یەکێتی لە بەغدا لەسەر 'ڕێگریکردن لە (تەوتین) و سەپاندنى (هەژماری من)' سکاڵای تۆمار کرد

31-10-2024 01:24

پەرەگراف

یەکێتی لە بەغدا لەسەر "ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنى (تەوتین) و سەپاندنى پرۆژەى (هەژماری من)" بەسەر مووچەخۆرانى هەرێمدا، سکاڵای تۆمار کرد.

بەپێى میدیاى یەکێتى، سکاڵاکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-10-2024، لە ڕێگەی تیمێکی یاسایی و ئەندامانی یەکێتى لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دادگای  لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا تۆمار کراوە.

ئەم سکاڵایەى یەکێتى پاش ئەوە هات کە دوێنێ بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى، لە پەراوێزى دیدارى میریدا بە میدیاکانى وت "هەژمارى من لە هیچ شوێنێک نەماوە".

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی هەژماری من ڕایگەیاند "پرۆژەی هەژماری من لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر ‏جێبەجێكردنی دراوە كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەیرانیش بەشدار بووە و ‏بە كۆی دەنگ بڕیارەكە دراوە".‏

بافڵ تاڵەبانى لە وەڵامى وەزارەتى داراییدا دەڵێت "بڕیار لە حکومەتدا بە دەنگدان دەکرێت. پرۆسەى هەژمارى من نەخراوەتە دەنگدانەوە، تەنیا پێشکەش کراوە و باس کراوە، دەنگى لەسەر نەدراوە".

"بڕیارى دادگاى فیدراڵى هەیە و کار بەوە دەکرێت. خەڵک ئازادە، بۆ خۆت نەتوانى بانکى خۆت هەڵبژێریت؟ بۆ دەبێت ناچار بکرێیت بڕۆى بۆ ئێرە و ئەوێ؟ لە چ وڵاتێک ئەمە هەیە؟"، سەرۆکى یەکێتى واى وت.

ڕۆژى ٢٨ـى ئەم مانگە وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم بە نووسراوێک هۆشداریی دایە بانکە بازرگانییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کە هەر بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێک ئاستەنگ و ڕێگری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هەژماری من دروست بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئاوات جەناب دەڵێت "هەژمارى من پرۆژەیەکى سەرتاسەریى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و لەلایەن سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە پەسەند کراوە، پێویستە وەکوو خۆى لە سەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت".

یەکێتى کە پێشتر بە ئاشکرا ڕێگەى بە پرۆژەى هەژمارى من لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆى داوە و تەنانەت فۆرمى پرۆژەکەى بە هێزە ئەمنى و هێزەکانى پێشمەرگە پڕ کردووەتەوە، ئێستا بە بڕیارێکى نوێ دژى پرۆژەکە وەستاوەتەوە و میدیاکانى دەڵێن کە کارى تیمەکانى پرۆژەى هەژمارى من لە سنوورى سلێمانى ڕاگیراوە.