
پەرەگراف- شیکاریی سورکێو محەمەد
لە گەرمەی ململانێكانی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆمارو ڕكابەریی كاندیدەكانیان، سەدر كە ژمارەیەكی قورسی گۆڕەپانی پێكهێنانی حكومەتی نوێو دابەشكاریی پۆستەكانە، بە تویتێك گۆمەكەی شڵەقاند، بە ڕوواڵەت وادەردەكەوێت تویتەكە سەرەتای ئاوابوونی خۆری هۆشیار زێباری كاندیدی بارزانی یە كە هاوپەیمانی سەدرە، بەڵام پرسەكە دیوێكی دیكەیشی هەیەو دەكرێت "وەك تەڵەیەك" لێی بڕوانرێت.
"ئەگەر كاندیدی پارتی دیموكراتی هاوپەیمانمان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بەتەواوەتیی مەرجەكانی تێدا نییە، داوا لە پەرلەمانتارانی چاكسازیی دەكەم دەنگی پێنەدەن.. ئێمە بانگەشەكاری چاكسازین نەك دەسەڵات و حوكمڕانی" ئەمە دەقی تویتەكەی سەدرە، ئەو پیاوەی بە هەڵوێستە كتوپڕو جیاوازەكانی ناسراوەو زۆركەس وەك سیاسییەكی ناجێگیر تەماشای دەكەن.
كەم هەفتە هەیە تویتەكانی سەدر كە زۆرجار بە قەڵەمی ڕەنگ جیاوازو بۆ ناردنی پەیامی تایبەت دەینووسێتو نەبێتە جێگەی باس و گرنگی پێدانی میدیاو ناوەندە سیاسییەكان.
دوو وشە لە تویتەكەی سەدردا، بواری خوێندنەوەی جیاوازو پاشگەزبوونەوەیان تێدایە، یەكەم وشەی تویتەكە بە "ئەگەر" دەست پێ دەكات، ئەم ئەگەرە ڕەنگە تۆمەتەكانی سەر هۆشیار زێباریی لەبارەی پرسی "دەستپاكییو گەندەڵیی" بە ڕاستو ساخبوونەوە لەسەری پێ لەقەڵەم بدرێت، ڕەنگە پێچەوانەكەیشی بێت!
وشەیەكی دیكەی تویتەكەی دەڵێت "بەتەواوەتیی" واتە ئەگەر بە تەواوەتیی مەرجەكانی تێدایە، ئەمەش دەكرێت خوێندنەوەی جیاواز هەڵبگرێت، كێ یەكلایی دەكاتەوە هۆشیار زێباری بە تەواوەتیی مەرجەكانی تێدایە یان نا، تا لەسەر ئەو بنەمایە دەنگی پێ بدرێت یان نەدرێت؟
تۆمەتەكانی "گەندەڵیی لەسەر هۆشیار زێباری" نوێ نین تا بگوترێت ئەوە تاكەهۆكاری سەرەكیی تویتەكەی سەدرە، ئەوەی نوێیە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە كە ڕایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارانە كە 220 پەرلەمانتار دەكات.
هاوپەیمانییەكەی، سەدر، بارزانیو حەلبووسی كە وەك "بلۆكێكی كۆنكرێتیی" ناو دەبرا، ئەو ڕێژەیە لە پەرلەمانتاری نییەو پێویستی بە ڕاكێشانی ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكەیە بۆ گرێدانی دانیشتنەكە.
تویتەكەی سەدر دەكرێت بە دیوێكدا وابخوێندرێتەوە كە ڕیسەكە دەكاتەوە بە خورییو سەرەتای هەڵوەشانەوەی بەرەی سەدر، بارزانیو حەلبووسییەو سەدر دەستی بە بیانوویەكەوە گرتووە كە شەقام بەدڵییەتیو پرسەكە "گەندەڵییو دەستپاكییە"و بەهۆیەوە خۆی لەو تەنگژەیە دەرباز دەكاتو لە بەرەی بەرامبەر نزیك دەبێتەوە.
بە دیوێكی دیكەشدا دەكرێت تویتەكە وا لێكبدرێتەوە كە بۆ ڕاكێشانی فراكسیۆنەكانی دیكەیە بەتایبەت یەكێتی تا ڕێژەی دوو لەسەر سێیان پێ تەواو بكاتو دانیشتنەكەی پەرلەمان ڕێژەی یاسایی هەبێت بۆ دەستپێكردن، بەڵام پاشان پەرلەمانتاران بە خواستی بارزانی دەنگ بدەن نەك ئەو ڕوواڵەتەی تویتەكەی سەدر پیشانی دەداتو ئێستا یەكێتییەكان پێیانخۆشە!.
لێكدانەوەی یەكەم كە یەكێتیو چوارچێوەی هەماهەنگیی تەمەننای دەكەنو هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەكەی سەدر، بارزانیو حەلبووسییە كە بەهۆیەوە سەرۆكایەتی پەرلەمانیان لە نێوان خۆیاندا بەش كردو چاویان لە بەشكردنی سەرۆكایەتییەكانی دیكەش بوو، بەڵام ئەم هەڵوەشانەوەیە تەنها بە ڕاكێشانی یەكێتی جێبەجێ نابێت، چونكە سەدر، پارتی بە 31 كورسییەوە لەخۆی ناكات بۆ یەكێتییەك بە 19 كورسییەوە! لە كاتێكدا خۆی سواڵی كورسییەك دەكات! مەگەر گرێ سەرەكییەكەیشی پێوە بكرێتەوە كە نوری مالیكییەو سەدر ڤیتۆی لەسەر هەڵبگرێتو ئامادەبێت بیكاتە بەشێكی گرنگی حكومەتی نوێو لەو ڕێیەوە چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕابكێشێت بەلای خۆیدا.
تویتەكەی سەدر لە كاتێكدایە ژمارەیەك پەرلەمانتار كە هەندێكیان یەكێتین، لە دادگای فیدراڵی تانەیانداوە لە بڕیاری پەسەندكردنی خۆكاندیدكردنی هۆشیار زێباری بۆ سەرۆككۆماری عێراق لەلایەن پەرلەمانەوەو چاوەڕێی وەڵامی دادگا دەكەن.
پەرەگراف پێشتر بڵاویكردەوە، تیمێكی یاسایی یەكێتی كاری لەسەر تۆماركردنی تانەكە كردووە لە دادگای فیدراڵی، بۆ ئەو مەبەستە "ژمارەیەك بەڵگەنامە"یان كۆكردووەتەوە كە بەشێكی لە دەستەی نەزاھەی عێراق وەریانگرتووە، ئەوانەی تانەكەیان تۆماركردووە پێیانوایە نابێت ڕێگە بە خۆكاندیدكردنی هۆشیار زێباری بدرێت، لەبەرئەوەی "دۆسیەی گەندەڵیی لەسەرەو دەستوورو یاسا ڕێگەی پێ نادات".
خوێندنەوەی هەندێك لە یەكێتییەكان وایە كە تویتەكە ئاوابوونی خۆری هۆشیار زێباریو دروستبوونی هاوپەیمانییەكی نوێ یەو بەوەش چانسی بەرهەم ساڵح كاندیدەكەی ئەوان بەهێز دەبێت بۆ بردنەوەی كورسیی سەرۆكایەتی كۆمار، بەڵام ڕەنگە ئەم هاوكێشەیە هەروا ئاسان نەبێتو لە كاتێكدا كاندیدی دیكەش لە گۆڕەپانەكەدان، ئەو ڕقەی بارزانی لە بەرهەم ساڵحی هەڵگرتووە، وابكات بازەكە لەسەرشانی كاندیدێكی جیاواز بنیشێتەوە!.
سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە پەرەگرافی وت "ئەو هەڵوێستەی سەدر پێشبینیكراو و چاوەڕوانكراو بوو. سەدر دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، بۆی دەركەوت كە ناتوانێت دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران كۆ بكاتەوەو باشترین بیانووی هەیە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بەرەیەی پێكی هێناوەو دروستكردنی هاوپەیمانییەكی نوێ".
سەدر لە دەركەوتنە سیاسییەكانیدا هەمیشە حەزی لەیاخیبوون و خۆ جیاكردنەوە بووە لە شەپۆلی باو، ئەو كە جەماوەریترین سەركردەی ناو شیعەو شەقامی عێراقە لە مێژەگوتراوە دۆستایەتی و دوژمنایەتیكردنی تا سەر نییە، ئەوانەی ئاگایان لەگوتارو هەڵویستەكانییەتی، هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم سەركردەیە لەسەر هەڵوێستەكانی جێگیرو چەسپاو نییەو بەخێرایی ڕا دەگۆرێت.
ڕۆژانی داهاتوو وەڵامدەرەوەی ئەوە دەبن كە تویتەكەی سەدر چیی لە دۆخەكە دەگۆڕێت؟ ئایا گۆڕینی هەڵوێستە بەرامبەر كاندیدەكەی بارزانی، یاخود تاكتیكی سیاسییەو بارزانی لەخۆی ناكات!.