قووڵبوونەوەی دووبەرەكیی کورد لاوازیی سیاسیی بەدوادا دێت؛ لە کاتێکدا ڕكابەرە شیعە و سوننەكان یەكڕیزییەكی ناوازە لە بەغداد نیشان دەدەن

25-11-2025 03:21

پەرەگراف - زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دەنگیان دا، كەچی هێشتا پارتە سیاسییە باڵادەستەكان لە كێشە و ناكۆكییەكی ناوخۆیی تونددان، ناكۆكییەك كە نەك تەنیا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پەك خستووە، بەڵكوو ئێستا هەڕەشەی لاوازبوونی كوردە لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی فیدراڵی عێراق لە بەغداد.

لە كاتێكدا كە هەردوو پێكهاتەی شیعە و سوننەی عێراق بە یەكگرتووییەكی دەگمەنەوە پێ‌ دەنێنە قۆناغی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتەوە، بەڵام لایەنە كوردییەكان -كە لە پێكهێنانی حكومەتەكانی دوای ساڵی 2003 ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەبووە- بە پەرتەوازەیی و ناكۆكیی ناوخۆیی و لاوازیی سیاسییەوە دەچنە بەغداد.

كوردستان؛ هەرێمێك كە لە دژی خۆی دابەش بووە

پارتە كوردییەكان بە كۆی گشتی 58 لە 329 كورسیی پەرلەمانی عێراقیان بەدەست هێناوە، لەگەڵ پێنج كورسیی كۆتای مسۆگەركراو لە بەرژەوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان. دابەشكردنەكە لەسەر كاغەز بەهێز دەردەكەوێت:
- پارتی دیموكراتی كوردستان: 27 كورسی + 5 كورسیی كۆتا
- یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان: 18 كورسی
- ڕەوتی هەڵوێست: 5 كورسی
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: 4 كورسی
- جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 3 كورسی
- كۆمەڵی دادگەریی كوردستان: 1 كورسی

بەڵام لە پشت هێزی ژمارەكانەوە، ژینگەی سیاسیی شێواو لە هەرێمی كوردستان خۆی حەشار داوە، كە ڕكابەریی پارتی و یەكێتی -ئەو دوو پارتەی ماوەی سێ دەیەیە لە سیاسەتی كوردیدا باڵادەستن- گەیشتووەتە توندترین خاڵی خۆی لە دوای سەردەمی شەڕی ناوخۆی ساڵانی دەیەی نەوەدی سەدەی ڕابردوو.

ئەم دووبەرەكییە، زیاتر لە ساڵێكە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستانی پەك خستووە. ناكۆكییەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن، دەسەڵاتی سیاسی، هەژموونی ئەمنی و هاوسەنگیی هێز لەنێوان هەولێر و سلێمانی، هەموو هەوڵێكی بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان شكست پێ‌ هێناوە. تەنانەت هاوكاری و هەماهەنگیی ئیداریی سەرەتاییش تێك چووە، وەزارەت و دەزگا ئەمنییەكان بە ئاراستەی جیاواز و بەپێی لایەنگریی حیزبی كار دەكەن.

ئەنجامەكانی ئەم ململانێیە چیتر تەنیا لە سنووری هەرێمی كوردستاندا نەماوەتەوە، ئێستا ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كورد بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە پەڕیوەتەوە بۆ بەغداد.

لە كاتێكدا هەردوو لایەنی شیعە و سوننە بە هەنگاوی هاوئاهەنگ دەچنە پێشەوە، كورد مەترسیی ئەوەی لەسەرە كە ببێتە لایەنێكی لاوەكی. سەركردەكانی بەغداد ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئەو بڕوایەیان لەلا دەچەسپێت كە پارتی و یەكێتی بە جیا دەچنە دانوستانەوە، ڕێگایەك كە لەوانەیە هێزی دانوستانی كورد لاوازتر بكات و دەرگا بە ڕووی لایەنەكانی دیكە بكاتەوە كە سوود لە دابەشبوونەكانیان وەربگرن.

باجی ئەم دابەشبوونەی كورد ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت. بە پێچەوانەی قۆناغە قەیراناوییەكانی پێشوو، پاڵنەرە سیاسییەكان بۆ یەكڕیزی لە هەر كاتێك لاوازترن.

چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان بە خێرایی بەرەو چەسپاندنی دەسەڵات هەنگاو دەنێت

لە كاتێكدا نێوماڵی كوردی لێكترازاوە، هێزە شیعەكانی عێراق بە خێرایی هەنگاو بۆ چەسپاندنی كۆنترۆڵی خۆیان بەسەر حكومەتی داهاتووی عێراقدا دەنێن.

چوارچێوەی هەماهەنگی كە چەندین لیستی شیعە لەخۆ دەگرێت و خاوەنی زیاتر لە 170 كورسیی پەرلەمانییە، لە 20ی تشرینی دووەمدا بەشێوەیەكی فەرمی خۆی وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ڕایگەیاند. ئەم هەنگاوە كە پابەندبوونێكی یاساییە، مافی ئەوە دەداتە هاوپەیمانێتیی شیعەكان كە سەرۆكوەزیرانی داهاتوو كاندید بكەن، پۆستێك كە مەبەستیانە بەبێ دواكەوتن یەكلای بكەنەوە.

سەركردەكانی چوارچێوەكە لە نووسینگەی حەیدەر عەبادیی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر لە بەغداد، كۆبوونەوەی ژمارە 250یان ئەنجام دا. دواتر بەیاننامەكەیان جەختی لەسەر وادەی دەستووری، سەقامگیریی سیاسی و پێویستیی پێكهێنانی لیژنەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی سەرۆكوەزیران و داڕشتنی دیدگایەكی نیشتمانیی یەكگرتوو كردەوە.

پەیامەكە ڕوونە: لایەنە شیعەكان خوازیاری گواستنەوەیەكی خێرا و بەپلانی دەسەڵاتن، بەمەش وێنەیەك لە یەكگرتوویی و ڕێكخراوی نیشان دەدەن، ڕێك بە پێچەوانەی پەرتەوازەیی كوردەوە.

هێزە سوننەكان بەرەیەكی هەماهەنگی پێك دەهێنن

ئەگەر یەكگرتوویی لایەنەكانی شیعە چاوەڕوانكراو بووبێت، ئەوا پارتە سوننەكان سوپرایزی ڕاستەقینەی ئەم خولەی هەڵبژاردنیان پێشكەش كرد.

بە بردنەوەی زیاتر لە 70 كورسی، پارتە سوننەكان بە خێرایی ناكۆكیی درێژخایەنی خۆیان وەلا نا و لە 23ی تشرینی دووەم (ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی)یان پێك هێنا. سەركردەكانی پارتی تەقەدوم، هاوپەیمانیی عەزم، هاوپەیمانیی سیادە، هاوپەیمانیی نیشتمانیی حەسم و پارتی جەماهیر، لە ماڵی خەمیس خەنجەر، سەرۆكی سیادە، لە بەغداد كۆبوونەوە و ڕێككەوتن لەژێر چەترێكی سیاسیی یەكگرتوودا كار بكەن.

ئەنجوومەنەكە خۆی وەك سەكۆیەك بۆ هەماهەنگیكردنی هەڵوێستەكان، یەكخستنی دیدگاكان و بەڕێوەبردنی دانوستانەكان بەشێوەیەكی یەكگرتوو لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، ناساند. لە نمایشێكی دەگمەنی ڕێكخستندا، سەركردە سوننەكان بەڵێنی پێكەوەبوونی بەردەوام و پابەندبوون بە بڕیاردانی هاوبەشیان دا، ڕێبازێك كە دەتوانێت بیانكات بە هاوبەشێكی یەكلاكەرەوە لە پێكهێنانی كابینەی داهاتوودا.

پەیامەكەیان بۆ نوخبەی سیاسیی بەغداد ڕوون بوو: سوننەكان مەبەستیانە بە بەهێزی بچنە دانوستانەوە، نەك بە پەرتەوازەیی.

پرسی كورد: لەدەستدانی سەنگ بەهۆی چەقبەستوییەوە

ئێستا دیمەنێكی دژیەك بە زەقی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەبینرێت:
- لە بەغداد: هێزەكانی شیعە و سوننە بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەر پێگەی خۆیان قایم كرد.
- لە هەولێر: ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی دامەزراوە سیاسییەكانی ئیفلیج كردووە، پێگەی دانوستانی لاواز كردووە و نوێنەرایەتی كوردی لەسەر بەغداد لەق كردووە.

لایەنەكانی شیعە و سوننەی عێراق بە دیدگایەكی یەكگرتوو، داواكاریی ڕوون و تەوژی سیاسیی بەهێزەوە دەچنە ناو دانوستانەكان، لە هەمان كاتدا، سەركردە كوردەكان هێشتا مشتومڕ لەسەر ئەوە دەكەن كە كێ نوێنەرایەتیی كێ دەكات!

بۆ بزووتنەوەیەكی سیاسی كە ڕۆژگارێك شانازیی بە یەكگرتوویی و سەنگی خۆیەوە دەكرد، ئەمە چركەساتێكی تاڵە. عێراق بەرەو پێشەوە دەچێت و كوردیش لە شوێنی خۆیدا چەقیوە.