بەغداد بۆرییەكەی خۆی بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك دەخاتەوە كار؛ هەرێم 'تووڕە' دەكات‏ و داوایەكی ڕەت دەكاتەوە

08-04-2024 11:06

پەرەگراف

حكومەتی عێراق داوایەكی هەرێمی كوردستان بۆ بەكارهێنانی بۆریی نەوتی هەرێم بۆ ‏هەناردەكردنی نەوتی كەركووك ڕەت دەكاتەوە و بۆریی نەوتی كەركووك - جەیهانی خۆی ‏نۆژەن دەكاتەوە كە بە "جێگرەوە"ـی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان - توركیا ناو ‏دەبرێت.‏

بەمنزیكانە بۆرییەكەی عێراق دەكەوێتە كار و ئەم هەنگاوەی بەغداد زیاتر وەزارەتی نەوتی ‏عێراق لە پشتبەستن بە بۆرییەكەی هەرێم دوور دەخاتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەڵێت ‏‏"ڕەنگە ئەم هەنگاوەی عێراق، هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان تووڕە بكات".‏

باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ‏سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكەن و لە كۆتایی ئەم مانگەوە دەتوانن "ڕۆژانە 350 هەزار ‏بەرمیل نەوت"ـی كێڵگەكانی كەركووك هەناردەی توركیا بكەن.‏

هاوكات دوو بەرپرسی وەزارەتی نەوتی عێراق كە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت، ئاشكرایان ‏كردووە كە بەغداد داوایەكی هەرێمی كوردستانی ڕەت كردووەتەوە، كە داوای كردووە ‏شەش دۆلار وەكوو كرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت بداتە كۆمپانیای ‏ڕووسنەفتی ڕووسی، كە یەكێكە لە خاوەنەكانی بۆریی نەوتی هەرێم.‏

بۆرییەكە زیاتر لە 10 ساڵە لەكار كەوتووە و نەوتی پێدا هەناردە نەكراوە، ‏بەگەڕخستنەوەی دەبێتە ڕكابەرێكی بەهێز بۆ بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان - توركیا، كە ‏بەرپرسانی هەرێم چاویان لەوەیە بۆرییەكەیان لەلایەن عێراقەوە بۆ هەناردەی نەوت پشتی ‏پێ‌ ببەسترێت.‏

پێشتر عێراق نەوتی كەركووكی لە ڕێگەی بۆرییەكەی خۆیەوە هەناردە دەكرد، بەڵام بە ‏هاتنی داعش لە 2014 بۆرییەكە لەكار كەوت، پاش كۆنترۆڵكردنی كەركوویش لەلایەن ‏پێشمەرگەوە، كێڵگە نەوتییەكان كەوتنە دەستی هەرێم و نەوتی كەركووك لەڕێگەی بۆریی ‏نەوتی هەرێمی كوردستان - توركیاوە هەناردە كرا، تا لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 عێراق ‏گەڕایەوە كەركووك و كۆنترۆڵی كێڵگە نەوتییەكانی جگە لە خورمەڵە، گرتەوە دەست.‏

عێراق ماوەیەك نەوتی كەركووكی لەڕێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە كرد تا ‏دواجار لە 25ـی ئاداری 2023 لەگەڵ هەناردەی نەوتی هەرێمدا هەناردەی نەوتی ‏كەركوویش ڕاگیرا. ئێستا عێراق دەیەوێت بۆرییەكەی خۆی بخاتەوە گەڕ بۆ ‏هەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك.‏

لەلایەكی دیكە كێشەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم وەكوو خۆی ماوە و ‏بەغداد سوورە لەسەر گرێبەستی نوێ‌ لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، بۆ جۆرێك هاوشێوەی ‏گرێبەستەكانی دیكەی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان بێت كە لە جۆری (خزمەتگوزاری)ن، ‏بەڵام كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر گرێبەستە ‏كۆنەكانیان دەكەنەوە كە لە جۆری (هاوبەشی)یە و پشكیان لە نەوتی هەرێمدا هەیە، لەو ‏ڕووەوە چوار مەرجیان بۆ بەغداد خستووەتە ڕوو.‏