
پەرەگراف
پەرەگراف بە خۆشحاڵییەوە خوێنەرانی ئاگادار دەكاتەوە، سەركەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی لە سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی كە لەژێر دروشمی "پاڵپشتیی ئازادی لەسەرتاسەری جیهاندا" كار دەكات.
لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی ئەو پاڵپشتییە داراییەدا كە بڕەكەی 45 هەزار دۆلارە بۆ ماوەی یەك ساڵ (مانگی 2ی 2021 بۆ 2ی 2022)، پەرەگراف دەچێتە قۆناغێكی نوێو كارەكانی فراوانتر دەكات لە هەردوو بەشی كوردیو ئینگلیزی ماڵپەڕەكە.
سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی (NED) ڕێكخراوێكی ناحكومی ئەمەریكییە لە ساڵی ١٩٨٣ لە واشنتن دامەزراوە بە ئامانجی پەرەپێدانی دیموكراسی لە دەرەوە.
ڕێكخراوەكە كار دەكات بۆ پاڵپشتیكردنی دیموكراسی، بەرگریكردن لە مافی مرۆڤو هاندانی گەشەپێدانی كۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتە جیاوازەكانی جیهاندا.
پێشتر ڕێكخراوەكە پاڵپشتی چەندین پڕۆژەو میدیای دیكەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە بە ئامانجی پەرەپێدان و پاڵپشتیكردنی دیموكراسی لە عێراق و كوردستاندا.
پەرەگراف وەك میدیایەكی سەربەخۆ لەژێر دروشمی "بنەمای پەرەگراف متمانەیە" ئێستا لە پێنجهەمین ساڵی كاركردنیدایە، ئەوە دووەمجارە سەركەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانی متمانەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانو پاڵپشتی دارایی دەكرێت.
ساڵی 2018 تۆڕی نێودەوڵەتی ئۆپن سۆسایەتی(Open Society Foundations) كە بارەگای سەرەكی لە شاری نیویۆركی ئەمەریكایە، پاڵپشتی دارایی پەرەگرافی كرد بۆ ماوەی یەك ساڵ بە بڕی 24 هەزار دۆلار.
هاوكات لەگەڵ بەدواداچوونو كارە ڕۆژنامەوانییەكانیدا، پەرەگراف كاردەكات بۆ باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەوانییو بەرزكردنەوەی ئاستو توانای ڕۆژنامەنووسان، لەو چوارچێوەیەشدا ساڵی ڕابردوو خولێكی چڕی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی كردەوە بۆ 12 ڕۆژنامەنووس كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانەوە بەشداربوون، خولەكە ماوەی 3 مانگی خایاند بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕێی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر.
سەربەخۆیی ماڵپەڕی پەرەگراف كە هۆكاری سەرەكیی متمانە پێكردنییەتی، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت بە پارەی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرەكەی دامەزراوە كاتێك لە ساڵی 2017دا ئۆتۆمبێلێكی خۆی فرۆشتووە بۆ دامەزراندنی ماڵپەڕەكە، پاشان سەرچاوەی داهاتی پەرەگراف ڕیكلامی كۆمپانیا ناوخۆییەكانو پاڵپشتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بووەو بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت، پەرەگراف لە میانی كاركردنیدا ڕەچاوی بنەما ئەخلاقیو پیشەییەكانی كاری ڕۆژنامەوانی دەكات (هاوسەنگی، وردبینی و بەویژدانی).