باڵیۆزە نوێیەکان لەبەردەم سەرۆککۆماری عێراقدا سوێندی یاساییان خوارد

10-09-2025 02:47

پەرەگراف

باڵیۆزە نوێیەکان ئەمڕۆ لەبەردەم د. لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراقدا سوێندی یاساییان خوارد.

سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، لە مەراسیمەکەدا سەرۆککۆمار پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزەکان کردووەو جەختی لە گرنگیی ڕۆڵیان کردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی عێراق لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان.

بۆ یەکەمجار لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، پەرلەمانی عێراق لیستێک ناوی پەسەند کرد کە وەک باڵیۆزی نوێی عێراق دەستبەکار دەبن، ئەوەش کۆتایی بەو چەقبەستووییە هێنا کە ساڵانێکە کەرتی دیبلۆماسیی عێراقی گرتووەتەوەو ژمارەیەک باڵیۆزخانەی بەبێ باڵیۆز مابوونەوە.

ڕۆژی ٢٦ی ئاب، پەرلەمانتاران دەنگیان بە دانانی ٩٣ باڵیۆزی نوێ بەپێی ڕێکەوتنێک کە لەنێوان لایەنە سیاسییە کێبڕکێکارەکانی عێراقدا کراوە. ئەو لیستە، 49 شیعە و 23 عەرەبی سوننە و 17 کوردی تێیدابوو لەگەڵ چوار نوێنەری پێکهاتەکانی دیکە، دوو مەسیحی، ئێزدییەک و سابیئەیەک.

دیلان غەفوور، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی وت، ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کەرتی دیبلۆماسیی عێراق. وتیشی: "لە سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانەوە بە بەردەوامی کارمان لەسەر ئەم بابەتە کردووە".

 ڕاپۆرتێکی پەرەگراف

دوای ساڵانێک ئیفلیجیی دیبلۆماسی لە عێراق؛ کورد ١٨ پۆستی باڵیۆزی وەرگرت