یەكگرتووی ئیسلامی لە حكومەتی هەرێم نەكشایەوە

24-12-2017 02:28
سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە كۆبوونەوەی دوێنێی سەركردایەتی حزبەكەیدا. وێنە؛ میدیای ئەو حزبە.

 

پەرەگراف

 

یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاریدا لە حكومەتی هەرێم نەكشێتەوەو ئەوپرسەی بەستەوە بە باشكردنی بژێوی هاوڵاتیان‌و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو مۆڵەتی بۆ حكومەت دانا، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو حزبە زیاتر لە مانگێكە داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی ڕاگوزەری كردووە بۆ هەمان مەبەستی چاكسازی‌و باشكردنی بژێوی ژیانی خەڵك.

 

بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ كە داواكاریی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحەو ناوەڕاستی مانگی ڕابردووش یەكگرتوو هاتەپاڵ ئەو داوایە، پێویستە سەرەتا كابینەی ئێستای حكومەت هەڵبوەشێتەوە كە یەكێك لە ڕێگاكانی كشانەوەی حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەت‌و نیوە+1ی وەزیرەكانە، بۆئەو مەبەستەش گۆڕان‌و كۆمەڵ كشانەوە.

 

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو دوێنێ‌و ئەمڕۆ بۆماوەی 15 كاتژمێر لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا بوو بۆ بڕیاردان دەربارەی مانەوە یان كشانەوە لە حكومەت، بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكەی یەكگرتوو، دەڵێت"كۆبوونەوە بە پێویستی زانی لەو بارەیەوە یەكگرتوو هەڵوێست لە بەرژەوەندی باشكردنی بژێوی هاووڵاتیان وەربگرێ‌ و بیبەستێتەوە بەو مەسەلەیەوە. بۆیە بڕیاریدا سەقفێكی زەمەنی دیاریكراو تا 15/1/2018 وەك مۆڵەتێك بدات بە حكومەت."

 

لەو ماوەیەدا شاندێكی یەكگرتوو یاداشتنامەیەك لەبارەی داخوازیەكانی خەڵك‌و هاوڵاتیان دەداتە حكومەت‌و داوای لێدەكات جێبەجێیان بكات، لە حاڵەتی بەدەمەوە نەچوونی حكومەت، دوای تەواوبوونی مۆڵەتەكە یەكگرتوو بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات.

 

یەكگرتوو كە هەردوو پرسی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌و لە هەمانكاتدا مانەوە لە حكومەتی ئێستا دەبەستێتەوە بە بژێوی ژیانی خەڵكەوە، لەكاتێكدایە  لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا كە قەیرانێكی سەختی دارایی ڕووی لە هەرێم كردووە، حكومەت چەندینجار ئەوەی دووپاتكردووەتەوە هەوڵی تەواوی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ دابینكردنی موچەو باشكردنی بژێوی خەڵك‌و بەپێی داهاتی بەردەستی موچە دابەشدەكات.

 

بەرپرسانی یەكگرتوو پێیانوایە حكومەت دەتوانێت بەشێكی باش لە قەیرانی دارایی چارەسەر بكات بەگرتنەبەری چاكسازی، هادی عەلی وتەبێژی یەكگرتوو دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حزبەكەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژەكردن بە خانەنشینی نایاسایی‌و موچەی پلەباڵاكان لە هەرێم، وتی"لەوە دڵنیاین هەندێك چاكسازی گرنگ هەیە بتوانن بڕیاری لەبارەوە بدەن‌و جێبەجێی بكەن ئەگەر هەموو قەیرانە داراییەكە چارەسەر نەبێ بەشێكی باشی چارەسەر دەبێت."

 

وتەبێژەكەی یەكگرتوو باسیلەوەشكرد دۆخی هەرێمی كوردستان لە تەقینەوەدایەو هەلومەرجەكە هەستیارەو پێیانباش بووە بڕیارو هەڵوێستی بەرپرسانە وەربگرن‌و فشار بخەنەسەر حكومەت بژێویی خەڵك چارەسەر بكات، ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەكانی حزبەكەی بە دەنگی زۆرینەی زۆری ئەندامانی سەركردایەتی وەرگیراون.

 

یەكگرتوو بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان كە هاوكات وەزیری گواستنەوەو گەیاندنە بە وەكالەت لەگەڵ دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشدارە لە كابینەی ئێستای حكومەت، هاوكات وەزارەتی كارەبا پشكی ئەو حزبە بوو، بەڵام وەزیرەكەیان دەستیلەكار كێشایەوەو وەزارەتەكە ڕادەستی پارتی كرا.

 

ئەو بڕیارەی ئەمڕۆی یەكگرتوو بۆ مانەوە لە حكومەت، لەكاتێكدایە ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە، ڕۆژی 18-11-2017 كۆبووەوەو ڕایگەیاند"ئەنجومەنی سەركردایەتی لەسەر بابەتی گۆڕانكاری لەم حكومەتەدا وەستاو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی ڕاگوزەری(انتقالی) بە پێویست زانی بە مەبەستی هێنانەدی یەكڕیزی نیشتمانی و چاكسازی خێرا لە مەسەلەی بژێوی و گوزەران و لایەنی ئەمنی هاوڵاتیاندا."

 

پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان هەمان داواكاریی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحەو بۆئەو مەبەستە هەفتەی ڕابردوو بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە بڕیاری كشانەوەیاندا لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم.

 

گۆڕان بە چوار وەزیر(پێشمەرگە، دارایی، پیشەسازی، ئەوقاف)و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان‌و كۆمەڵ بە وەزیری كشتوكاڵ‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە‌و سەرۆكی دەزگای مین بەشداربوون لە حكومەتی هەرێم.

 

بڕیاری كشانەوەی ئەو حزبانە لە حكومەت لەكاتێكدا بوو ڕۆژانی 18بۆ22ی ئەم مانگە خۆپیشاندانی فراوان پارێزگای سلێمانی‌و ئیدارەكانی گەرمیان‌و ڕاپەڕینی گرتەوە‌و هێزە چەكدارەكان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردو كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

 

خۆپیشاندەران سەرباری داواكردنی پێدانی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا، هاوكات سووربوون لەسەر كۆتایی هاتنی كابینەی ئێستای حكومەت‌و دروشمی"بڕوخێ"یان لەدژ دەوتەوەو داوای دورخستنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستایان دەكرد.

 

خاڵێكی دیكەی بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكگرتوو باسكردنی خۆپیشاندانەكانەو ئەو حزبە داوادەكات، لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچوون‌و لێپێچینەوە لەو ڕووداوانەی لە خۆپیشاندانەكاندا ڕوویاندا.

 

یەكگرتوو داواشدەكات ئەو لیژنەیە كاری جددی بكات بۆ ئازادكردنی بە پەلەی دەستگیركراوە بێتاوانەكان‌و ئاشكراكردنی ئەو دەست‌و كەسانەی ئاڕاستەی خۆپیشاندەرەكانی بەرەو توندوتیژی بردوو لێپێچینەوەیان بەپێی یاساو لەلایەن دادگاوە لەگەڵ بكرێت، هەروەها حكومەت وەڵامی داواكانی خۆپیشاندەران بداتەوە‌و حاڵەتی بە سەربازیكردنی شارەكان كۆتایی پێ بهێنرێت، ئەو حزبە هەروەها هەر جۆرە بێدەنگ كردنێكی میدیای ئازاد لە دەرەوەی یاسا ڕەتدەكاتەوە.

 

كابینەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، هەربۆیە دوای 25 ساڵ لەئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، پرسی جارێكیتر پێكهێنانەوەی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازیی، بووەتەوە بەبابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، بەتایبەت دوای دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو.

 

كابینەی ئێستای حكومەت، پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان(پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لە ململانێ‌ لەناوەڕاستی ساڵی 2014 پێكەوە پێكیانهێنا، بەڵام ئەم حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقینەوەو گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئێستا كە ئەو پۆستە نەماوەو بارزانی وازی هێنا، هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزكردنەوەی حكومەتەكەی دەستیپێكردووە، بەڵام قەیران‌و كێشەی نوێ دروستبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 19 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدایە(3 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران‌و 16 ساڵ سەرۆك وەزیران)، ئەو ئەزمونێكی زۆری هەیە لە سیاسەت‌و حوكمڕانی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوپێیەی لەتەمەنی 23 ساڵیداو لە 1989وە بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە حزبی گەورەو باڵادەستی كوردستانە، بەڵام حكومەتداریی‌و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوەو زۆرێك بە "شكستخواردوو" ناوی دەبەن.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی سێ ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم‌و ئابوریی سەربەخۆ، یەكێك بوو لە شانازییەكانی نێچیرڤانی بارزانی، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداو گەڕانەوەی عێراق بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، نێچیرڤانی بارزانی 6ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو ئامادەن نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان‌و سەرجەمی داهات ڕادەستی بەغدا بكەن لە بەرامبەر ناردنی پشكی سەدا 17 لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.