وەزارەتی تەندروستی داوای داخستنی ئەو پەیج و ئەکاونتە ساختانە دەکات کە ڕیکلام بۆ دەرمان دەکەن

11-05-2024 02:25
بەشێک لەو دەرمانانەی پێشتر لەلایەن کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی هەرێم داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد، ڕێکاری پێویست بۆ داخستنی ئەو پەیج و ئەکاونتە ساختانە بگرێتەبەر کە ڕیکلام بۆ بابەتی بەناو گیادەرمانی و جوانکاری و بەهێزکردنی حەزی سێکسی دەکەن.

وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی زانیارییەکانی ئەو پەیجانە دوورن لە پرەنسیپی پزیشکی و دەرمانسازی و زیان دەگەیەنن بە لایەنی تەندروستی و ئابوریی مرۆڤ.

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف، ڕۆژانە دەیان کەس لە هەرێمی کوردستان دەبنە قوربانیی ئەو دەرمان و چارەسەرییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ریكلامیان بۆ دەكرێت.

ریكلامەكان كە پشت بە هیچ رونكردنەوە و زانیارییەكی پزیشكی و زانستی نابەستن؛ تایبەتن بە حەب و گیراوەی روكی یان كرێم و دەرمانی سروشتی و قاوە و خواردنەوە، بەناوی خۆلاوازكردن یان قەڵەوكردن، یاخود گەورەكردنی ئەندامێكی جەستە هەروەها بانگەشەی چارەسەری لاوازی سێكسی و دەیان جۆری دیكەی نەخۆشی و گرفتی تەندروستی دەكەن.

ئەوەش لە كاتێكدایە بەبڕیاری فەرمی وەزارەتی تەندورستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنلاین بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، ئەگەر تەنانەت فرۆشتنی دەرمانەكە لەلایەن دەرمانخانەیەکەوە بێت کە مۆڵەتی هەیە.

بەكارهێنەری زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان هەن؛ كە هەزاران پەیج دوور لە چاودێری و لێپرسینەوە كراونەتەوە، لە نێویاندا فرۆشیاری ئۆنلاین، هەر لەڕێی تەلەفۆن یان نامەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، داواكاری كڕیار وەردەگرێت و دەرمانەكە بۆ دەگەیەنێت بۆ ئەو شوێنەی كڕیار دیاریدەكات، لەوێش پارەی دەرمانەكە وەردەگرێت، ئەو جۆرە مامەڵە هیچ رەچەتەیەكی پزیشكی یان پسوڵە و رێكارێكی رەسمی تێدانییە.

 

دەرمانی ئۆنلاین؛ ژیانی خەڵك دەشێوێنێت