارەكان و ساڵانی خزمەت، ‏بەردەوامیش لەخەت دەبین بۆ جێبەجێ كردنی داوا رەواكانیان".‏