ئەپیكور: ڕژدین لەسەر دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری هەناردەی نەوتی هەرێم

16-04-2024 12:11

پەرەگراف

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)، ئامادەیی خۆی بۆ "بەپەلە" دەستكردنەوە بە گفتوگۆ بۆ ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت، بەڵام بە مەرجی "پاراستن"ـی مافە ‏داراییەكانیان.‏

كۆمەڵەكە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی ئەمریكا سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاو كردووەتەوە و ‏تێیدا دەڵێت "كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان پێزانینی هەیە كە سەرۆك بایدن و سەرۆكوەزیران ‏سوودانی لە كۆوبوونەوەكەیاندا، جەختیان لەسەر دەستپێكردنەوەی خێرای هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی ‏نەوتی عێراق - توركیا كردووەتەوە".‏

ڕاگەیەندراوەكەی ئەپیكور پاش ئەوە دێت كە دیلان غەفوور، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ‏پەرلەمانی عێراق و ئەندامی شاندەکەی عێراق لە ئەمریكا، بۆ پەرەگراف ئاشكرای كرد "ئەنتۆنی بلینکن، ‏وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای کرد هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکرێتەوە و ‏بەربەستەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە چارەسەر بکرێن".‏

ئەپیكور كە لە كۆمپانیا بیانییەكانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی كوردستان پێك دێت، دەڵێت "ئامادەین ‏بۆ بەردەوامیدان و بەپەلە دەستكردنەوە بە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی‎ ‎كوردستان، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا".‏

ئەپیكور هاوكات جەخت لە پاراستنی مافە داراییەكانی كۆمپانیاكانی كۆمەڵەكە دەكاتەوە و دەڵێت "لە ڕێگەی ‏ڕێككەوتنێكی نووسراو و فەرمییەوە دڵنیایی بدرێت لەبارەی وەرگرتنی پارەی نەوت لە ڕابردوو و‎ ‎بۆ ‏داهاتوویش".‏

بەپێی لێدوانی مایڵز كاگینز، وتەبێژی ئەپیكور، كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور بە قەبارەی 10 ملیار دۆلار ‏وەبەرهێنانیان لە‎ ‎سێكتەری نەوت و غازی هەرێمی كوردستاندا كردووە. كاگینز دەڵێت "ئەمەش هاوكار بووە لە ‏بەدەستهێنانی ئامانجەكانی‎ ‎سەرۆكوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی لە بواری نەوت و گاز، كە لە ‏كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بایدن لە‎ ‎كۆشكی سپی ئاماژەی پێ داوە".‏

‏"كۆمپانیا ئەندامەكان لە ئەپیكور، زۆر ڕژدن لە بەردەوامیی هەماهەنگییان لەگەڵ حكومەتی‎ ‎عێراق و ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی‎ ‎عێراق - توركیا"، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)دا لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا وا دەڵێت.‏