فراكسیۆنی پارتی وەڵامی بەیاننامەی چوار فراكسیۆنە كوردستانییەكە دەداتەوە

02-05-2024 03:45

پەرەگراف

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، وەڵامی بەیاننامەی چوار فراكسیۆنە كوردستانییەكە دەداتەوە و دەڵێت "ئەوانەی ئێستا بەیاننامە دەنووسن، خۆیان باش دەزانن كام لایەنی سیاسی بوو دەیگوت: ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت، ناهێڵین سندووقەكانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت".

فراكسیۆنی پارتی "سەرسوڕمان"ـی خۆی لە بەیاننامەكەی ئەو چوار فراكسیۆنە دەربڕیوە و جەختیش دەكاتەوە كە پارتی بە مەرجی "لەبەرچاوگگرتنی تێبینی و سەرنجەكان"ـی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە.

ڕۆژی سێشەممە 30-4-2024، فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ، كۆمەڵ و یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دژایەتیی خۆیان بۆ هەر هەوڵێكی دواخستنی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.

ئەو فراكسیۆنانە دەڵێن "سێ جار لەسەر خواستی پارتێكی سیاسی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخراوە". ڕایشیانگەیاند "مافی هیچ پارتێكی سیاسی نییە دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازیی خۆی بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع و یاخیبوون لە یاسا و بڕیارەكان بەكار بهێنێت".

ڕاگەیەندراوی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:

بە سەرسوڕمانێكی زۆرەوە، بەیاننامەیەك لەلایەن چەند فراكسیونێك لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەسەر ئەم خالانەی خوارەوە دەكەینەوە :-

1- پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم هێزی سیاسی كوردستان بوو لە رێگای جەنابی سەرۆك بارزانی و لە بەهاری سالی 1991 لە گردبوونەوەیەكی جەماوەری باسی لەوە كرد كە دەبێت شەرعییەتی شۆڕشگێری بگوازینەوە بۆ شەرعییەتی دەستووری و دیموكراسی لە رێگای هەڵبژاردنەوە.

2- لە ساڵی 1992 تا دوایین هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەم بووە و هیچ كات ترسی هەڵبژاردنی نەبووە، چونكە پشت ئەستوورە بە ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتیمان و نیشتمانپەروەرانی كوردستان.

3- پارتی ماوەی دوو ساڵە داوا دەكات هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام هەندێك لایەن و بەتایبەت ئەوانەی ئیستا بەیاننامە دەنووسن، خۆیان باش دەزانن كام لایەن بوو رێگر بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەوەش دەزانن كە كام لایەنی سیاسی بوو دەیگوت ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت ناهێڵین سندووقەكانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و ناهێڵین لە سنووری سلێمانی هەڵبژاردن بكرێت.

4- پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و لە گەڵیشی دەبێت بە مەرجێك ئیرادەی خەڵكی كوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لە داڕشتنی پێش وەختە، ئەو تێبینی و سەرنجانەی پارتی تێبینی نەتەوەیەكن و پارتی لەگەل هەڵبژاردنێكی شەفاف و دوور لەدەستوەردانە .

5- پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنێك بكرێت و مافی سەرجەم پێكهاتەكان پارێزراو بێت و ناكرێت پێكهاتەكان لە توركمان و كلد و ئاشووری لە پەرلەمانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لە پەرلەمانی كوردستان بێبەش بكرێن .

پارتی جەخت لەوە دەكاتەوە زەمینەسازی بكرێت بۆ كردنی هەڵبژاردنێكی شەفاف و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان بەشداریی تێدا بكەن و دووربێت لە سەپاندنی ئیرادە و ئەنجام و دابەشكاریی پێشوەخت.