
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
هێزەكانی پێشمەرگە دەگەڕێنەوە بۆ كەركوكو ناوچەكانی جێناكۆك، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی نوێی نێوان هەرێمو بەغداد كە بەپێی "پلانێكی نوێی ئەمەریكا بۆ لاوازكردنی حەشدی شەعبی داڕێژراوە"، بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵای كورد بۆ پەرەگراف.
چەند ڕۆژێكە هەواڵی جیاواز لە بارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوكو ناوچەكانی جێناكۆك بڵاودەكرێنەوە، هێشتا هیچ دەزگایەكی فەرمیی لە حكومەتی هەرێمو بەغداد گەڕانەوەی پێشمەرگەی پشتڕاست نەكردووەتەوە، تەنها ئەوەندە نەبێت كە لیژنەی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی بەرگری عێراقو پێشمەرگە پێكهێنراوە بۆ بەدواداچونی مەیدانیی هاوبەش بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانەو مەترسیی پاشماوەی داعش، بۆئەو مەبەستەش شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگریی عێراق 4ی ئەم مانگە لە هەولێر كۆبوونەوە.
بەڵام سەرچاوەیەكی باڵای كورد كە بەوتەی خۆی لەبەر هەستیاریی پرسەكە نایەوێت ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ پەرەگراف وتی"سەد لە سەد پێشمەرگە دەگەڕێتەوەو ڕێككەوتن كراوەو تەنها جێبەجێكردنی ماوە."
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، گەڕانەوەی پێشمەرگە "بە پێداگریی ئەمەریكایەو فشاری لەسەر حكومەتی بەغداد دروست كردووە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم."
سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمەریكا پلانێكی نوێی هەیە بۆ عێراق كە پەیوەندیی بە لاوازكردنی ڕۆڵی حەشدی شەعبیی هەیە بەتایبەت لە كەركوكو لە پارێزگاكانی ناوەڕاستی عێراق، "ئەمەریكا حەشدی شەعبی وەك جێبەجێكاری سیاسەتی ئێران سەیردەكات."
هێزەكانی پێشمەرگە لەدوای ساڵی 2014 و هێرشەكانی داعش لە زۆربەی ناوچەكانی جێناكۆك جێگیربون، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017و كشانەوەی پێشمەرگە، حەشدی شەعبی چوونە ئەو ناوچانە.
بەپێی ڕێككەوتنە نوێیەكەی نێوان هەرێمو بەغداد، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكانی سەربە پارێزگای؛ سەلاحەدین، دیالە، موسڵ، كەركوك لەگەڵ مەخمور.
گۆڕانكاری سەربازییو گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە كە هێزەكانی حەشدی شەعبیی نزیك لە ئێران تێیاندا باڵادەستن، دوای بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا دێت لە سوریا، پێدەچێت واشنتۆن پێگەی سەربازیی خۆی لە عێراق بەهێز بكاتەوەو كار بۆ لاوازكردنی ئێرانو هێزەكانی نزیك لەو وڵاتە بكات، بۆئەوەش پێویستی بەهێزی ناوخۆیی هەیە، وەك؛ كوردو سوننەكان لە ناوەڕاستی عێراق.
سەرچاوەكە باسیلەوەشكرد، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێمو بەغداد بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك، "پێشمەرگە لە خاڵەكانی دەرەوەی شار دەبێت، ناو شار تەنها پۆلیسی تێدا دەبێتو هێزی دیكەی تێدا نامێنێت، پێشنیارێكیش هەیە بازگەی نێوان شارەكانیش بە هاوبەشیی بەڕێوەببرێنو پێشمەرگەشیان تێدابێت."
بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە خۆیان بەدووردەگرن لە داننان بەوەی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ كەركوكو ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك، پەرەگراف هەوڵیدا لێدوانی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە لەو بارەیەوە وەربگرێتو چەند جارێك پەیوەندییكرد بە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەت، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
بڕیارە بەپێی ڕێككەوتنەكە، هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕەبایانەی پێشتر پێشمەرگەی تێدابووەو بە ستانداردی سەربازییو بە سەرپەرشتی ئەمەریكیو فەڕەنسییەكان دروست كراون. بەپێی بەدواداچوونێكی پێشتری پەرەگراف ئەو ڕەبایانەی پێشمەرگە لە باشوری كەركوك ناوچەی موحەڕەمەیەو زیاتر داعش بەسەریدا زاڵەو هێزە عێراقییەكان نەچوونەتە ناویان.
خەڵكی گوندەكانی باشوری كەركوك بۆ پەرەگراف باسلەوە دەكەن، بەشێكی ڕەبایەكان لەسەر زەوی كشتوكاڵیی دروستكراون، دوای كشانەوەی پێشمەرگە كاتێك هەندێك لە جوتیارانی ئەو ناوچەیە ویستویانە تێكی بدەنو بۆ كشتوكاڵ بەكاری بهێنن، "هێزەكانی ئەمەریكا ڕێگرییان كردووە"، ئەوەش وای لە خەڵكی ئەو ناوچانە كردووە پێیانوابێت ئەمەریكا پلانێكی دوورمەودای بۆ ناوچەكەیان هەیە.
دۆخی باشوری كەركوكو ئەوەی لە واقیعدا هەیە، پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی باڵای عێراقە كە زیاتر لە ساڵێكە بە فەرمیی نەمانی داعشیان لە وڵاتەكە ڕاگەیاندووە، هێشتا داعش جموجوڵی لەو سنورە هەیەو خەڵكی چەند گوندێكی ناوچەكە چەكیان هەڵگرتووەو خۆیان پارێزگاری لە خۆیان دەكەن، بەهۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنیی، ئەوەش وایكردووە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بكەن.
جموجوڵە سەربازییە نوێیەكان لە عێراقو سوریا وادەردەكەوێت پەیوەندییان بەیەكەوە هەبێت، هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ سوورە لەسەر جێبەجێكردنی كشانەوەی لە سوریا، بەڵام ئاسان نییە دەستبەرداری ئەم ناوچەیە ببێت بەتایبەت لە كاتێكدا ئێران هەژموونی فراوان بووە لە؛ عێراق، سوریا، یەمەنو لوبنان.
پێدەچێت پلانی نوێی ئەمەریكا بەرامبەر ئێران لە عێراقەوەو بە دیارییكراوی لە پارێزگا سوننە نشینەكانی ناوەڕاستی عێراقەوە دەستپێبكات كە هاوسنورن لەگەڵ سوریاو بە مانەوەیان لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی نزیك لە ئێران، ئەو پشتێنە شیعییە(هیلالی شیعیی) بەهێزتر دەبێت كە تاران چەند ساڵێكە كاری بۆ دەكاتو ئێستا وەك هێڵێكی لاواز دروست بووەو لە كرماشانەوە بە خاكی عێراقدا دەچێتە سوریاو لەوێوە بۆ لوبنانو گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست.
هاوشان لەگەڵ پلانەكەی ئەمەریكا، هێزە شیعییەكانی عێراق كە نزیكن لە ئێران، لە پەرلەمانی عێراقەوە كاربۆ دەركردنی یاسایەك دەكەن بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە خاكی عێراق لەوەشدا ئامانجی سەرەكییان سەربازانی ئەمەریكایە، بەڵام كردنەدەرەوەی ئەمەریكا كارێكی ئاسان نابێت.