مەسرور بارزانی: ڕاگەیاندنکاران بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن
پەرەگراف
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بۆ 126هەمین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەڵێت: "جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ڕاگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكومەت".
پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری کێشەیەکی بەردەوامە لە هەرێمی کوردستان. بەپێی شیکارییەکی پەرەگراف بۆ ئامارەکانی سەنتەری میترۆ بۆ ماف و داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە تێکڕا هەفتانە پێنج پێشێلکاری ڕوویانداوە.
سەرۆکوەزیران دەشڵێت، حکومەت وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوکاریی هەموو لایەک، بتوانن کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەن، "پێویستە میدیاکارانی کوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و ڕێگە نەدەن بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، سووکایەتی بە بەهاکانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بکرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵک بەکار بهێنرێت".
"ڕۆژی ڕۆژنامەوانیی کوردی پیرۆزبێت و لەم یادەدا، هەموو پشتیوانی و پشتگیرییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاری ڕاستەقینەی ڕۆژنامەوانی و ئازادیی بیروڕا لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکەمەوە" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
لە ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆدا 249 سەرپێچی لە ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر 274 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن خراونەتەڕوو.
لە شیکارییەکەی پەرەگراف بۆ ئامارەکانی 2023ی سەنتەری میترۆ و بەراوردکردنی بە ساڵی پێشتر دەرکەوت کە:
پێشێلکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە بەرزی ماوەتەوە، سەرەڕای کەمبوونەوەی گشتی بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢.
* لە کاتێکدا کۆی ژمارەی سەرپێچیەکان بە ڕێژەی ٤٢.٢% کەمیکردووە، کۆی ئەو ڕووداوانەی کە سەرپێچییەک ڕوویداوە تەنها بە ڕێژەی ٢٠.٤% کەمیکردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە فرێکوێنسیی ڕوودانی پێشێلکارییەکان تەنها کەمێک دابەزیوە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو.
* لە پارێزگای هەولێر ڕوداوەکان زیادی کردووە، سەرەڕای دابەزینی ڕووداوەکان بە گشتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. ئەوناوچانەی کە لە ژێر حکومڕانی پارتی دان، لە ٪٥٠ی سەرجەم ڕووداوەکانی پێکهێناوە. ڕووداوەکان لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی کەمبوونەتەوە.
* هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٦١٪ی هەموو ڕووداوەکان بەرپرسیار بوون. ئەوانەی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون، دووەم خراپترین سەرپێچیکار بوون.
* ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نالیا NRT وەک ئامانجدارترین دەزگای ڕاگەیاندن مایەوە.
- دەزگاکانی سەر بە پارتی و یەکێتی کەمبوونەوەی ڕووداوەکانیان بەخۆیانەوە بینی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسەکانیان.
-
پێشێلکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان؛ لە کوێ ڕوویدا و کێ بەرپرسیار بوو؟