پارتی ڕاپۆرتێکی پەرەگراف پشتڕاست دەکاتەوە؛ وەزارەتی ناوخۆ گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتە

09-10-2025 01:33

پەرەگراف

پارتی بە فەرمی پشتڕاستی دەکاتەوە کە وەزارەتی ناوخۆ گرێکوێرەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەو دەڵێت، ئەو پۆستە نادەن بە یەکێتی. ئەوەش پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتێکی پێشتری پەرەگرافە کە ئەوەی ئاشکرا کرد پۆستە ئەمنییەکان بەربەستی بەردەم ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتین بۆ پێکهێنانی حکومەت بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش.

دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵى رووداو، ئەمڕۆ وتی: وەزارەتی ناوخۆ یەكێكە لە گرێكوێرەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام هێشتا لە دانوستانداین، هێشتا لە قۆناغی راگۆڕینەوەداین لەگەڵ یەکێتی، "بەڵام رای فەرمی پارتی ئەوەیە، ئەو وەزارەتە نادات بە یەكێتی و دانوستانیشی لەسەر ناكات".

پاش نزیكەی ساڵێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هێشتا كابینەی حكومەت پێك نەهێنراوە، دوێنێش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی، وتی، لەگەڵ یەكێتی قۆناغی زۆر گرنگمان بڕیوە، بەڵام باوەڕ ناكەم بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كابینەی حكومەتی هەرێم پێك بهێنرێت.

"ڕاستە نەگەیشتووینەتە پێكهێنانی حكومەت، بەڵام قۆناغی زۆر گرنگمان بڕیوە، بۆ نموونە: ئێمە دەربارەی بۆچوونی سیاسیی خۆمان بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە و چۆنێتیی ئیدارەكردنی لەگەڵ بەغداد، وەرەقەیەكی هاوبەشمان دروست كردووە، ئەوەی زۆرتر ماوەتەوە لەسەر ئەوەیە چ پۆستێك بۆ كێ بێت"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

ڕاپۆرتەکەی پەرەگراف کە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە