گومانی 'دیزاینی دەرەكی' بۆ هەڵبژاردن؛ ئەنجامەکان حەوت حیزب و كاندیدە سەربەخۆكانى شۆک کردووە
پەرەگراف
حەوت حیزب ڕەخنەی جدى لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەگرن و گومانیان هەیە ئەوەی بڵاوكراوەتەوە دەنگی ڕاستەقینەی ئەوان بێت. زۆرینەى ئەو لایەنانە دەڵێن "ساختەكاری" كراوە و باس لە "دیزاینی دەرەكی" بۆ هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی "ژمارەیەك حیزب"ـی دیكە دەكەن. كاندیدە سەربەخۆكانیش هەمان بۆچوونیان هەیە و پێیان وایە دەنگەكانیان لە هەزارانەوە كراوە بە سەدان دەنگ.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش لە ڕێگەى پەرەگرافەوە پەیام ئاڕاستەی ئەو لایەن و کاندیدانە دەکات و دەڵێت "لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆمیسیۆن داوایان لێ دەکات سەردانی نووسینگەکانی ناوچەکانی خۆیان بکەن و سەرجەم دەنگەکانیان وەربگرنەوە، هەروەها وێنەی فۆرمی دەنگدانەکە و ئەو شریتەشیان پێ دەدرێت کە دەنگی هەر وێستگەیەکی لەسەرە و دەتوانن بەراوردی بکەن بزانن چەند دەنگیان هێناوە".
ئەنجامی بەرایی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، زۆرێك لە لایەنەكان و كاندیدەكانی تووشی شۆك كردووە. هەندێك لەو كاندیدانە باس لەوە دەكەن كە تەنانەت دەنگەكانی "خۆمان و خێزان و كەسوكارمان" بۆ نەگەڕاوەتەوە.
بەڵام سێ لایەنی سەرەكیی براوەی هەڵبژاردن كە پارتی، یەكێتی و نەوەی نوێن، لە ئەنجامەكان ڕازین و بە "سەركەوتنی گەورە"ـی خۆیانی دەزانن. مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پرۆسەكە بە "سەركەوتوو" وەسف دەكات، پارتی و نەوەی نوێش ئەگەرچی ڕاگەیەندراوی فەرمییان نەبووە، بەڵام لە ئاستی میدیا و بەرپرسانی باڵایاندا باس لە سەركەوتنی خۆیان دەكەن.
نوێترین هەڵوێست هى بزووتنەوەی گۆڕانە، کە ئێوارەى ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا وتى "ئەنجامی ڕاگەیەندراو لە لایەك لە ئاست چاوەڕوانیمان نەبووە، لە لایەکی دیکەش سەرنج و تێبینیمان لەسەر ئەو دەرئەنجامانە هەیە".
گۆڕان گومانى لە "ڕێژەی بەرزى دەنگی پووچەڵکراو" هەیە و پێى وایە "گومان لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات". گۆڕان دەڵێت "بەتایبەت کە ڕێگەنەدراوە لە بنکەکانی دەنگدان، بریکارەکانمان ڕووی پێشەوەی پەڕاوی پووچەڵی دەنگدان ببینن و تەنیا مۆری پووچەڵبوونی پشتی پەڕاوی دەنگدانەکە نیشان دراوە".
بزووتنەوەى گۆڕان داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات کە "بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان و دڵنیابوونەوە و بەراوردکردنی دەرئەنجامەکان، ئەنجامەکان بە ئەلیکترۆنی ڕادەستی لایەنەكان بکات". دەشڵێت "لە کۆتاییدا، چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایین بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دەرئەنجامەکان بدەین".
ئێوارەی دوێنێ 22-10-2024، چوار حیزب كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و پێكەوە ڕێككەوتن لەسەر كۆكردنەوەی "بەڵگەكانی ساختەكاری" لە هەڵبژاردن و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی.
هەرچوار لایەنی هەڵوێستی نیشتمانی، بەرەی گەل، كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی پاش كۆبوونەوە لە بارەگای ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی، ڕایانگەیاند "ئەو دەنگانەی بۆمان هاتووەتەوە، دەنگی ڕاستەقینەی ئێمە نییە".
نوێنەری بەرەی گەل لە كۆبوونەوەكە، سەرباری ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، بۆ میدیاكان وتی "بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش ئێمە هۆشداریمان لەبارەی هەندێك جووڵەی نائاسایی گەیاندووەتە كۆمیسیۆن".
ئەمە لەكاتێكدایە كە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل، لە پەیامی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنیشدا ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕەت نەكردەوە و بە هیچ شێوەیەك باسی لە بوونی ساختەكاری نەكرد.
بەر لەو چوار حیزبەش، بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، ڕایگەیاند "ساختەكاریی بەرنامەبۆداڕێژراو بە پاڵپشتیی وڵاتانی هەرێمی و ڕازیبوونی چەند حیزبێك" ئەنجام دراوە.
كۆمەڵی دادگەریی كوردستانیش دوێنێ 22-10-2024، لە ڕاگەیەندراوێكدا بە فەرمی ئەنجامی هڵبژاردنی ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند "پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سەرمان سوڕما و هەرگیز ئەو ڕێژە دەنگە كەمە هی ئێمە نین".
ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری دەڵێت "ئێمە ئەو ئەنجامە ڕەت دەكەینەوە و لای خۆمانەوە بەدواداچوونی ورد دەكەین لە شێوازی ساختەكارییەكانی ئەم هەڵبژاردنە و بەڵگەكان كۆدەكەینەوە و سكاڵا تۆمار دەكەین، دڵنیاین ئەو دەنگانە بەدەر لە ئیرادەی دەنگدەر دیزاین كراون".
ناڕازیبوون لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، تا ئاستی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی حیزبەكان هەڵكشاوە. ئارام قادر، سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی، دەستلەكاركێشانەوەی ڕاگەیاند و وتی "دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامە دیزاینكراوەكەی هەڵبژاردن، بڕیارم دا دەست لە پۆستی سەرۆكایەتیی هاوپەیمانیی بكێشمەوە".
هەندێك پێیان وایە ساختەكاری لە بەرژەوەندیی دوو حیزب و هەندێك پێیان وایە لە بەرژەوەندیی سێ حیزب كراوە، بۆ ئەوەش باس لە بوونی بەڵگە دەكەن، بەڵام هێشتا بەڵگەکان بە تەواوى ڕوون نین و پێویستى بە لێکۆڵینەوەى ورد بۆ یەکلاکردنەوەیان هەیە.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، دەڵێت "ئەم هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندیی سێ لایەن دەستكاری كراوە. سەدان دیكۆمێنتمان ئامادە كردووە و ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر".
"كاندیدمان هەیە خۆی و حەوت كەسی خێزانی لە بنكەیەك دەنگیان داوە، سفر دەنگمان بۆ هاتووەتەوە. كاندیدمان هەیە خۆی 13 كەسی خانەوادەكەی لە بنكەیەك دەنگیان داوە، سێ دەنگی بۆ هاتووەتەوە، چەندین حاڵەتی دیكەی لەوشێوەیەمان هەیە"، عەلی حەمەساڵح وا دەڵێت.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەندین كاندیدی سەربەخۆیش لە كۆنگرەی ڕۆژناماوانیدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنیان ڕەت كردووەتەوە. لە دەیان كاندیدی سەربەخۆ، هیچ كامیان نەیانتوانیوە دەنگی پێویست بۆ گەیشتنە پەرلەمان بەدەست بهێنن، بە پێچەوانەوە زۆرینەیان كەمتر لە 100 یان شتێك زیاتر دەنگیان بەدەست هێناوە.
تاریق فایەق، كاندیدی سەربەخۆ، دەڵێت "بەپێی بەدواداچوونی خۆم، زیاتر لە پێنج هەزار دەنگم بەدەست هێناوە، بەڵام كۆمیسیۆن 82 دەنگی بۆ ڕاگەیاندووم". هەروەها كاندیدێكی دیكەی سەربەخۆ دەڵێت "ژمارەی دەنگەكانم زیاتر لە شەش هەزارە، بەڵام 100 و شتێك دەنگیان بۆ داناوم". تاڵب دارا كە كاندیدێكی دیكەی سەربەخۆیە دەڵێت "لەو ناوەندەی كە خۆم و خێزانەكەم دەنگمان داوە، 12 كەسی دیكەی نزیكی خۆم دەنگیان پێ داوم، بەڵام سێ دەنگم بۆ هاتووەتەوە".
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەم ڕۆژانەدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت و سێ ڕۆژ دەرفەت دەداتە كاندید و حیزب و لایەنەكان كە تانە لە ئەنجامەكە بدەن.
سكاڵاكانی سەر هەڵبژاردن، لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە كە لە سێ دادوەر پێكد دێت، دەبرینرێن و بڕیاریاریان لەبارەوە دەدرێت.
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەت بكاتەوە، بە پێچەوانەشەوە پەسەندكردنی كۆتایی ئەنجامەكە لەلایەن دەستەكەوە دەبێت.