بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم: لەگەڵ بەغداد ڕێککەوتین لەسەر هەژماری بانکیی مووچەخۆران

20-04-2024 10:04
سەردانێکی مەسرور بارزانی بۆلای ستافی پڕۆژەی هەژماری من.

 پەرەگراف

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر پرسی کردنەوەی هەژماری بانکیی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی بەسەر هەردوو بەرەی "توطین و هەژماری من" دابەش کردووە.

عه‌زیز ئه‌حمه‌د، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی مەسرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بابەتێکی پەرەگرافی لایخۆی بڵاوکردووەتەوە کە دەربارەی ئەو پرسەیەو لەسەری نووسیوە "بڕیاری ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم بابەتە هەڵە بوو و لەگەڵ بەغدا ڕێکەوتین لە چەند ڕۆژی داهاتوو چارەسەر دەکرێت".

عەزیز ئەحمەد زانیاریی لەبارەی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێدەچێت بە ئاڕاستەی پەسەنکردنی پڕۆژەی "هەژماری من" بێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی کە حکومەتی هەرێم سوورە لەسەری و دەستبەرداری نابێت.

هەواڵەکەی پەرەگراف لێدوانێکی فراکسیۆنی یەکگرتووە لە پەرلەمانی عێراق کە سەردانی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵییان کردووە لەسەر دۆسیەی مووچەی هەرێم و دەڵێن "کێشەی مووچە بە دڵنیاییەوە دووبارە نابێتەوە. سەرۆکی دادگای فیدراڵی وتی بڕیارەکەی دادگا ڕوونە دەبێت مووچە لە بانکێکی فیدراڵی بە ناوی چواریی و پلەو جۆری وەزیفە جێگیر بکرێت، دوای ئەوە لە چ بانکێک مووچەکەی وەردەگرێت ئازادە".

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی مەسرور بارزانی کە هاوکات ئەندامی شاندی هەرێم بوو بۆ بەغداد بۆ گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی هەژماری من، لە نووسینەکەیدا چەند پرسیارێکی وروژاندووەو دەڵێت "یەکەم، مووچەی ئەم ئەندام پەرلەمانانە و تەنانەت دادوەرەکانی ئەم دادگایەش لە چەند بانکێکی تایبەت لە شاری بەغدا تەوتین کراون. بۆچی؟".

‏"دووەم، بۆچی ئەم شێوازە تەنها بۆ هەرێم پێشنیار کراوە؟ لەکاتێکدا کە لە سەرانسەری عێراق هاوڵاتی و مووچەخۆر ئازادن لە دەستنیشانکردنی بانک. پێویستە هاوڵاتی هەرێمیش هەمان مافیان هەبێت لە دەستنیشانکردنی یەکێک لە بانکە پەسەندکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق. ئەگەرنا، ئەمە لایەنگری یەک کۆمپانیا نییە؟ ئەی یەکسانی و هاوڵاتیبوون؟" عەزیز ئەحمەد وادەڵێت.

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەشڵێت "ئێمە پابەندی ڕێنمایی و مەرجەکانی بانکی ناوەندی عێراقین و بەردەوام لەگەڵیان لەسەر هێڵین. ئەمە بنەمای بەرنامەکەمانە: کارکردن لە ڕێگای بانکی ناوەندی عێراق".

حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ڕازیكردنی بەغداد بەوەی كە هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەناو پرۆژەی "هەژماری من" بکرێتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم هەڵمەتێکی فراوان دژی پڕۆژەکە بەڕێوەدەچێت لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و چالاکوانان، پاساوەکەیان ئەوەیە، ئەگەر مووچە لە بانکە فیدراڵییەکانەوە بدرێت "پارێزراوترو مسۆگەرە کە نابێتەوە بە بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد".

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە پڕۆسەی "تەوتین"دا تێپەڕێت و لەو ‏ڕێگەیەوە بدرێت، تەوتین، دەستەواژەیەكی داراییە، بە مانای (جێگیركردنی مووچەی فەرمانبەر بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە بانكەکان).

پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی کردووەتەوە پرۆژەی هەژماری من قبووڵ بكات و جەخت ‏دەكاتەوە كە بەپێی بڕیارەکەی دادگا دەبێت لە بانكە فیدراڵییەكان هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بكرێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم ‏جەخت لە پرۆژەی هەژماری من دەكاتەوە و وەفدێکى پرۆژەکەى بۆ ڕازیکردنى حکومەت و بانکى ناوەندیى عێراق ناردە بەغدادو زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی لە جێبەجێکردندایەو بەپێی ئەو پڕۆژەیە دەوروبەری 300 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوەو بەشێک لەو فەرمانبەرانە ئێستا مانگانە لەڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن و پێنج بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم، پێشتر ڕایگەیاند، هەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە، ئەو سیستمە لەگەڵ هی عێراق جیاوازییەکەی ئەوەیە هی هەرێم تەوتینە لەگەڵ 19 خزمەتگوزاریی، بەڵام هی عێراق ئەو 19 خزمەتگوزارییەی بۆ مووچەخۆران تێدا نییە.

"پڕۆژەی هەژمار من بە رەزامەندی محەمەد شیاع سوودانی و بانکی ناوەندیی عێراق دروستکراوە، هەروەها چەندین بانکی عێراقیش بەمزووانە بەشدار دەبن لە پڕۆژەی هەژماری من. لە رێگەی هەژماری من مووچەخۆر دەتوانێت سوودمەند بێت لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کارئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکات، گرنگترینیشیان مووچەخۆر دەتوانێت لە رێگەی هەژماری من پێشینەکانی خانوبەرە و هاوسەرگیریی وەربگرێت" وەزیری دارایی هەرێم وای وت.

ئاوات شێخ جەناب ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هاووڵاتییان و مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی ناویان لە پڕۆژەی هەژماری من، "تا سەری ساڵ بە دڵنیاییەوە ئابووری ئەم وڵاتە بە رێژەی 10 بەرامبەر دەچێتە پێشەوە، چونکە گەورەترین کێشەی ئێمە کێشەی کاشە".