ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی دەڵێت ڕەنگە بەمزووانە واشنتۆن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پێشمەرگە دابین بکات

02-11-2024 01:44
ڕۆژی ٦-٨-٢٠٢٤ ئەمەریکا چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

پەرەگراف

ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی دەڵێت، سەرباری نیگەرانییەکانی بەغدادو وڵاتانی ناوچەکە، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە، لەو چوارچێوەیەشدا ڕەنگە بەمزووانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پێشمەرگە دابین بکات.

ناوەندی ستیمسن کە دەزگایەکی لێکۆڵێنەوەی ئەمەریکییەو بارەگاکەی لە واشنتۆنە، لە ساڵی 1989وە دامەزراوە و گرنگی دەدەت بە لێکۆڵینەوە لە بواری ئاشتی و سەقامگیریی جیهانی، ئەوە دەخاتەڕوو دابینکردنی چەک لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ پێشمەرگە، ڕەنگدانەوەی خواستی ئەو وڵاتەیە بۆ مانەوەی درێژخایەن لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بڕیارە ساڵی داهاتوو لە عێراق بکشێتەوە.

ناوەندی ستیمسن دەڵێت "ڕەنگە بەم زووانە ئەمریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێن بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بکات، ئەمەش لانیکەم دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی کەم بۆ نەبوونی هێزی ئاسمانیی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. لە کاتێکدا پێناچێت حکومەتی هەرێم ئەم چەکانە دژی بەغداد بەکاربهێنێت، بەڵام ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغداد بەهۆی تەشەنەسەندنی شەڕ و ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە، کە ئەمەش ڕەنگە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ عێراق و هەوڵەکانی بەرپەرچدانەوەی هەژموونی ئێران لە بەغدا زیاتر لاواز بکات و بیخاتە مەترسییەوە". 

بەپێی ئەو ناوەندەی لێکۆڵینەوە "لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە، دابینکردنی چەکی پێشکەوتووتر لەلایەن ئەمریکاوە بۆ کوردستانی عێراق، ڕەنگدانەوەی خواستی مانەوەی درێژخایەنە لە ناوچەکەدا لە دەرەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. هەبوونی بەردەوامی فەوجێکی سەربازی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاسانکاری دەکات بۆ ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان دژی داعش و هەروەها بەربەستە لەبەردەم هێرشی ئێران".

ڕۆژی ٦-٨-٢٠٢٤ ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، چەکی قورسی ڕادەستی وەزارەتەکە کرد. کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە فەیسبوک وتی "کەلوپەلی سەربازیی گرنگمان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئەوەش دەرخەری قۆناغێکی گرنگی بونیادنانی توانای هێزەکانی پێشمەرگەیە. ئەم چەکانە دەبنە ئامڕاز بۆ باشترکردنی توانای گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە دابینکردنی ئاساییش و دڵنیاییدانە لە شکستپێهێنانی بەردەوام و درێژخایەنی داعش بە سەرکردایەتیی عێراق".

لە مەراسیمی وەرگرتنی چەکەکاندا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە وتی "کۆمەڵێک چەکی قورس، کە پێکهاتوون لە تۆپی قورس، ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت، کە بە دڵنیاییەوە توانا سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر، هیوادارین لەم جۆرە چەک و هاوکارییانە بەردەوام بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستا کە شەڕی تەکنەلۆجیایی سەربازییە".

وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، هێزی پێشمەرگە چاوی لەوەیە ببێتە خاوەنی چەکی تەکنەلۆجیی پێشکەوتوو، ئەوەش بە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی هاوپەیمانان، لەسەرو هەمووشیانەوە ئەمەریکا.

پێدانی ئەو چەکانە بە پێشمەرگە، کاردانەوەی بەشێک لە لایەنە عێراقییەکانی لێکەوتەوە، محەممەد حەلبووسی کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی عەرەبی سوننە، دژایەتی تووندی ڕاگەیاند بۆ پێدانی چەکی تۆپی قورس بە هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە.

لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.

حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.