وەزارەتی نەوتی عێراق: كۆمپانیاكانی نەوت ڕێگرن لە دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەی نەوتی هەرێم

25-03-2024 03:30

پەرەگراف

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت "كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت ‏كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، نەوت ڕادەستی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان ناكەن و ڕێگرن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی". جەختیش ‏دەكاتەوە كە مەرجی ئەو كۆمپانیایانە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی ‏نەوت "نایاسایین و لە هیچ بارێكدا قبووڵكراو نییە". هەروەها ‏ڕایگەیاندووە كە "هەرێمی كوردستان بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ‏وەزارەتی نەوت، ڕۆژانە بڕی 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ‏دەهێنێت".‏

وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕاگەیەندراوێكی 11 خاڵی وەڵامی كۆمەڵەی ‏پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)ـی دەداتەوە و كۆمەڵەكە تۆمەتبار ‏دەكات بە "بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە و شێواندنی ڕاستی" لەبارەی ‏دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە.‏

لە سەرەتادا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە كە هەناردەی ‏نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە ڕاگیراوە، ئەویش بە بڕیارێكی دادگای ‏ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە ئەنجامی سكاڵایەكی عێراق لەسەر توركیا. ‏وەزارەتی نەوت جەخت دەكاتەوە كە "ڕاگرتنەكە بۆ تەنیا یەك ڕۆژیش لە ‏ئەنجامی بڕیاری عێراق نەبووە".‏

وەزارەتی نەوتی عێراق، حكومەتی فیدراڵ بە "زەرەرمەندی یەكەم" لە ‏ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ناو دەبات و دەڵێت "دوای تێپەڕبوونی ‏شەش مانگ و دانوستاندنی گرنگی وەزارەتی نەوت لەگەڵ توركیا، هەردوولا ‏گەیشتنە ئەوەی بۆریی نەوتەكە بخرێتەوەكار و لە زووترین كاتدا كێشە ‏تەكنیكییەكان چارەسەر بكرێن".‏

سەبارەت بە هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ‏وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە "گرنگترین هۆكار ئەوەیە، كۆمپانیا ‏بیانییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ڕێگرن لەوەی بە فەرمی ‏بەرهەمەكەیان ڕادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی ‏بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی هەناردە بكرێت".‏

وەزارەتی نەوت جەخت دەكاتەوە "ئەگەر ئەو كۆمپانیایانە نەوتی ‏بەرهەمهێندراوی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسا ڕادەست ‏بكەن، دەتواندرێت لە ماوەیەكی كورتدا هەناردەكردنەوەی نەوت دەست پێ ‏بكرێتەوە".‏

وەزارەتی نەوتی عێراق بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ئۆپیك و ‏سەرچاوەی لاوەكیی نێودەوڵەتی، دەڵێت "لە هەرێمی كوردستاندا بەرهەمی ‏نەوت بە بڕی 200 بۆ 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە هەیە، بێ ئاگاداری و ‏ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوت".‏

هەروەها سەبارەت بە گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و وەزارەتی ‏سامانە سرووشتییەكان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە "دان پێدا نەنراو" ‏وەسف دەكات و دەڵێت "ئەو گرێبەستانە بنەمای دەستووری و یاسایی ‏دروستیان نییە". ‏

وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوە دەكات كە داوای لە حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان و كۆمپانیاكانی نەوت كردووە كۆپییەكی هەموو ‏گرێبەستەكانیان ڕادەست بكەن بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكەن و ‏بگەن بە گرێبەستی نوێ كە "هاوتای دەستوور و یاسا" بێت، بەڵام "تا ‏ئێستا ئەو گرێبەستانە ڕادەست نەكراون".‏

‏"چۆن دەگونجێت داوا لە وەزارەتی نەوت بكرێت پابەند بێت بە ‏گرێبەستێك كە هێشتا نەیبینیوە و دانی پێدا نانێت و وەكوو بنەما ناكۆكە ‏لەگەڵ ئەو بڕیارانەی دادگا كە بۆ هەموو لایەك جێگەی پابەندبوونە"، ‏وەزارەتی نەوتی عێراق وا دەڵێت.‏

سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەی كە لە یاسای ‏بودجەی عێراقدا بە هاوتایە لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەی وەزارەتی نەوت لە ‏گرێبەستەكانیدا دەیدات و 6.9 دۆلارە بۆ یەك بەرمیل، وەزارەتی نەوت ‏دەڵێت "ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، داوای ‏سێ ئەوەندەی ئەو پارەیە دەكەن، ئەوە جگە لە كرێی گواستنەوە كە ‏زێدەڕۆیی تێدا كراوە". دەشڵێت "ئەوە یەكێكە لە مەرجەكانی ‏‏(كۆمپانیاكان) بۆ ڕادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو".‏

وەزارەتی نەوتی عێراق هۆكاری دانانی تێكڕای تێچووی بەرهەمهێنانی ‏نەوتی وەزارەتی نەوت بۆ نەتی هەرێمیش لەلایەن پەرلەمانەوە، بۆ ئەوە ‏دەگەڕێنێتەوە كە "پەرلەمان و هیچ دامەزراوەیەكی دیكەی فیدراڵی ‏گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانیان نەبینیوە".‏

وەزارەتی نەوت جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئامادەیە دەستبەجێ دەست ‏بە هەناردەی نەوت بكاتەوە لە ڕێگەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا، ‏هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش دانوستان بكرێت بۆ ئەوەی بگەنە ‏‏"ڕێگەچارەیەكی گشتگیر و پەسەند كە بەرژەوەندیی گشتی بهێنێتە دی"، ‏بەڵام وەزارەتی نەوت دەڵێت "كۆمپانیاكان بەردەوامن لە ڕێگری تاوەكو ‏مەرجەكانیان جێبەجێ دەكرێن، كە پێچەوانەی یاسان و ئەوە لە هیچ ‏بارێك لە بارەكاندا مایەی قبووڵكردن نییە".‏

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە كە "وەكوو نیەتپاكییەك ‏بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی"، پێشتر حكومەتی فیدراڵیی ‏عێراق لە بەرزترین ئاستدا پێشوازیی لە نوێنەرانی كۆمپانیاكانی نەوت ‏كردووە، هەروەها پێشتر وەزارەتی نەوت داوای لەو كۆمپانیایانە كردووە ‏دانوستاندن بكەن بۆ دۆزینەوەی "چارەسەرێكی گونجاو و دادپەروەرانە"، ‏بەڵام كۆمپانیاكانی نەوت هەڵوێستیان "بێ نەرمی نواندن و گۆڕانكاری" ‏ماوەتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە كۆتا خاڵی ڕاگەیەندراوەكەیدا جەخت دەكاتەوە ‏كە ئەو كۆمپانیا بیانییانەی دەیانەوێت لە عێراق كار بكەن، دەبێت "ڕێز ‏لە سەروەریی وڵات و یاسا و بڕیاری داگاكانی بگرن و خۆیانی لەگەڵ ‏بگونجێنن".‏

ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق پاش ئەوە هات كە دوێنێ‌ ‏كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)، ڕایگەیاند "هیچ ‏بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا ‏نییە".‏

ئەپیكور كە لە هەشت كۆمپانیای بیانیی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم ‏پێك دێت، چوار مەرجی سەرەكییان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ‏خستە ڕوو و جەخت لەسەر مانەوەی گرێبسەتەكانیان وەكوو خۆی ‏دەكەنەوە. دەشڵێن "بە ڕاشكاوی" پەیامیان بە ئیدارەی جۆ بایدن ‏گەیاندووە كە "كۆشكی سپی نابێت دەست بە پلانی پێشوازیكردن لە ‏سوودانی بۆ واشنتۆن بكات" تا سێ‌ خاڵی "دەستپێكردنەوەی هەناردەی ‏نەوت، شایستەی كۆمپانیاكان و بودجەی هەرێم" جێبەجێ‌ نەكات.‏