پەرەگراف
وەزارەتی تەندروستی هەرێم هۆشداریی دەداتە فەرمانبەران و دەڵێت: هەر فەرمانبەرێک کەمتەرخەم و سەرپێچیکاربێ و بەربەست بۆ 'هەژماری من' دروست بکات سزا دەدرێت.
وەزارەتەکە نووسراوێکی ئاڕاستەی بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکانی تەندروستی کردووە، داوایان لێدەکات کاری پێویست بکەن بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پرۆژەی 'هەژماری من'.
بەردەوامیی هۆشداریی وەزارەتەکان لەبارەی هەژماری من دوای ئەوە دێت، یەکێتی بە فەرمی ئەو پڕۆژەیەی ڕەت کردەوەو کارپێکردنی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگرت.
هاوکات دوێنێ یەکێتی لە بەغدا لەسەر "ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنى (تەوتین) و سەپاندنى پرۆژەى (هەژماری من)" بەسەر مووچەخۆرانى هەرێمدا، سکاڵای یاسایی لە دادگای کەرخ تۆمار کرد.
ئەو سکاڵایە پاش ئەوە هات کە بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى، لە پەراوێزى دیدارى میریدا بە میدیاکانى وت "هەژمارى من لە هیچ شوێنێک نەماوە".
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی هەژماری من ڕایگەیاند "پرۆژەی هەژماری من لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی دراوە كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەیرانیش بەشدار بووە و بە كۆی دەنگ بڕیارەكە دراوە".
بافڵ تاڵەبانى لە وەڵامى وەزارەتى داراییدا دەڵێت "بڕیار لە حکومەتدا بە دەنگدان دەکرێت. پرۆسەى هەژمارى من نەخراوەتە دەنگدانەوە، تەنیا پێشکەش کراوە و باس کراوە، دەنگى لەسەر نەدراوە".
"بڕیارى دادگاى فیدراڵى هەیە و کار بەوە دەکرێت. خەڵک ئازادە، بۆ خۆت نەتوانى بانکى خۆت هەڵبژێریت؟ بۆ دەبێت ناچار بکرێیت بڕۆى بۆ ئێرە و ئەوێ؟ لە چ وڵاتێک ئەمە هەیە؟"، سەرۆکى یەکێتى واى وت.