ئاسایش سكاڵایەكی نوێی لەسەر شێروان شێروانی تۆمار كرد

28-02-2021 05:00

پەرەگراف

"ئێمە ورەمان زۆر بەرزە و بەردەوامین لە مانگرتن، پشت بە خوا و بە ئێوە. ئێوەش لە هەوڵی خۆتان بەردەوام بن"، ئەمە پەیامی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانییە كە ئەمڕۆ لە كاتی وەرگرتنی وتەی لەسەر سكاڵایەكی نوێی ئاسایش، لە ڕێگەی پارێزەرێكەوە ئاراستەی بەرگریكاران لە دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینانی كردووە.

كامەران سارمەمی، ئەو پارێزەرەی كە لە كاتی بردنی شێروان شێروانی بۆ بنكەی پۆلیسی خانەقا لەوێ‌ بووە، شێروانیی بینیوە و پەیامەكەی لێ‌ وەرگرتووە، لەبارەی دۆخی تەندروستیشیەوە دەڵێت "شێروان جەستەی زۆر لاواز بووە، بەڵام ورەی زۆر بەرز بوو".

پەیامەكەی شێروان شێروانی لە كاتێكدایە كە پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكەی بادینان، لە ڕۆژی 16-2ـەوە وەكو ناڕەزایەتی لە بەرانبەر سزادانیان بە شەش ساڵ زیندانیكردن، مانیان لە خواردن گرتووە.

ئاسایشی گشتیی هەولێر لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە دۆسیەیەكی دیكەی لە دژی شێروان شێروانی جووڵاندووە و ئەمڕۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە جارێكی دیكە بەبێ‌ ئامادەبوونی پارێزەر لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوە وتەی لێ‌ وەرگیرا.

بەشدار حەسەن كە یەكێكە لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركروانی بادینان، ڕایگەیاند "سكاڵاكەی ئاسایشی گشتی لەسەر ئەوە بووە كە گوایە ڕۆژی 16-2-2021 كە ڕۆژی دادگاییكردنی شێروان و هاوڕێكانی بووە، لە كاتێكدا كە شێروان بەرگریی لە خۆی كردووە، ناوزڕاندنی بە ئاسایش كردووە".

ئەو پارێزەرە سەرسوڕمانی خۆی لەم سكاڵا نوێیەی ئاسایش ڕاگەیاند و وتی "ئێمە خۆمان لە ڕۆژی 16-2 لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا بووین، كاك شێروان بە هیچ جۆرێك ناوزڕاندنی بە ئاسایش نەكردووە".

بەپێی قسەی بەشدار حەسەن، هەرچەندە لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقا و لێكۆڵەرەوەی دادی زۆر هەوڵ لەگەڵ نوێنەرەكانی ئاسایش دراوە كە پارێزەرەكان لە كاتی وەرگرتنی وتەی شێروان شێروانی ئامادە بن، "بەڵام ئاسایش لەناو بنكەی پۆلیسیش تەحەكومیان كرد و ڕێگرییان كرد".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە بۆچی ئاسایش دۆسیەیەكی نوێی لە دژی شێروان جووڵاندووە؟ بەشدار حەسەن وتی "گەشبینییەكی زۆر هەیە كە ئەو زیندانییانە لە دادگای پێداچوونەوە بڕیاری ئازادكردنیان برێت، چونكە بەڵگەكانی تاوانبارییان لاوازن، بۆیە ئاسایش كەیسێكی دیكەی بۆ ئامادە كردووە بۆ ئەوەی كە شێروان ئازاد كرا، جارێكی دیكە دەستگیر بكرێتەوە".

ئەو پارێزەرەش جەخت دەكاتەوە كە بارودۆخی تەندروستیی شێروان شێروانیی و هاوڕێكانی "زۆر زۆر خراپە، بەڵام ورەیان بەرزە و سڵاویان بۆ ئازادیخوازان هەیە".

هەتا ئێستایش ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەی بادینان لە زیندانەكانی ئاسایشدان. بەشدار حەسەن دەڵێت "ئەو كەسانەی كە لەلایەن دادگاوە سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت، دەبێت ڕاستەوخۆ ڕادەستی چاكسازیی گەوران بكرێن كە سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە، بەڵام ئاسایش تا ئێستا ئامادە نییە ڕادەستیان بكات و ئێمە ناشزانین لە چ شوێنێكن".

ڕۆژی 16-2-2021، دادگای دووی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج كەس لە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینان (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)دا سەپاند.

ئەو بڕیارەی دادگا ناڕەزایی توند و بەرفراوانی لەناو كەسوكاری دەستگیركراوان و ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانیش لێ‌ كەوتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاكخراوەكانی مافی مرۆڤ و وڵاتان هاتوونەتە سەر هێڵ.

ڕۆژی 25-2-2021یش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر داواكاریی پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانەی وەرگرت كە لەلایەن دەستەیەك لە پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانەوە پێشكەش كرا.

* چاوەكان لەسەر دادگای پێداچوونەوەن؛ لەبارەی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینانەوە چ بڕیارێك دەدات؟

دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بە سزای ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادیناندا دەچێتەوە

* سزادراوانی بادینان "چوار ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە" و شوێنیان لە زیندان "خراپە"

* سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق "ڕێگرە لە دروستكردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە" بۆ دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان

* سی پی جەی بۆ پەرەگراف: سزادانی ڕۆژنامەنووسانی بادینان ناڕەوایەو بەڵگەكان جێی باوەڕ نین

* دەستگیركراوانی بادینان؛ ئەو دۆسیەیەی هەمووان بیستیان و كەس زانیاریی لەسەری نییە