دوو تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا

12-06-2020 08:32

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی گیان لەدەستدانی دوو تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە سلێمانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ تا ئێستا سێ حاڵەتی گیان لەدەستدان لە سلێمانی ھەبووە.

دوو تووشبووەکە پیاون و  تەمەن ٧٤ و ٦٣ ساڵن، دوای خەواندن و مانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.

ھەر ئەمڕۆ تەندروستی ھەرێم ڕایگەیاند، تووشبووێکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ کە پیاوێکی تەمەن ٧٣ ساڵە لە شاری سلێمانی دوای خەواندن و مانەوە لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئێستا گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسە لە ھەرێم گەیشتە ٣٨ حاڵەت کە ٣٤یان لە سلێمانی بووەو ٤یان لە ھەولێر.

سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە، د.هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، پێشتر لەبارەی ناوچە مەترسیدارەكانی ناو سەنتەری سلێمانی، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، هەموو شوێنێك زۆنی مەترسیدارە لەناو سەنتەری سلێمانی لەبەرئەوەی لە زۆربەی زۆری گەڕەكەكان حاڵەتی كۆرۆنا تۆمار كراوە، وتیشی "ناوچەی شەقامی 30 مەترییەكە زۆربەی زۆری بە زۆنی مەترسیدار دادەنرێت، شوێنە قەرەباڵغەكانی ناوبازاڕیش هەموویان شوێنی مەترسیدارن، بەڵام ئەوەنییە بڵێین لە شوێنێكدا نییە، لە زۆربەی گەڕەكەكان حاڵەت هەیە".

تائێستا ڕێژەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان %2و چارەسەركراوان لەسەدا 41، هاوكات لەسەدا 57ی تووشبووان ئێستا لەژێر چارەسەردان.