پەرەگراف
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کە لە پشکی گۆڕان لەو پۆستانەدان، ڕەتی دەکەنەوە پابەندی بڕیاری بزووتنەوەکەیان بن بۆ کشانەوە لە حکومەت.
دانا عەبدولکەریم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت پوچەڵەو کاری پێناکرێت. تەنها جڤاتی هەڵبژێردراوی گۆڕان مافی بڕیاردانی هەیە".
وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتیشی "لە 9-10-2024 کۆبونەوەیەک کراوە بە ناوی جڤاتی نیشتمانییەوە، دوو بڕیاریان داوە هەردوو بڕیارەکە پوچەڵەو کاری پێناکرێت. جڤاتی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێک بدات من پابەند دەبم پێوەی. بەدەر لە جڤاتی هەڵبژێردراو هیچ کەسی تر مافی نییە بە ناوی گۆڕانەوە بڕیار بدات".
"هەموو رازی بوین دانا ئەحمەد مەجید بە رێکاری دەستوری و یاسایی ببێتە رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان، بەهۆی ئەو وەکالەتە نایاساییەوە گرفتەکان تەقییەوە کە عومەر سەید عەلی بۆ دانای رێکخەر کردییەوە" دانا عەبدولکەریم وای وت.
بزووتنەوەی گۆڕان لە 10-10-2024 بە سەرۆکایەتی دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری نوێی بزووتنەوەکە بڕیاری دا بە كشانەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆرینەی وەزیرو بەرپرسانی گۆڕان پابەندی بڕیارەکەن بۆ کشانەوە، جگە لە دانا عەبدولکەریم و هەڤاڵ ئەبوبەکر.
ڕۆژێک دوای بڕیارەکە هەڤاڵ ئەبوبەکر لە ڕوونکردنەوەیەکدا پابەندنەبوونی بە بڕیارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کشانەوە لە حکومەتی خۆجێی ڕاگەیاند و ئامادەنییە واز لە کورسیی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بهێنێت کە لە 2017وە لەو پۆستەدایە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر بێبەریبوونی خۆی لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند و ئەوە دەخاتەڕوو دووجار داوای بەخشینی لە پۆستەکەی کردووە(2021و 2022)، بەڵام حکومەت داواکەی پەسەند ناکات.
وتیشی "بۆ جاری سێیەم و کۆتایی؛ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخشینمان لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات. بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت، یان ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا".
گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بە چوار وەزیر (وەزیرى دارایى - ئاوات شێخ جەناب، دانا عەبدولکەریم - وەزیرى ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، کوێستان محەمەد - وەزیرى كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، کەمال موسلیم - وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى) و چەندین پۆستی دیكە بەشداریی كردووە، ئەمە جگە لە پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم کە مستەفا سەیدقادرە.
بڕیاری كشانەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی دانا ئەحمەد مەجید، ڕێكخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕاندایە بۆ نوێكردنەوە و هەستانەوەی بزووتنەوەكە.
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییەی تێیكەوتووە، بڕیاری گۆڕانكاریی داوە و لە یەكەم هەنگاویشدا دانا ئەحمەد مەجید، سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانی دوای 10 ساڵ دووركەوتنەوە بۆ ئەورووپا، گەڕاندەوە هەرێم و وەكوو ڕێكخەری گشتیی نوێ دیاری كرد.
دانا ئەحمەد مەجید كە لە ڕۆژی 28-9-2024 لە مەراسیمێكدا لە سلێمانی لەلایەن عومەر سەید عەلییەوە دەسەڵاتەكانی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی بە وەكالەت ڕادەست كرا، ڕۆژێك دواتر لە یەكەم پەیامیدا ڕایگەیاند كە "گۆڕان دەگەڕێنینەوە بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێك بێت، بەشداری لە حكومەتدا ناكەین".