مەسرور بارزانی: گەشبینم بەوەی دەتوانین لەگەڵ عێراق بگەینە ڕێككەوتنی كۆتایی

18-09-2020 06:06
مەسرور بارزانی

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لە نوێترین پەیامیدا لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد دەڵێت، گەشبینم بەوەی كە ئێمە دەتوانین لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی بگەینە ڕێككەوتنی كۆتایی.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەش كردووە، هەرچەندە ئاستەنگی زۆر هەن، بەڵام هەرێمی كوردستان تیمێكی دانوستاندنی بەهێزی سەرتاسەریی هەیە كە لە مەبەستەكەیاندا یەكگرتوون.

پەیامەكەی مەسرور بارزانی دوای ئەوەدێت 10ی ئەم مانگە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری كردو مەسرور بارزانی داوای لێ كرد مووچەی فەرمانبەران تێكەڵی كێشەی سیاسی نەكرێت‌و كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداش تەنها مووچە و بودجە نییە‌و هیوای خواست هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێوەیكی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن.

لە سەردانەكەیدا كازمی ئەوەی ڕاگەیاند، كە ئێستا دەرفەتێك هاتووەتە پێشەوە بۆ كاری هاوبەش لە نێوان هەرێم‌و عێراق لەسەر بنەمای دەستوور.

پێشتر پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد ئەوەی بڵاوكردەوە، گفتوگۆكان بەردەوامن‌و بە ئاڕاستەیەكی باش دەڕۆن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ ساڵی 2021 كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا ڕێككەوتنەكە جێگیر دەكرێت.

هەرێمی كوردستان ئامادەیی پیشانداوە 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە‌و لەسەدا 50ی داهاتی دەروازە سنورییەكان ڕادەستی بەغداد بكات، لەبەرامبەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێم، "لەسەر ڕێژەی بودجەی هەرێم كەمێك ناكۆكی ماوە، هەرێم داوای لەسەدا 13 دەكات‌و بەغداد لەوە كەمتر دادەنێت".

بەرلە سەردانەكەی كازمی بۆ هەولێر، شاندی باڵای ھەرێم دوو ڕۆژ لە بەغداد بوون، كۆبوونەوەكانی گەڕێكی نوێی گفتوگۆكانی نێوان ھەردوولا بەڕێوەچوون‌و بڕیاری پێكھێنانی لیژنەی لاوەكیی بۆ چەند پرسێك دران، لەبارەی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان.

سە‌ردانە‌كەی شاندی ھەرێم دوای ئەوەهات مستەفا كازمی لەكاتی سەردانی بۆ واشنتۆن داوای لەو بەرپرسە كوردانە كردبوو كە لەگەڵیدا بوون، دوای گەڕانەوەیان لە ماوەیەكی كورتدا شاندی ھەرێم سەردانی بەغداد بكات بۆ ڕێككەوتن، ئەمریكاش ھەمان داوای لەكازمی كردووە كە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێككەوێت.

حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی چڕ لە دوو مانگی ڕابردوودا، ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بودجەو نەوت، بەتایبەت بۆ ساڵی ئایندە كە عێراق ئامادەكاریی دەكات بۆ یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو. بەڵام تائەوكاتەی دەگەنە ڕێككەوتن مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم دەنێردرێت.

هەرێم چەندینجار ڕایگەیاندووە ئامادەیە تەواوی نەوت ڕادەست بكات، بەڵام بەو مەرجەی بەغداد سەرجەم شایستە داراییەكانی بنێرێت،ھێشتا حكومەتی ناوەندیی بەوە ڕازیی نەبووە.

كێشەكانی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەرێم‌و بەغداد نوێ نین، بەڵام لە ئێستادا گرنگترین بابەت بۆ هەرێمی كوردستان پرسی مووچەیە كەناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕین دابەشی بكات.