
پەرەگراف
بۆ دووەم جار لە ماوەی زیاتر لە مانگێكدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت كە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ڕێگەیان پێ نادات سەردانی ئارام قادر، سەرۆكی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی بكەن. كوڕێکى ئارام قادر لە دەستەكە سكاڵای تۆمار كردووە و دەڵێت "باری تەندروستیی باوكم ناجێگیرە".
ئارام قادر كە چەند مانگێكە دەستگیر كراوە، تا ئێستا هێزە ئەمنییەكانی سلێمانى هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەبارەی دۆسیەكەیەوە نەداوە. بەپێی ڕوونكردنەوەی دەستەی مافی مرۆڤ، تەنانەت ڕێگە نەدراوە پارێزەرەكەی سەردانی ناوبراو بكات بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆری بەمەبەستی گرتنەبەرى ڕێڕەوی یاسایی كەیسەكەی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت، نووسراوی فەرمیی ژمارە 1037ـی لە ڕێكەوتی 09-09-2025 ئاراستەی هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی كردووە، تێیدا داوایان كردووە "ئاسانكاری و هاوكاری"یان بكرێ بۆ سەردانی ئارام قادر، دوای ئەوەش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە فەرمی لە ڕێگەی ئەندامێكی ئەنجوومەنی دەستەكەوە "چەندین جار" هەمان داواكاری لە هێزە ئەمنییەكان كردووە، بەڵام داواكارییەكەیان قبووڵ نەكراوە.
بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2010، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، مافی بەدواداچوون بۆ كەیسی دەستگیركراوان و سەردانكردنی چاكسازییەكان و بەندیخانەكانی هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی چاودێریكردنی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ.
دەستەكە ڕێگریكردن لە سەردانی شاندی دستەكە بۆ لای ئارام قادر، بە "پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و یاسا كارپێكراوەكان" ناو دەبات و دەڵێت "كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆسیەكەی ناوبراو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیكراوان بەگشتی دەبێت".
"داوا دەكەین هەرچی زووە هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی كاتێك دیاری بكەن بۆ سەردانیكردنی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و پارێزەر بۆ لای ئارام قادر"، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.
پێشتریش لە 05-09-2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند "داوای بینینی ئارام قادر، سەرۆكی پێشووی حیزبی هاوپەیمانیمان كردبوو، بەڵام دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و هیچ زانیارییەكیش لەسەر ژیان و تەندروستیی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و كەسوكاریان نەداوە".