سكاڵاكانی بەرەی توركمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لەسەر پێكهێنانی ئیدارەی كەركووك لە بەرژەوەندیى یەکێتى یەکلا بووەوە

22-01-2025 04:32
ڕادەستکردنى مەرسومی کۆماری لەلایەن سەرۆککۆمارى عێراقەوە بە ڕێبوار تەها بۆ دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری کەرکوک ١٣-٠٨-٢٠٢٤

پەرەگراف

دادگای كارگێڕیی بەغدا سكاڵاكانی بەرەی توركمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لەسەر كۆبوونەوەكەی هۆتێل ڕەشید و پێكهێنانی ئیدارەی نوێی كەركووك ڕەت كردەوە. بڕیارەكەی دادگا بە پلەی یەك لە بەرژەوەندیی یەكێتییە كە لایەنی یەكەمی ڕێكخەری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و پۆستی پارێزگاری كەركووكی بەركەوت.

پاش حەوت مانگ لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک و ڕێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان، شەوی 10-08-2024 كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە بەشداریی 9 ئەندامی یەكێتی و عەرەب و مەسیحی لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بەڕێوەچوو، تێیدا پارێزگاری كەركووک و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگایان هەڵبژارد، بەڵام پۆستی جێگرەکانیان بۆ لایەنەکانی دیکە جێهێشت.

حەوت ئەندامی پارتی و بەرەی توركمانی و سیادە (عەرەب) بەشداریى كۆبوونەوەكەیان نەکرد و بە "نایاسایی" ناویان برد، دواتریش چوار سكاڵایان تۆمار كرد و داوایان كرد بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە و ئەوەی لێی کەوتووەتەوە هەڵبوەشێندرێتەوە.

ئەمڕۆ 22-01-2024، دادگای كارگێڕیی بەغدا بە سەرۆكایەتیی دادوەر عوسمان سەلمان عەبوودی و دوو ئەندام كۆبووەوە، بڕیاری دا بە ڕەتكردنەوەی سكاڵاكان و دەبێت سكاڵاكاران تێچووی ڕسوماتی یاسایی و پارەی پارێزەرانی سكاڵالێكراویش بگرنە ئەستۆ.

دادگا لە بڕیارەكەیدا باسی لەوە كردووە كە كۆبوونەوەكە كێشەی یاسایی نەبووە، بەوپێیەی سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگار بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن هەڵبژێردراون، كە 9 ئەندام بووە لە كۆی 16 ئەندام.

هەروەها دادگا ئاماژەی بەوە كردووە كە هەردوو پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگری یەكەمی پارێزگار هەڵنەبژێردراون، وەك جێبەجێكردنی دەقی ماددەی (13/ چوارەم) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ئەم پۆستانە بە بەتاڵی ماونەتەوە تاوەكو بە نوێنەری پێكهاتەی توركمانی پڕ بكرێنەوە.

لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە بە بەشداریی پێنج ئەندامی یەکێتی، سێ ئەندامی پێکهاتەی عەرەب، ئەندامێکی پێکهاتەی کریستیان بەڕێوەچوو، ڕێبوار تەها لە پشکی یەکێتی بە پارێزگاری کەرکووک و محەمەد حافز لە پێکهاتەی عەرەب بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران. سێ ئەندامی پێکهاتەی عەرەب و دوو ئەندامی پارتی و دوو ئەندامی پێکهاتەی تورکمان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد.