بافڵ تاڵەبانی: هەرگیز گازەکەیان ڕادەست ناکەم، سیاسەتی سەقەتی نەوت نابێت دووبارە ببێتەوە
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کۆیە دژایەتی بۆ پڕۆژەی هەژماری من ڕاگەیاندو داوای لە خەڵک کرد بەشداریی ئەو پڕۆژەیە نەکەن، وتیشی، هەرگیز گازی چەمچەماڵ ڕادەست ناکات.
سەرۆکی یەکێتی وتی "قەت گازەکەیان تەسلیم ناکەم، هی میللەتە هی گیرفانی کەس نییە، ئەو سیاسەتە سەقەتەی بەکاریان دەهێنا بۆ نەوت نابێت بۆ گاز دووبارە ببێتەوە".
تاڵەبانی کە بەردەوام دروشمی "کۆتایی پێدەهێنین و هەر بە ئێمە دەکرێت"ی دەگوتەوە، لەبارەی پرۆژەی هەژماری من بۆ دابەشکردنی مووچە وتی "نە هەژمارەی منە نە هەژماری ئێوەیە، هەژماری مەسرورە با ڕاستگۆبین، لەمەشدا دەیانەوێت پارەی ئێوە بخۆن و خوێنی ئێوە بمژن".
"ئەو هەژماری مەسرورە هیچ سوودی نییە بۆ ئێمەو مەیکەن، بڕۆن تەوتین بکەن" بافڵ تاڵەبانی وای وت.
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی چاڵنجی دیبەیت لەگەڵ مەسرور بارزانی، وەڵامی پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی دایەوە کە گوتبووی "ئەگەر بێنە هەولێر لەوانەیە تەوقەیەکی دیکەت لەگەڵ بکات"، بافڵ تاڵەبانی وتی "هەی حوشتر ئەمە خۆشەویستتان ناکات، بەم فشەو لوتبەرزییە ئێوە خۆشەویست نابن. من ئەزانم کاک مەسرور پیاوێکی ترسنۆک نییە، وەرە با دیبەیت بکەین بزانین بەرنامەی کاممان بۆ کوردستان باشترە".
لەباسکردنی پرسی گازدا، بافڵ تاڵەبانی مەبەستی کێڵگەی کۆرمۆرە کە گەورەترین کێڵگەی گازیی هەرێمی کوردستانەو گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان دابیندەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھەمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.
كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی کە کار لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات، کێڵگەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک و درۆن ھێرشی کراوەتەسەرو ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون، دواینیان ڕۆژی 26-4-2024 بوو کە بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەکەو بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەست دا کە یەمەنی بوون.
عێراق چاوی لە گازی کۆرمۆرە تا پشتی پێ ببەستێت و پێویستی بە گازی ئێران نەمێنێت بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، هاوکات تورکیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پارتی هەیە بە تایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چاوی لە گازی ئەو کێڵگەیەو ئەو دۆسیەیە بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی سەرەتای ساڵی ڕابردووی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە.
هەر بە ئامانجی گواستنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر و هەناردەکردنی بۆ تورکیا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی گازەکەی بۆ تورکیا دەستپێکرد، ئەوەش یەکێتی نیگەران کردو بە ئاشکرا دژی وەستایەوە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، دوو ساڵ لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، تیشکی خستەسەر ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرتی وزەو هەماهەنگیی و نزیکبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ بەغداد بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە شوبانی ٢٠٢٢دا یاسای نەوت و گازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغداد بکرێت.
بافڵ تاڵەبانی بە ڕوونیی پەردەی لەسەر ناکۆکییەکانیان لەگەڵ پارتی لادا لەبارەی پڕۆژەی دروستکردنی بۆریی هەناردەی گازی سروشتی کێڵگەی کۆرمۆر کە درا بوو بە کۆمپانیای کارگروپ نزیک لە پارتی، سەرۆکی یەکێتی بە شەخسیی دژی ئەو پڕۆژەیە وەستایەوەو وتی: بەبێ هیچ پڕۆسەیەکی تەندەر پێی دراوە.