هەموان خۆیان لە بەرپرسیارێتیی سێ‌ مووچەكە دەدزنەوە؛ دادگای فیدراڵی چی دەڵێت؟

27-04-2024 07:37

پەرەگراف

سێ‌ مووچە نەدراوەكەی كۆتایی 2023ـی مووچەخۆرانی هەرێم، لە نێوان بەغداد و هەرێمدا یەكلا نابێتەوە هەردوولا دەیخەنە ئەستۆی یەكتر، دادگای فیدراڵییش یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە بە بەرپرسیارێتیی خۆی نازانێت.

لە وەڵامی پەرلەمانتار سۆران عومەردا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕەتی كردەوە ڕوونكردنەوە لەسەر پێنەدانی سێ مووچەكەی ساڵی ٢٠٢٣ـی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدات، بە پاساوی ئەوەی بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی دادگاكەدا نییە ڕوونكردنەوە لەبارەی هۆكاری خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە بدات.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، وەڵامەكەی دادگای فیدراڵی بە "خۆلادان لە بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی سێ مووچەكە" ناو دەبات و دەڵێت "ئێستا پێویستە حكومەتی هەرێم وەڵام بداتەوە".

سێ‌ مووچەی مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2023ـی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش نەكراوە و هەریەك لە حكومەتەكانی هەرێم و بەغداد یەكتر بە بەرپرسیار لە پێدانی ئەو مووچانە دەزانن. ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بە تایبەت سۆران عومەر هەوڵی ساغكردنەوەی ئەو سێ‌ مووچە دەدەن، بەڵام تا ئێستا بێ‌ ئەنجام بووە.

پێشتر ٢٥ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێك داوایان لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە داهاتی نانەوتیی هەرێم ئەو سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە وەڵامدا بۆ بابەتی سێ‌ مووچەكە، پابەندیی خۆی بە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵەكانی (٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥) و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دووپات كردەوە.

سۆران عومەر دەڵێت "بەپێی وەڵامەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، عێراق دانەوەی ئەو سێ مووچە بە ئەركی خۆی نازانێ".

بەپێی نووسراوێك كە ڕۆژی 17-12-2023 پەرەگراف بڵاوی كردەوە، حكومەتی هەرێم بڕیاری دا مووچە نەدراوەكانی مانگەكانی 10 و 11 و 12ـی 2023 پاشەكەوت بكات.

بەپێی نووسراوەكە، بەڕێوەبەرایەتیی ژمێركاری سەر بە وەزارەتی دارایی، داوای لە وەزارەتەكە كردووە گشتاندنێك بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان دەربكات لەبارەی یەكلاكردنەوەی مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە، كە پێویستە لەلایەنی ژمێریاری چارەسەر بكرێت و بە قەیدی ژمێریاری تۆمار بكرێت بە "مووچە شایستە نەدراوەكان".

دواتر حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی 1ی 2024 دابەش كرد و مووچەی مانگی 10ی 2023 و دوو مانگەی دواتریش دابەش نەكران، بەو شێوەیە سێ مووچە نەدراوەكە وەك قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم دەمێننەوە، هاوشێوەی پاشەكەوتەكانی ساڵانی ڕابردوو.