گۆڕان: هەر وەزیرێك نەكشێتەوە، پەیوەندیی بە گۆڕانەوە نامێنێت

13-10-2024 12:22

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت "هەر وەزیرێك، بە هەر بیانوو و پاساوێك، بڕیاری كشانەوە لە پۆستی وەزاری نەدات، پەیوەندیی ڕێكخراوەیی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نامێنێت".

بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێك دەڵێت، لە كۆی "شەش پۆستی سیاسی، پێنجیان پابەندییان بە بڕیاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەربڕیوە".

وەكوو گۆڕان ئاماژەی پێ‌ كردووە، هەریەك لە "جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و پارێزگاری سلێمانی" بە بڕیاری كشانەوە لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێیەوە پابەند بوون.

بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى بزووتنەوەى گۆڕان، دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تاکە بەرپرسى گۆڕانە کە بە بڕیارى کشانەوەوە پابەند نەبووە.

"دوابەدوای بڕیاری كشانەوەمان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی، بەپیرەوەهاتنی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان؛ دەرخەری ڕاستی و دروستیی ئەم هەڵوێستەیە، كە خەڵك دەیەوێت و خەڵكیش خاوەندارێتی دەكات"، بزووتنەوەی گۆڕان وا دەڵێت.

شەوى 10-10-2024، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەوەکالەت، لە پەیامێکدا کشانەوەی گۆڕانی لە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێیی ڕاگەیاند و وتی "بڕیارەکه لە کۆبوونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە زۆرینەی دەنگ دراوە".

لە دواى بڕیارەکە، زۆرینەى بەرپرسانى گۆڕان پابەندییان بە بڕیارەکەوە ڕاگەیاند و لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم و حکومەتى خۆجێیى کشانەوە، بەڵام دوێنێ 12-10-2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە پشکى گۆڕان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتی "لە 9-10-2024 كۆبونەوەیەك بە ناوی جڤاتی نیشتمانییەوە كراوە، دوو بڕیاریان داوە کە هەردوو بڕیارەكە پووچەڵن و كاریان پێ ناكرێت".

دانا عەبدولکەریم وتیشى "جڤاتی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێك بدات، من پابەند دەبم پێوەی. بەدەر لە جڤاتی هەڵبژێردراو، هیچ كەسێکی تر مافی نییە بە ناوی گۆڕانەوە بڕیار بدات".

بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییەی تێیكەوتووە، بڕیاری گۆڕانكاریی داوە و لە یەكەم هەنگاویشدا دانا ئەحمەد مەجید، سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانی دوای 10 ساڵ دووركەوتنەوە بۆ ئەورووپا، گەڕاندەوە هەرێم و وەكوو ڕێكخەری گشتیی نوێ‌ بەوەکالەت دیاری كرد.

دانا ئەحمەد مەجید كە لە ڕۆژی 28-9-2024 لە مەراسیمێكدا لە سلێمانی لەلایەن عومەر سەید عەلییەوە دەسەڵاتەكانی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی بە وەكالەت ڕادەست كرا، ڕۆژێك دواتر لە یەكەم پەیامیدا ڕایگەیاند كە "گۆڕان دەگەڕێنینەوە بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێك بێت، بەشداری لە حكومەتدا ناكەین".

دانا عەبدولکەریم وای دەڵێت "هەموو رازی بووین دانا ئەحمەد مەجید بە رێکاری دەستووری و یاسایی ببێتە رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان، بەهۆی ئەو وەکالەتە نایاساییەوە گرفتەکان تەقییەوە کە عومەر سەید عەلی بۆ دانای رێکخەر کردییەوە".

بەپێی نووسراوێکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بەر لە مەراسیمى دەستاودەستکردنى پۆستى ڕێکخەرى گشتیى گۆڕان، عومەر سەیدعەلى بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە وەکالەتنامەی بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردەوە کە بۆ ماوەى شەش مانگ کارەکانى ڕێکخەرى گشتیى گۆڕان بەڕێوە ببات. بەپێی ڕێنماییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن، دەبێت لەو ماوەیەدا دەستووری ناوخۆیی گۆڕان و کارەکانى بزووتنەوەکە رێکبخرێنەوە.

بزووتنەوەى گۆڕان لە ماوەى ڕابردوودا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، کە بەرەى عومەر سەیدعەلى و کوڕانى نەوشیروان مستەفا بوون، ئەو دوو بەرەیە بۆچوونى جیاوازیان لەسەر گۆڕانکارییەکانى ناو بزووتنەوەکە هەبووە، تا کار گەیشتە ئەوەى کوڕانى نەوشیروان مستەفا چەند هەفتەیەک دەرگاى گردى زەرگەتە کە مەکۆى سەرەکیى گۆڕانە، بەسەر بەرەکەى دیکەدا دابخەن، ئەوەش بە تەواوى بزووتنەوەکەى بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد و بەرەى عومەر سەیدعەلیى ڕێکخەرى پێشوو و دانا ئەحمەد مەجیدى ڕێکخەرى نوێ، بارەگایەکى نوێیان بۆ مەکۆى بزووتنەوەکە لە سلێمانى کردەوە و ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە گردەکە.