دانیشتنەکەى پەرلەمانى عێراق خرایە سبەینێ؛ پەرلەمانتارێکى یەکێتى هۆکارى بەشدارینەکردنیان ئاشکرا دەکات
پەرەگراف
د. بڕیار ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "ئەمڕۆ لە پەرلەمان بووین، بەڵام بەشداریی کۆبوونەوەمان نەکرد، چونکە زانیاریمان پێ گەیشت نیەت هەیە هەندێک یاسا بهێننە ناو کۆبوونەوە کە ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە".
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئامادەنەبوونی نیوەی ئەندامان، ڕێژەی یاسایی تەواو نەکرد و بەوهۆیەوە بەڕێوە نەچوو. دانیشتنەکە بە هەمان کارنامەوە بۆ سبەینێ دواخرا. سزاى ماددى بەسەر ئەو پەرلەمانتارانەدا سەپێندرا کە بەشدار نەبوون و هۆشداریشیان پێ دراوە کە بە بەردەوامی لە بایکۆت تا ئاستى دوورخستنەوە لە پەرلەمانتارى سزاکان بەردەوام دەبێت.
هەرچەندە دانیشتنەکە هیچ پرۆژەیاسایەکی جێی مشتومڕی تێدا نەبوو، بەڵام ڕەنگە پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی کە تەنیا پەسەندکردنی ماوە و ئەمریکا بە ئاشکرا دژایەتیی بۆ ڕاگەیاندووە، ئەو مەترسییە بێت کە د. بڕیار ڕەشید ئاماژەی پێ دەکات.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت "بەم بەشدارینەکردنەشمان، وامان کرد کە ڕێژەی یاسایی دروست نەبێت و دانیشتنەکە ئەنجام نەدرێت".
پەرلەمانی عێراق لیستی ئامادەنەبووانی بڵاو کردەوە کە 164 پەرلەمانتارن و بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردیشیان تێدا بوو، هەروەها لیستی ناوی ئامادەبووانیشی بڵاو کردەوە کە هەر 164 پەرلەمانتار بوون.
بەشدارینەکردنی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نیگەران کردووە و بڕیار درا سزاکانی پەیڕەوی ناوخۆ بەسەر ئەو پەرلەمانتارانەدا جێبەجێ بکرێت کە بەبێ پاساو بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا 02-08-2025، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، فەرمانی کرد ناوی ئەو پەرلەمانتارانە بڵاو بكرێتەوە كە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ئامادە نەبوون و بە غیاب حیساب بکرێن، هەریەکەشیان بڕی (یەك ملیۆن دینار) لە مووچەکانیان ببڕدرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆیش دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان (مەحموود مەشهەدانی - سەرۆک، موحسین مەندەلاوی - جێگری یەکەم، شاخەوان عەبدوڵڵا - جێگری دووەم) کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر سێ خاڵ کردووە.
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە خاڵی یەکەمدا جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی دانیشتنە ئاساییەکانی پەرلەمان کردووەتەوە بەبێ دواکەوتن، لەبەر ئەوەی "بەرپرسیارێتییەکی دەستووری و نیشتمانییە".
لە خاڵی دووەدا داوا لەو فراکسیۆنانە کراوە کە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەن، بگەڕێنەوە و بەشداریی چالاکانەیان هەبێت، بەڵێنی ئەوە دراوە کە "ڕێککەوتنێکی دەستەجەمعی بۆ ڕێکخستنی کارنامەی دانیشتنەکان بکرێت، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەموو لایەک بپارێزێت و ڕەنگدانەوەی ئەولەویەتەکانی ئێستا بێت".
لە خاڵی سێیەمدا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە بە بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی بەسەر ئەو پەرلەمانتارانەدا کە بەبێ پاساو لە دانیشتنەکاندا ئامادە نابن، تا ئاستێک کە کۆتایی بە ئەندامێتییان لە پەرلەمان بهێنرێت.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بوو لەسەر پێنج پرۆژەیاسا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسایەک و خوێندنەوەی دووەم بۆ سێ پرۆژەیاسای دیکە. سبەى یەکشەممە ٠٣-٠٨-٢٠٢٥، دانیشتنەکە بە هەمان کارنامەوە بەڕێوە دەچێت.
پرۆژەیاساى دەستەى حەشدى شەعبى
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە ١٨ ماددە پێكهاتووە. لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٥-٠٢-٢٠٢٥ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا.
لە ٢٤-٠٣-٢٠٢٥ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاساكە كرد، دوای ئەوە هەوڵەكانی شیعە بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە شكستی هێناوە، ئەوەش بەهۆی فشارەكانی ئەمریكا كە بە ئاشكرا دژایەتیی پرۆژەیاساكە دەكات.
ڕۆژى ٢٣-٠٧-٢٠٢٥، ئەمریكا لە ڕێگەی وەزیری دەرەوە بە فەرمی "نیگەرانیی قووڵ"ـی خۆی دەربارەی هەوڵەكانی دەركردنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی گەیاندە سەرۆكوەزیرانی عێراق و بە "بەدامەزراوەییكردنی هەژموونی ئێران و گرووپە تیرۆریستییەكان" ناوی برد. سوودانی لە وەڵامدا ڕایگەیاند "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی سەربازیی فەرمیی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندا كار دەكات".
ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا. جگە لە دۆسیەكانی "هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوركستان"، دۆسیەیەكی گرنگ و هەستیار كە گفتوگۆی لەبارەوە كرا، پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی بوو.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاند "ماركۆ ڕۆبیۆ نیگەرانیی قووڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی كە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، دووپات كردەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردووەتەوە كە "یاسای لەو جۆرە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییكردنی هەژموونی ئێرانی و گروپە تیرۆرستە چەكدارەكان و ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازكردنی سەروەریی عێراق".
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سوودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا دەربارەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی بە ڕۆبیۆی وتووە "پێشنیازكردنی ئەم یاسایە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا، لە چوارچێوەی ڕێڕەوی چاكسازیی ئەمنیدایە كە حكومەت گرتوویەتیە بەر، بەشێكیشە لە بەرنامەی حكومەت كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند كراوە".س
سوودانی ئاماژەی بەوەش كردووە، پرۆسەی چاكسایی ئەمنی پەسەندكردنی یاسای هاوشێوەی بۆ دەزگاكانی دیكەی هێزە چەكدارەكان لەخۆ گرتووە، وەك دەزگاكانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە كە "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی سەربازیی فەرمی عێراقە و لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندا كار دەكات".
ئەمریکا داواى تێکەڵکردنى گرووپە چەکدارییەکانى حەشدى شەعبى بە سوپا و هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەکات، هەروەها هەڵوەشاندنەوەى هەندێک لەو گرووپانەى کە بە تیرۆریست ناویان دەبات، هەر هەوڵێک بۆ بەدامەزراوەییکردنیان بەشێوەیەکى سەربەخۆ ڕەت دەکاتەوە و بە سەپاندنى هەژموونى ئێرانى دەزانێت.
ئێران پاڵپشتى لە گرووپەکانى حەشدى شەعبى و بەهێزکردنیان دەکات. بە جۆرێک لە سەردانەکەى ٠٨-٠١-٢٠٢٥ـى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ تاران، عەلى خامنەیى، ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران بە سوودانیى وت "حەشدى شەعبیش یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانى هێز لە عێراقدا، پێویستە بپارێزرێت و زیاتر لە جاران بەهێز بکرێت".