پەرەگراف
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە چەند دۆسیەیەک تاوتوێ کراون، یەکێک لەوانە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە کە تورکیا بایەخێکی زۆری پێدەدات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کردووە، "کە یارمەتیدەری پەرەسەندنی ئابووری هەموو ناوچەکە دەبێت و ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە سەقامگیری و برایەتی بۆ ناوچەکە و جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەسوود دەبێت".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ٢٠ی ئۆکتۆبەر ئەنجام دەدرێت، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، ئەردۆغان هیوای خواستووە هەڵبژاردنەکە ببێتە "مایەی خێر"و ڕاشیگەیاند "لەو بڕوایە دایە ئەو هەڵبژاردنەی کە بەرەی تورکمانی عێراقیش تێدا ڕکاربەری دەکات، بە ئاشتی و ئارامی و ڕوانگەیەکی فرەڕەهەند بەڕێوە دەچێت".
لەبارەی دۆخی ناوچەکەش، ئەردۆغان باسی لەوە کردووە کە مەترسی هەیە هێرشکاریی ئیسرائیل هەموو ناوچەکە بگرێتەوە، وتیشی "سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە بۆ تورکیا زۆر گرنگە و پێزانینی خۆشی بۆ هەوڵی بەرپرسانی عێراقی کە دەیانەوێت جەنگەکە لەو وڵاتە دور بکەوێتەوە دەربڕی".
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە لەکاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە لە تەشەنەسەندان بەهۆی شەڕی غەززەو شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنان و ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران.
لەناوخۆی توکیاش دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد بابەتێکی گەرمی ڕۆژە، بەڵام سەرۆکایەتی تورکیا لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی هیچ ئاماژەیەکی بەم پرسە نەداوە.
پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان چییەو بۆ گرنگە؟ بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف لەوبارەیەوە