هۆشیار زێباری دان بە قاچاخفرۆشتنی سنوورداری نەوتدا ‏دەنێت

07-06-2025 02:29

پەرەگراف

پێچەوانەی لێدوانی وەزیری سامانە سروشتییەكان كە ‏فرۆشتنی هەر بڕە نەوتێكی بە قاچاخ ڕەت كردەوە، هۆشیار ‏زێباری دان بە فرۆشتنی نەوت بەقاچاخ دەنێت، بەڵام دەڵێت ‏‏"سنووردارە".‏

لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی سكای نیوز عەرەبی، ‏هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی ‏پارتی، لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی قاچاخچێتی بە ‏نەوتەوە، وتی "ئێمە ناڵێین قاچاخچێتی بوونی نییە، بەڵام ‏سنووردارە".‏

ئەم قسەی هۆشیار زێباری لەكاتێكدایە كە‎ ‎‏ ئێوارەی 04-06-‏‏2025، كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە ‏وەكالەت، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كوردستان24 ڕایگەیاند ‏‏"هیچ بڕە نەوتێكمان بە تانكەر هەناردەی دەرەوە نەكردووە و ‏بە قاچاخ نەمانفرۆشتووە".‏

وەزیری سامانە سروشتییەكان وتیشی "ڕۆژانە جووڵە بە ‏نەوت دەكرێت لە ناوخۆدا بۆ پاڵاوگەكان، خەڵك ئەو تانكەرانە ‏دەبینێت، وا تێدەگات ئەو نەوتە دەچێتە دەرەوە".‏

ڕۆژی 05-06-2025یش وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەكات كە ئاماژە بە "بەردەوامبوونی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق دەكەن". وتیشی "بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێكی یاسایی لەو بارەیەوە بە مافی خۆمان دەزانین".

لە وەڵامیشدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وتی "تۆمەتبارکردنمان بە قاچاخچێتیی نەوت، بۆ پەردەپۆشکردنی کارەکانی خۆتانە و ئێوە نەوتی خەڵکی دیکە بە ناوی نەوتی عێراقەوە دەفرۆشن".