پەرەگراف
پەرلەمانی كوردستان پەیڕەوی ناوخۆی "پێشێلكرد"و دانیشتنی ئەمڕۆی بۆ كاتێكی نادیار دواخست، ئەوەش بەهۆی ڕێكنەكەوتنی حیزبەكان لەبارەی ژمارەی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم، كۆبوونەوەی پەرلەمان لە چاوەڕوانیی ڕێككەوتنی حیزبەكاندایە.
ئەوە لەكاتێكدایە هەفتەیەك لەمەوبەر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حیزبەكەی خاوەنی زۆرترین كورسییە لە پەرلەمانو سەرۆكایەتی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە یەك چركەی دیكە چاوەڕێ ناكەنو پەرلەمان كارەكانی دەستپێدەكاتو بەمزووانە سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێتو حكومەتی نوێ پێكدێت.
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان ئەگەر بكرایە بۆ دەنگدان دەبوو لەسەر پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم، بەڵام پڕۆژەكە كۆدەنگیی لەسەر نییە لە نێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕان، بەڵێنێكی نوێی پارتی بە یەكێتی، ناڕەزایی لای بزووتنەوەی گۆڕان دروست كردووە.
دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوای تێپەڕینی یەك هەفتەیە بەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم.
بڕگەی یەك لە ماددەی 90ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بە دەق دەڵێت"دانیشتنی دەنگدان، لە سەر پڕۆژە، یان پێشنیازەكە، نابێت لە هەفتەیەك زیاتر، لە دوای دانیشتنی خوێندنەوەی دووەم، تێپەڕ بكات."
بەڵام سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی ئەمڕۆی بۆ كاتێكی نادیار دواخست، وەك لە بانگهێشتنامەی سەرۆكی پەرلەماندا هاتووە، بەپێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی 18ی پەیڕەوی ناوخۆ دانیشتنەكەی دواخستووە، لە كاتێكدا ئەو بڕگەیە هیچ ئاماژەیەكی تێدانییە كە دەسەڵات بدات بە سەرۆكی پەرلەمان كە ماددەی 90ی پەیڕەوی ناوخۆ جێبەجێ نەكات.
ماددەی 18ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان تایبەتە بە ئەركو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانو بڕگەی سێیەم دەڵێت"كردنەوەی خولو دانیشتنەكانی پەرلەمان، و سەرۆكایەتیكردنیان، كۆتایپێهێنان و دواخستنیان، دەست نیشانكردنی كاتی ئەنجامدانیان."
بەشێك لە فراكسیۆنەكانو پەرلەمانتاران، لەناویاندا فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، دواخستنی دانیشتنەكە بە "پێشێلی پەیڕەوەی ناوخۆ" دەزانن.
دواخستنەكە لەسەر داوای لیژنەی یاسایی پەرلەمان بووە بە مەبەستی گەیشتن بە داڕشتنی كۆتایی ماددەو بڕگەكانی پڕۆژە یاساكە، خاڵی ناكۆكیی نێوان حیزبەكان كە نوێنەریان لە لیژنەی یاسایی هەیە، زیادكردنی جێگرێكە بۆ سەرۆكی هەرێم كە بدرێتە یەكێتی نیشتیمانی، بەڵام گۆڕان بەوە ڕازیی نییە.
پەرەگراف پێشتر ئەوەی بڵاوكردەوە، زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم، بەڵێنی مەسعود بارزانی-یە بە كۆسرەت ڕەسوڵو گرێ كوێرەی نێوان پارتیو یەكێتی بەو بەڵێنە كراوەتەوە كە گەیشتنە لێكتێگەیشتنی كۆتاییو ڕێككەوتنی نێوانیانی لێدەكەوێتەوەو تەنها واژۆكردنی ماوە، بەڵام هەمان بەڵێن، كێشەی بۆ ڕێككەوتنەكەی نێوان پارتیو گۆڕان دروستكردووە.
بەڵێنەكەی بارزانی بە یەكێتی لەكاتێكدایە پارتی لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوتنی واژۆ كردووە كە سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێتو بۆ گۆڕان دەبێت.
دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی دورودرێژ، 3ی ئەم مانگە پارتیو یەكێتی گەیشتنە لێكتێگەیشتنی كۆتاییو بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان مەسعود بارزانیو كۆسرەت ڕەسوڵ ڕێككەوتنی كۆتایی ڕاگەیەندراو ئەو بەڵێنەی لەخۆ گرتبوو.
پارتی سێ ڕۆژ دواتر سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە سلێمانیو داوایەكی خستەبەردەم بزووتنەوەكە بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم كە بدرێتە یەكێتی، گۆڕان داواكارییەكەی ڕەتكردەوەو تائێستا بە زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم ڕازی نەبووە.
بەڵێنەكەی بارزانی بە كۆسرەت ڕەسوڵ دوای زیاتر لە 10 كۆبوونەوەی نێوان پارتیو یەكێتی هات كە ڕێككەوتنی لێنەدەكەوتەوە، كێشەی سەرەكی نێوان ئەو دوو حیزبە پۆستە ئەمنییو ئابورییەكان بوون، پارتی وەزارەتی ناوخۆو سامانە سروشتییەكانی بۆخۆی داناوەو وەزارەتی دارایی بەر گۆڕان كەوتووەو پێشمەگەر بۆ یەكێتی یە.
زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم لە پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم جێگیر كراوە، ئەوەش لەسەر پێشنیاری پەرلەمانتارانی یەكێتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان، بەڵام پارتی نایەوێت بەبێ ڕازیكردنی گۆڕان پڕۆژەكە لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوەو تێپەڕێندرێت.
لەگەڵئەوەی 192 ڕۆژە هەڵبژاردن كراوە، تائێستا تەنها لە نێوان پارتیو گۆڕان ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان واژۆ كراوە، پارتی چەندجارێك دڵنیایی داوە بەو بزووتنەوەیە كە پابەندی ڕێككەوتنەكە دەبێتو وەكخۆی جێبەجێی دەكات، هەربۆیە ئێستا بەدوای ڕێگایەكدا دەگەڕێت بۆ ڕازیكردنی گۆڕان بە زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم.