حکومەتی هەرێم دەستبەرداری پڕۆژەی هەژماری من دەبێت؟

08-05-2024 05:25

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری پڕۆژەی هەژماری من بووبێت لە بەرامبەر تەوتینی مووچە لە بەغداوەو دەڵێت، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی کە بانکێکی حکومییە هاتووەتەناو هەژماری من، بەڵام ئەو بانکە بەبێ باسکردن لە هەژماری من ڕایگەیاند، بەشداری لە پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری هەژماری من نابێت و نووسراوەکەی مەسرور بارزانی بۆ محەمەد شیاع سوودانی کە باسی بەشداریی بانکی تی بی ئای دەکات لە تەوتینی مووچە، ڕەزامەندی پیشاندانە لەسەر داوایەکی تی بی ئای تابێتە ناو پڕۆژەی هەژماری من، بەکارهێنانی وشەی تەوتین لە نووسراوەکەی مەسرور بارزانی دا مەبەستی بەبانکیکردنی مووچەیە کە بە عەرەبی تەوتینی پێدەڵێن و ئەو وشەیە بۆ پڕۆژەی هەژماری منیش بەکاردێت و هاوواتان".

پێشتر لە ٣٠-٤-٢٠٢٤ مەسرور بارزانی نووسراوێکی ئاڕاستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە تێیدا ڕەزامەندیی حکومەتی پیشانداوە بانکی تی بی ئای بەشداریی لە بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم بکات و وشەی تەوتینی بۆ بەکارهێناوە، ئەوەش لای هەندێک خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت ڕازی بوون بێت بە تەوتینی بەغداد نەک چوونەناو هەژماری من لەلایەن تی بی ئای، بەڵام بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێم ئەوەی ڕەت کردەوە.

هاوکات ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم و تیمی (هەژماری من) لەم هەفتەیەدا، چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی بانكی عێراقی بۆ بازرگانی ئەنجام داوە و گفتوگۆ لەبارەی میكانیزم و پێداویستییەكانی كردنەوەی هەژمارەكان و پرۆسەی دروستكردنی كارت و بڵاوكردنەوەی ئامێرەكانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا كراوە.

وەزارەتی دارایی دەشڵێت "بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین كە بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات، هاوتا لەگەڵ شەش بانكی دیكەی پێشەنگی عێراق، بژاردەیەكی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانكی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت".

بەر لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایش، بانكی تی بی ئای ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا بەشداریی خۆی لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، بەڵام بە هیچ جۆرێك باسی پرۆژەی (هەژماری من)ـی نەكردووە.

تی بی ئای دەڵێت، وەكو پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەربارەی بەشداریكردنی بانكەكەیان لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەفدێكی تایبەتمەندی بانكی بازرگانی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی لقی هەولێری بانكەكە، لەگەڵ وەفدێكی تایبەتمەند لە حكومەتی هەرێم لە هەولێر كۆبووەوە.

كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ بووە دەربارەی میكانیزمی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بانكی تی بی ئای و، شاندی تی بی ئای بۆ حكومەتی هەرێمی ڕوون كردەوە كە پڕۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، جێی بایەخی زۆرە لای محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كەسیی بە دواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكات.

بانكی تی بی ئای دەشڵێت، چاوەڕێیە حكومەتی هەرێم لیستی ناو و بەڵگەنامەی ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ بنێرێت كە مووچەكەیان لە بانكی تی بی ئای بەبانكی دەكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەكە بكرێت.

هەرلەسەر پرسی تەوتین و هەژماری من، سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق نووسراوەکەی مەسرور بارزانی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت "ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاوی کردووەتەوە، ڕاست نییەو تی بی ئای کە بانکێکی حکومییە، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی تەوتین بۆ ٩٠٠ هەزار مووچەخۆر لە هەرێم دەکات و، ئەو شەش بانکەی هەژماری من کە هەژماریان بۆ مووچەخۆران کردووەتەوە، دەبێ ڕاوەستن و تی بی ئای تەوتین دەکات و دواتر دەبێ ئەوانیش بچنەسەر تەوتین".

ئەو پەرلەمانتارە داوایش لە حکومەتی هەرێم دەکات کە "بەڵگەی مووچەخۆران ڕادەستی TBI بکەن و داهاتی ناوخۆ تەسلیم بکەن، با مووچەی مانگی چوار لەوە زیاتر دوانەکەوێت".

بەڵام هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لەسەر هەمان بابەت دەڵێت، پوختەی نووسراوەکەی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە دەڵێت بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکومی عێراقی بەشدار دەبێت لەو تەوتینەی حکومەتی هەرێم دەیکات واتە پڕۆژەی هەژماری من.

هۆشیار عەبدوڵا جەخت دەکاتەوە کە هەرێم دەستبەرداری پڕۆژەی هەژماری من نەبووەو دەشڵێت، تەوتین و هەژماری من هەردوکیان بەبانکیکردنی مووچەیە، "بەڵام ئێمە پێمان وایە وەک بڕیارەکەی دادگا لە رێگای بانکە فیدڕاڵیەکانەوە بکرێ بە سەرپەرشتی حکومەتی عێراقی زامنی ئەوەی زیاتر تێدایە مووچەی خەڵک لە کێشەکانی داهاتی نەوتی و نانەوتی نێوانی هەولێر بەغدا بەدوور بێت".

پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی لە جێبەجێکردندایەو بەپێی ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوەو بەشێک لەو فەرمانبەرانە ئێستا مانگانە لەڕێی کارتی بانکییەوە مووچەکانیان وەردەگرن و شەش بانک لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و سەرجەمیان بانکی فەرمین و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەپێکراون.

حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ڕازیكردنی بەغداد بەوەی كە هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەناو پرۆژەی "هەژماری من" بکرێتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم هەڵمەتێکی فراوان دژی پڕۆژەکە بەڕێوەدەچێت لەلایەن بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانتارانی ئێستاو پێشو و چالاکوانان، پاساوەکەشیان ئەوەیە، ئەگەر مووچە لە بانکە فیدراڵییەکانەوە بدرێت "پارێزراوترو مسۆگەرە کە نابێتەوە بە بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد".