بانكی تی بی ئای و تیمی هەژماری من لەسەر بەبانكیكردنی مووچە كۆدەبنەوە

04-05-2024 09:17

پەرەگراف

بڕیارە سبەینێ‌ شاندێكی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) بۆ بابەتی بەبانكیكردنی مووچە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و تیمی پرۆژەی (هەژماری من) كۆ ببێتەوە.

میدیای نزیك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "ئامانجی هاتنی شاندەكە و كۆبوونەوەیان لەگەڵ تیمی پرۆژەی هەژماری من، گفتوگۆكردنە لەبارەی چۆنێتیی بەشداریكردنی بانكی تی بی ئای لە پڕۆژەی هەژماری من".

لە نوێترین كاردانەوەدا دەربارەى پرۆژەى هەژمارى من، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بانگەشەی ئەوە دەكات كە نایانەوێت لە بەبانكیكردنی مووچەدا "نە قۆرغكاریی بەغدا هەبێت، نە هی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو بە پێچەوانەوە، دەمانەوێت زۆرترین بژاردە لە بانكە حكومی و ئیسلامی و نیودەوڵەتی و تایبەتەكان بخەینە بەردەستی هاووڵاتییان".

ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "ئامانجی سەرەكیی ئێمە لە پرۆژەی ‎هەژماری من، ئەوەیە كە هاووڵاتییان سەرپشك بن لە هەڵبژاردنی ئەو بانكانەی كە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بكەن"، كە مەبەستی هەڵبژاردنی یەكێك لە بانكەكانی ناو پرۆژەی (هەژماری من)ـە.

ڕۆژی 29-4-2024، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی لەم هەفتەیەدا ‏‏"ڕاستكردنەوەیەك" لەبارەی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەردەكات. ‏بەپێی ڕاستكردنەوەكە بانكەكانی ناو (پرۆژەی هەژماری من)یش مافی ئەوەیان دەبێت هەژماری بانكی ‏بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بكەن،‏ بەڵام تا ئێستا دادگای فیدراڵی هیچ ڕاستكردنەوەیەكی لەوجۆرەی بڵاو نەكردووەتەوە.

هاوکات دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەمڕۆ بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت "دەسەڵاتی كوردی هێشتا پێداگرە لەسەر عینادی و سوورە لەسەر تاڵانكردنی گیرفانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشیان و سەپاندنی هەژماری بەدناوی لەژێر ناوی جیاجیادا".

دەستەكە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ بەبانكیكردنی مووچە بە "ڕزگاربوونی یەكجاری" ناو دەبات، بەڵام دەڵێت "ئەم دەسەڵاتە بە مەبەست نایەوێت بانكەكانی ڕەشید و ڕافیدەین بە كاری تەوتینی مووچە هەستن و لەمپەر و ڕێگریی جۆراوجۆر دروست دەكەن".

"دەستەكەمان پشتئەستوور بە ئیرادەی خۆپیشاندەران و مووچەخۆران، دژی سەرجەم پیلانگێڕی و ڕێككەوتنە ژێربەژێرەكانی دەسەڵاتی كوردی لەگەڵ ئەو هێزە عێراقییانەی موجامەلە و هاوكاریانن لەو كارە نەگریس و دژ بە یاسایەدا دەوەستێتەوە"، دەستەی داكۆكی وا دەڵێت.

هەروەها دەستەكە جەختی كردووەتەوە كە "مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان، تەنها و تەنها بە تەوتینكردنی مووچە لە هەردوو بانكی ڕەشید و ڕافیدەین ڕازی دەبن و سەرجەم بانك و هەژمارەكانی تری دوكانە سیاسی و بازرگانییەكان ڕەت دەكەنەوە".

دەستەی داكۆكی لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەڕەشەی ئەنجامدانی "گەورەترین" خۆپیشاندان دەكات و دەڵێت "هەموومان بەیەك دەنگ ڕایدەگەیەنین كە ئامادەین ئەم پیلانگێڕییەی دەسەڵات لەگۆڕ بنێین و گەورەترین ناڕەزایی لەسەر شەقامەكان پیشانی ناوخۆ و عێراق بدەین".