میترۆ: لە یادی ڕۆژنامەگەریدا لە هەولێر و سلێمانی بە كۆمەڵ ڕێگری لە تیمەكانی میدیا دەكرێت

22-04-2024 11:09

پەرەگراف

سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت "لە یادی ڕۆژنامەگەریدا لە هەولێر و سلێمانی بە كۆمەڵ ڕێگری لە تیمەكانی ‏میدیا دەكرێت ڕووماڵی دوو چالاكی بكەن". سەنتەرەكە ڕوو لە بەرپرسانی هەرێمیش دەڵێـت "بە پەیامی ‏پیرۆزباییەكانتاندا بۆ یادی ڕۆژنامەگەری بچنەوە".‏

ئەمڕۆ 22ـی نیسانی 2024، لە یادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی ڕێگری لە ‏تیمەكانی ڕاگەیاندن كرا ڕووماڵی "كۆنگرەیەكی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و گردبوونەوەیەكی ڕۆشنبیران" ‏بكەن.‏

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بڕیار بوو ئەمڕۆ لەبەردەم ‏ئۆفیسی سلێمانیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆشنبیرانی شاری سلێمانی نامەیەكی ناڕەزایی لەسەر ‏سەردانی سەرۆككۆماری توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بدەنە نوێنەرایەتیی پەرلەمان، بەڵام هێزی ‏ئەمنی ڕێگریی لە گردبوونەوەكە و ڕووماڵكردنی كرد، تەنانەت یەك وێنەش بچركێت".‏

ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "هەر ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دیداری ‏نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەچوو، كە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ‏فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان ڕێكیان خستبوو، ڕێگری لە تیمەكانی ڕاگەیاندن كرا بچنە هۆڵی ‏كۆنگرەكە".‏

میترۆ ئاماژە بەوە دەكات كە "ئەم ڕێگرییانە لە تیمەكانی ڕاگەیاندن لە كاتێكدایە كە زۆربەی دەستەبژێری ‏سیاسیی هەرێم لە بروسكەكانیاندا بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی، جەختیان لە پاراستنی ئازادیی كاری ‏ڕۆژنامەنووسی كردەوە".‏

سەنتەری میترۆ وێڕای "سەركۆنەكردن"ـی هەموو جۆرە ڕێگری و جیاوازییەك بەرامبەر پەیامنێرانی ‏كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، داوا لە هەموو ئەو سەركردانە دەكات كە پیرۆزباییان لە ڕۆژنامەنووسان كردووە "بە ‏پەیامەكانیاندا بچنەوە" و دەڵ ێت "وەڵامی پرسیارێكی سادەمان بدەنەوە: ئایا پەیامەكانتان لەگەڵ ئەو ‏ڕەفتارانەی هێزە ئەمنییەكان دەگونجێت؟".‏

ڕێگرییەكان لە ڕۆژنامەنووسان لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی بوو و بەرپرسانی هەرێم ‏پەیامیان بەوبۆنەیەوە بڵاو كردەوە، لە پەیامەكانیاندا جەختیان لە "ئازادیی ‏

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا وتی "داكۆكی لە زەمینە و ‏ژینگەی هاندەر بۆ كاری میدیایی، كارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ ‏جیاوازی و دووركەوتنەوە لە سەپاندنی كۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا دەكەمەوە". وتیشی "دەبێ لایەنە ‏پەیوەندیدارەكان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە كوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كەیسێكی بواری ڕۆژنامەوانیدا ‏بكەن".‏

هاوكات مەسرور بارزانی لە پەیامێكدا بۆ 126هەمین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی دەڵێت "جێی ‏خۆشحاڵی و شانازییە كە ڕاگەیاندنكاران لە هەرێمی كوردستان و لە سایەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بە ‏ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێك، كاری پیشەیی خۆیان دەكەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن و باسكردنی ‏پێشێلكارییەكان و كەم و كورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكومەت".‏

سەرۆكوەزیران دەشڵێت، حكومەت وەك هەمیشە هاوكار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكارانی ‏كوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوكاریی هەموو لایەك، بتوانن كوردستان لە هەموو بوارەكاندا، بەرەو ‏قۆناخێكی پێشكەوتووتر ببەن، "پێویستە میدیاكارانی كوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و ڕێگە ‏نەدەن بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، سووكایەتی بە بەهاكانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان ‏بكرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵك بەكار بهێنرێت".‏

هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران، لە یادی ١٢٦ساڵەی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی كە ‏ڕۆژی ڕۆژنامەگەرییە دەڵێت "ئەركی حكومەت و دەسەڵاتی سیاسییە كێشە و كەموكوڕییەكانی بەردەم ئازادیی ‏كاری ڕۆژنامەگەری چارەسەر بكات، یاساكانی كاری ڕۆژنامەگەری و مافی دەستخستنی زانیاری وەكوو خۆی ‏جێبەجێ بكات و گۆڕانكاری لە شێوازی مامەڵەكردنی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بكات".‏

پێشێلكردنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری كێشەیەكی بەردەوامە لە هەرێمی كوردستان. بەپێی ‏شیكارییەكی پەرەگراف بۆ ئامارەكانی سەنتەری میترۆ بۆ ماف و داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنووسان، لە ساڵی ‏‏٢٠٢٣دا بە تێكڕا هەفتانە پێنج پێشێلكاری ڕوویان داوە.‏

لە ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆدا 249 سەرپێچی لە ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر 274 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ‏ڕاگەیاندن خراونەتەڕوو.‏