سەڵاحەدین بەهادین دەستی لە حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی دەبێتەوە؟

15-01-2018 06:33
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەو وادەیە كۆتایی هات كە یەكگرتوو بۆ حكومەتی دیاریكردبوو بەمەبەستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی‌و مانەوەی لە كابینەی ئێستا گرێدابوو بەو داوایانەوە، هەرچەندە داواكارییەكان جێبەجێ نەكراون، بەڵام حزبەكەی سەڵاحەدین بەهادین دوای بەسەربردنی ڕۆژێك لە كۆبوونەوەی چڕ بڕیاری نەداو خستیە سبەینێ، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو حزبە نزیكەی دوو مانگە داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی ڕاگوزەری كردووە كە یەكێك لە ڕێگاكانی كشانەوەیانە لە حكومەتی ئێستا.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو ئەمڕۆ كۆبووەوە، دواتر شاندێكی باڵای ئەو حزبە سەردانی حكومەتیان كردو لەگەڵ حكومەت بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوە بۆ وەرگرتنی وەڵامی 24 داواكارییەكەیان‌و دواتر وەڵامەكەیان بردەوە بۆ حزبەكەیان.

 

كەژاڵ هادی، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان تا سبەینێ بە كراوەیی دەمێنێتەوەو تاوتوێی وەڵامی حكومەت دەكەن بۆ داواكارییەكانیان.

 

بۆ مانەوە یاخود كشانەوە لە حكومەت، سەركردایەتی یەكگرتوو وەك زۆر پرسی دیكە دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا، زۆربەی بەرپرسانی سلێمانیی ئەو حزبە داوای كشانەوە دەكەن‌و زۆربەی بەرپرسانی بادینانیان داوای پێچەوانەیان هەیە، بەرپرسانی هەولێریش دابەشی سەر ئەو دوو بەرەیە بوون، لە ڕاپرسییەكی ناوخۆییشدا بەرەی كشانەوە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی حزبەكەیان بە دەستهێناوە.

 

لەو نێوەندەدا وەك بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبە بە پەرەگرافی وت، ڕای سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كاریگەری زۆری هەیەو "تاڕادەیەك یەكلایی كەرەوە دەبێت."

 

ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت وتی"یەكگرتوو بە سروشتی خۆی نەرمەو ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر بڕیارەكانی‌و لەم دۆخەدا ئاسان نییە خەڵكی دەرەوە بتوانن ساخمان بكەنەوە لەسەر هیچ لایەكی هاوكێشە سیاسییەكەی هەرێم‌و بەرەی دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن."

 

ئەو دابەشبوونە وایكردووە ئەو حزبە هەوڵی ڕازیكردنی هەردوو بەرە ناوخۆییەكەی بدات‌و سیاسەتی "نەشیش بسوتێت نە كەباب" پەیڕەو بكات كە بۆ نەیارانی حزبە جێگای ڕەخنەی تووندەو بە"بێهەڵوێستی" تۆمەتبار دەكرێن، بەڵام بەرپرسانی حزبەكە دەڵێن، ئەوان خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆیانن‌و هاوسەنگیی لە هەرێم ڕادەگرن‌و ناكەونە ژێر كاریگەریی هیچ لایەك. بەوەش توانیویانە هاوسەنگی ناوخۆیی بپارێزن.

 

سێ هەفتە لەمەوبەر(24-12-2017) یەكگرتوو پرسی كشانەوەی لە حكومەت بەستەوە بە باشكردنی بژێوی هاوڵاتیان‌و تا ئەمڕۆی وەك مۆڵەت بۆ حكومەت دانا، ئەو حزبە كاتێك داوای پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی ڕاگوزەری كرد(ناوەڕاستی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو) بۆ هەمان مەبەستی چاكسازی‌و باشكردنی بژێوی ژیانی خەڵك بوو.

 

بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ كە داواكاریی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحەو دواتریش  یەكگرتوو هاتەپاڵ ئەو داوایە، پێویستە سەرەتا كابینەی ئێستای حكومەت هەڵبوەشێتەوە كە یەكێك لە ڕێگاكانی كشانەوەی حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەت‌و نیوە+1ی وەزیرەكانە، بۆئەو مەبەستەش گۆڕان‌و كۆمەڵ كشاونەتەوەو یەكگرتوو تائێستا بڕیاری نەداوە.

 

 

هەبوونی دوو ئاڕاستەی ناوخۆیی هۆكاری سەرەكییە كە وایكردووە بڕیاردان بۆ یەكگرتوو قورس بێت‌و كاتێكی زۆری بوێت، بەجۆرێك كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە(24-12-2017) بۆپرسی كشانەوە یان مانەوەیان لە حكومەت دوو ڕۆژی خایاندو سەرباری ئەوەش بڕیاری یەكلایی كەرەوەی تێدا نەدرا، ئەمڕۆش كە ڕۆژی بڕیاردانی یەكلایی كەرەوەبوو، ئەو حزبە بە درێژایی ڕۆژ لە ناوخۆیداو لەگەڵ حكومەت لە كۆبوونەوەدابوو، بەڵام هێشتا بڕیاری نەداو خستیە سبەینێ.

 

24 داواكارییەكەی یەكگرتوو لە حكومەت، زۆربەی پەیوەستە بە بژێوی ژیانی خەڵك‌و پرسی موچە، لەكاتێكدایە لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا كە قەیرانێكی سەختی دارایی ڕووی لە هەرێم كردووە، حكومەت چەندینجار ئەوەی دووپاتكردووەتەوە هەوڵی تەواوی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ دابینكردنی موچەو باشكردنی بژێوی خەڵك‌و بەپێی داهاتی بەردەستی موچە دابەشدەكات.

 

ئەو حزبە 3 هەفتەی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی دانا كە داوای تەواوی حزبەكانی دیكەشەو حكومەت چەند ساڵێكە نەیتوانیوە جێبەجێیان بكات، دیاریكردنی ئەو وادەیە هێندە ناواقعییە بەرپرسێكی باڵای یەكگرتوو دەڵێت، خۆ پڕۆژەكەیان "محەلەبی دروستكردن نییە" وازوو جێبەجێ بكرێت.

 

مەولود باوەموراد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو كە هاوكات وەزیری كاروباری پەرلەمان‌و وەزیری گواستنەوەیە بە وەكالەت ئەمڕۆ بە دەنگی ئەمەریكای وتووە"خۆ پڕۆژەكە محەلەبی نیە، دەزانی محەلەبی دروستكردنیش بێت كاتی زیاتری دەوێت، دوای ئەوە ئەگەر حكومەت ئەو پڕۆژەیەی پێ جێبەجێ بكرایە خۆی جێبەجێی دەكرد لە 100%."

 

ئەو مەكتەب سیاسییەی یەكگرتوو، دوو بۆچوونی لەناو حزبەكەی پشتڕاست دەكاتەوەو ئەوە دەخاتەڕوو، هەندێكیان پێیانوایە كشانەوە شوێنكەوتنی گۆڕان‌و كۆمەڵەو هیچ ناگۆڕێت، هەندێكی دیكەشیان پێیانوایە مانەوەیان لەو حكومەتە "شكستخواردووە" مانەوەیە لەگەڵ حكومەتێكی "گەندەڵ" كە زیانی زۆر لە پێگەی جەماوەری یەكگرتوو دەدات بەتایبەت لەدەڤەری سەوز(سلێمانی).

 

مەولود باوەموراد كە خۆی بە ڕوونی دەڵێت لەگەڵ مانەوەدایە لە حكومەت، دەربارەی كاریگەریی مانەوەیان لەسەر پێگەی جەماوەرییان، وتی"ئێمە لەبادینان لە دەڤەری زەرد 105 هەزار دەنگدەرمان هەیە، دوای ئەوە یەكگرتوو جیاوازە لەگۆڕان‌و كۆمەڵ‌و تەنانەت هەموو حزب‌و كوتلەكەی دكتۆر بەرهەمیش" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ پێویستیی بەهەند وەرگرتنی ڕای بەرپرسانی دەڤەری بادینانی حزبەكەی كە داوای مانەوە لە حكومەت دەكەن.

 

یەكگرتوو بە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان كە هاوكات وەزیری گواستنەوەو گەیاندنە بە وەكالەت لەگەڵ دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشدارە لە كابینەی ئێستای حكومەت، هاوكات وەزارەتی كارەبا پشكی ئەو حزبە بوو، بەڵام وەزیرەكەیان دەستیلەكار كێشایەوەو وەزارەتەكە ڕادەستی پارتی كرا.

 

ئەگەر یەكگرتوو بكشێتەوە تەنها پارتی‌و یەكێتی دەمێننەوە، گۆڕان بە چوار وەزیر(پێشمەرگە، دارایی، پیشەسازی، ئەوقاف)و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان‌و كۆمەڵ بە وەزیری كشتوكاڵ‌و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە‌و سەرۆكی دەزگای مین بەشداربوون لە حكومەتی هەرێم.

 

كابینەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێم، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، هەربۆیە دوای 26 ساڵ لەئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، پرسی جارێكیتر پێكهێنانەوەی حكومەت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازیی، بووەتەوە بەبابەتی گەرمی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، بەتایبەت دوای دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆم‌و پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان‌و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو.

 

كابینەی ئێستای حكومەت، پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان(پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لە ململانێ‌ لەناوەڕاستی ساڵی 2014 پێكەوە پێكیانهێنا، بەڵام ئەم حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقینەوەو گۆڕان لە حكومەت دوورخرایەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم، كاتێك مەسعود بارزانی لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو وازی لە پۆستەكەی هێنا، هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەهێزكردنەوەی حكومەتەكەی دەستیپێكرد، بەڵام قەیران‌و كێشەی نوێ دروستبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی‌و برازای مەسعود بارزانییە، بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆك وەزیران بووەو 20 ساڵە لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدایە(3 ساڵ جێگری سەرۆك وەزیران‌و 17 ساڵ سەرۆك وەزیران)، ئەو ئەزمونێكی زۆری هەیە لە سیاسەت‌و حوكمڕانی‌و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوپێیەی لەتەمەنی 23 ساڵیداو لە 1989وە بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی كە حزبی گەورەو باڵادەستی كوردستانە، بەڵام حكومەتداریی‌و سیاسەتی بەڕێوەبردنی ڕوبەڕوی زۆرترین ڕەخنە بووەتەوەو زۆرێك بە "شكستخواردوو" ناوی دەبەن.

 

دیارترین مەلەف كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیارو كەسی یەكەمی دادەنرێت پرسی ئابوریی سەربەخۆو هەناردەی نەوتی هەرێمە لەڕێی بۆریی سەربەخۆی خۆیەوە، ئەم پرسە گرژییەكانی نێوان هەولێرو بەغدای گەیاندە بەرزترین ئاست‌و وایكرد حكومەتی ناوەندیی بودجەی هەرێم ببڕێت.

 

حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی چوار ساڵە نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا بدات، سەرباری پاشەكەوتكردنی بەشێكی زۆر لە موچە هاوكات چەند مانگێكیش قەرزاری فەرمانبەرانە، لەگەڵ قەرزی كۆمپانیا ناوخۆیی‌و بیانییەكان كە بە زیاتر لە 16 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

 

هەرچەندە هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم‌و ئابوریی سەربەخۆ، یەكێك بوو لە شانازییەكانی نێچیرڤانی بارزانی، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەوتی كەركوك لەلایەن بەغداو گەڕانەوەی عێراق بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، نێچیرڤانی بارزانی چەند جارێك ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم زیاتر لە نیوە كەمیكردووەو ئامادەن نەوت‌و فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان‌و سەرجەمی داهات ڕادەستی بەغدا بكەن لە بەرامبەر ناردنی پشكی سەدا 17 لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان.