گەڕی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران؛ تاران دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵدەگرێت؟

پەرەگراف
ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری ئێران ڕایگەیاند "ئێران پێشنیازی وەزیری دەرەوەی عومانی پەسەند كردووە بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە ڕۆژی یەكشەممە 11-05-2025".
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری ئێران كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، بۆ ئاژانسی نیمچەفەرمیی (تەسنیم)ـی ئێرانیی جەختی كردووەتەوە "ئەنجامدانی گەڕی چوارەمی دانوستانەكان یەكلا بووەتەوە". دەشڵێت "گفتوگۆكان تایبەت دەبن بە بەرنامی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران".
کۆتاییهێنان بە پیتاندنى پۆرانیۆم لەناو خاکى خۆیدا و کڕینى لە دەرەوە، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانى ئەمریکایە لە ئێران، کە تاران ڕەتى کردووەتەوە و بەرهەمهێنانى یۆرانیۆمى پیتێنراوى بۆ ئامانجى ئاشتى، بە مافێکى ڕێپێدراوى خۆى ناو بردووە، ئەمەش یەکێکە لە لەمپەرەکانى بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنى هەردوولا، بۆیە ئەگەرى ئەوەیە هەیە بیر لە ڕێگەچارەى سێیەم بکرێتەوە کە هەردوولا ڕازى بکات.
تا ئێستا سێ گەڕی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بە نێوەندگیریى دەوڵەتى عومان بەڕێوە چوون. گەڕى چوارەم کە بڕیاربوون لە ڕۆژى ٣ـى ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، وەزیرى دەرەوەى عومان ڕایگەیاند کە بە هۆکارى "لۆجیستى" دواخراوە.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئێران، هەروەها ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ئەمریكا، دانوستانەكان بە "ئەرێنی" وەسف دەكەن و جەخت دەكەنەوە كە بەرەوپێشچوون بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێككەوتن هەیە.
ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا جەختی لێ دەكاتەوە، دڵنیابوونە لەوەی كە ئێران چەكی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. ئەمریكا و ئیسرائیل چەند جارێك ڕایانگەیاندووە كە بە هەر ڕێگایەك بێت ڕێگری لەو هەنگاوەی ئێران دەگرێن، بەڵام ترەمپ دانوستان و ڕێككەوتنی بە ڕێگەچارەی یەكەم داناوە.
دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران کە ڕۆژى ١٢-٠٤-٢٠٢٥ لە مەسقەتى پایتەختى عومان دەستى پێ کرد، پاش نامەیەکى ترەمپ بۆ خامنەیى هات کە تێیدا پێشنیازى چارەسەرى دۆسیەى ئەتۆمیى ئێرانى بە ڕێگەچارەى ئاشتى و دانوستان کردبوو، هاوکات هۆشداریى گرتنەبەرى ڕێگەى دیکەى دابوو ئەگەر ئێران دانوستان ڕەت بکاتەوە. هەرزوو خامنیەى ڕەزامەندیى لەسەر پێشنیازەکە دەربڕى.
* دووەم كۆبوونەوەی ئەمریكا و ئێران؛ 'گفتوگۆكان پێ دەنێتە قۆناغێكی دیكە'
* گەڕى یەکەمى دانوستانەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو