سەرباری نیگەرانیی ئەمەریکا پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەنێردرێت بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ خستنەبەرنامەی کارو پەسەندکردن
پەرەگراف
سەرباری نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەنێرێت بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەمەبەستی خستنە بەرنامەی کارو دەنگدان لەسەری.
لیژنەکە ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە بە میوانداری تەحسین عەبدمەتر ئەمینداری گشتی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پڕۆژە یاسای حەشدی شەعبی و پێشهاتەکانی پەیوەست بەو پرسە کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لیژنەکە بڕیاریدا پڕۆژە یاساکە پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی بکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتوو بۆ دەنگدان لەسەری تا ببێتە یاسا، "ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەواوکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ کارەکانی حەشد و بەهێزکردنی ڕۆڵی لە چوارچێوەی سیستەمی ئاسایشی نیشتمانیدا".
ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە ئەمەریكا لە ڕێگەی وەزیری دەرەوە بە فەرمی "نیگەرانیی قووڵ"ـی خۆی دەربارەی هەوڵەكانی دەركردنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی گەیاندە سەرۆكوەزیرانی عێراق و بە "بەدامەزراوەییكردنی هەژموونی ئێران و گرووپە تیرۆریستییەكان" ناوی برد. سوودانی لە وەڵامدا ڕایگەیاند "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی سەربازیی فەرمیی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندا كار دەكات".
ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا. جگە لە دۆسیەكانی "هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوركستان"، دۆسیەیەكی گرنگ و هەستیار كە گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی بوو.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاند "ماركۆ ڕۆبیۆ نیگەرانیی قووڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی كە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، دووپات كردەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردووەتەوە كە "یاسای لەو جۆرە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییكردنی هەژموونی ئێرانی و گروپە تیرۆرستە چەكدارەكان و ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازكردنی سەروەریی عێراق".
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سوودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا دەربارەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی بە ڕۆبیۆی وتووە "پێشنیازكردنی ئەم یاسایە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا، لە چوارچێوەی ڕێڕەوی چاكسازیی ئەمنیدایە كە حكومەت گرتوویەتیە بەر، بەشێكیشە لە بەرنامەی حكومەت كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند كراوە".
سوودانی ئاماژەی بەوەش كردووە، پرۆسەی چاكسایی ئەمنی پەسەندكردنی یاسای هاوشێوەی بۆ دەزگاكانی دیكەی هێزە چەكدارەكان لەخۆ گرتووە، وەك دەزگاكانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە كە "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی سەربازیی فەرمی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندا كار دەكات".
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە ١٨ ماددە پێكهاتووە. لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٥-٠٢-٢٠٢٥ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا.
لە ٢٤-٠٣-٢٠٢٥ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاساكە كرد، دوای ئەوە هەوڵەكانی شیعە بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە شكستی هێناوە، ئەوەش بەهۆی فشارەكانی ئەمریكا كە بە ئاشكرا دژایەتیی پرۆژەیاساكە دەكات.
ئەمریکا داواى تێکەڵکردنى گرووپە چەکدارییەکانى حەشدى شەعبى بە سوپا و هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەکات، هەروەها هەڵوەشاندنەوەى هەندێک لەو گرووپانەى کە بە تیرۆریست ناویان دەبات، هەر هەوڵێک بۆ بەدامەزراوەییکردنیان بەشێوەیەکى سەربەخۆ ڕەت دەکاتەوە و بە سەپاندنى هەژموونى ئێرانى دەزانێت.
ئێران پاڵپشتى لە گرووپەکانى حەشدى شەعبى و بەهێزکردنیان دەکات. بە جۆرێک لە سەردانەکەى ٠٨-٠١-٢٠٢٥ـى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ تاران، عەلى خامنەیى، ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران بە سوودانیى وت "حەشدى شەعبیش یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانى هێز لە عێراقدا، پێویستە بپارێزرێت و زیاتر لە جاران بەهێز بکرێت".