
پەرەگراف
پاش ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم گرووپەكانی سەر بە حەشدی شەعبیی تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەكانی سەر هەولێر و وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقیش داوای بەڵگەی كرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت "ساڵانی ڕابردوو سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێك لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایە بەر".
لە درێژەی ئەو هێرشە درۆنیانەی كە لە شەوی 30ـی حوزەیرانەوە بۆ سەر كەركووك و هەرێمی كوردستان دەستیان پێ كرد و چەند شەوێك بەردەوام بوون، شەوی 04-07-2025 درۆنێك لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كەوتە خوارەوە.
دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند "لە چەند میدیایەكی ئەلیكترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاو كراوەتەوە كە گوایە شەوی ڕابردوو لە هەولێر، هێرش كراوەتە سەر بنكەیەكی سەر بە ئیسرائیل".
وەزارەتی ناوخۆ ڕایدە وتیشی "هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەكارین و دوورن لە ڕاستی و نە بنكەی ئیسرائیل لە كوردستان هەیە و نە ئۆپەراسیۆی واش ئەنجام دراوە".
وەزارەتەكە "هەندێك گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی" بە ئەنجامدانی هێرشەكان "بەمەبەستی ئاژاوە نانەوە" تۆمەتبار كرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی كرد "سنوورێك بۆ ئەم كارە تێكدەرانە دابنێن و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر تاوانباران بگرنەبەر".
ئەمڕۆ لە وەڵامدا، وتەبێژی محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و وتی "تۆمەتێكی ڕەتكراوە و قبووڵنەكراوە و داوای خستنەڕووی هەر بەڵگەیەك دەكەین بۆ بەردەم لایەنە فەرمییەكان".
سەباح نعمان لە بەیاننامەیەكدا پابەندبوونی حكوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە ئەمنییەكان دووپات كردەوە و دەڵێت "ئاڵنگارییەكان پێویستیان بە هاوكاری و هەماهەنگی لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە هەیە، نەك پەنابردن بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و دەركردنی بەیاننامە".
ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەڵامی وتەبێژی فەرمادەی هێزە چەكدارەكانی عێراقی دایەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدای بە "پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە" لە ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكانی سەر هەرێم و گرتنەبەری ڕێكار بەرانبەریان تۆمەتبار كرد.
وەزارەتەكە لە دووەم ڕوونكردنەوەی لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا، ڕایدەگەیەنێت "بە داخەوە هەست دەكەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە، بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە "لە ساڵانی ڕابردووش بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەش دروست بوون، بەڵام نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕایگشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا، هیچ ڕێوشوێنێكیش لە بەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایە بەر".
"لێرەدا ڕایدەگەیەنین: كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بە هەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات، ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە"، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.