عەفرینییەكان ناوچەكانیان جێناهێڵن‌و بە دەنگی بەرز دەڵێن: هێرشەكانی ئەردۆغان تێكدەشكێنین

04-02-2018 04:54
خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی عەفرین. وێنە؛ هاوار نیوز.

 

پەرەگراف

 

عەفرینییەكان سوورن لەسەرئەوەی هێرشی تووندی زەمینیی‌و ئاسمانیی توركیا ناچاریان ناكات ناوچەكانیان جێبهێڵن، ئەوان پشتیوانیی لە شەڕڤانان دەكەن‌و بە دەنگی بەرز دەڵێن، هێرشەكانی ئەردۆغان تێكدەشكێنن.

 

بە هەزاران كەس لە دانیشتوانی عەفرین ئەمڕۆ بە دروشمی "بە ئیرادەی گەل هێرشی توركیاو چەتەكانی بۆ سەر عەفرین تێكدەشكێنین" لە ناوەندی شاری عەفرین خۆپیشاندانیان ئەنجامداو بە تووندی ئیدانەی هێرشەكانی توركیایان كرد.

 

خۆپیشاندەران دروشمیان بۆ پشتیوانیی یەپەگەو یەپەژە دەوتەوە، وەك پیشاندانی بەهێزیی ئیرادەیان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا ئاهەنگ‌و هەڵپەڕكێیان سازكرد.

 

خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی عەفرین. وێنە؛ هاوار نیوز.

 

خۆپیشاندانەكە لەكاتێكدابوو هێرشی تووند بۆسەر ناوچەكانی دەوروبەری عەفرین 16ی ڕۆژی تێپەڕاند‌و ئەمڕۆش سوپای توركیاو هێزە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە لە ئاسمان‌و زەوییەوە بە چەكی قورس‌و پێشكەوتوو بۆردومانی ناوچەكەیان كرد، بەڵام یەپەگە تەئكید دەكاتەوە تائێستا ڕێگەیان نەداوە توركیا هیچ ناوچەیەك داگیربكات‌و تێیدا بمێنێتەوە.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، ناوی "ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون"ی هەڵبژاردووە بۆ هێرشەكانی لەسەر عەفرین، لەكاتێكدا داری زەیتوون ڕەمزی ئاشتییەو مێژوویەكی پڕشنگداری هەیە لە دیرۆكی دووری مرۆڤایەتیداو عەفرین ناوچەیەكی دەوڵەمەند‌و ناودارە بە زەیتوون، عەفرینییەكان پەیوەندییەكی ڕۆحییان لەگەڵ زەیتووندا هەیەو ئێستا ئاگر بارانی ئەردۆغان كەوتووەتە نێوانیان لەگەڵ ئەودارە.

 

لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی عەفرین‌و ئەو خۆپیشاندانانەی لە ناوچە جیاجیاكانی دونیا دژی هێرشەكانی ئەردۆغان ئەنجامدەدرێن، خۆپیشاندەران چڵە زەیتوون بەرزدەكەنەوە بۆ پیشاندانی خواستی ئاشتیی لەلایەن كوردەوە.

 

بەرزكردنەوەی چڵە زەیتوون لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی عەفرین. وێنە؛ هاوار نیوز.

 

لە بۆردومان‌و هێرشەكانی توركیادا ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنی كوژراون‌و برینداربوون‌و زیانی مادییان پێگەیشتووە، لە چەندین گوندو ناحیەش خانووی هاوڵاتیان كراونەتە ئامانجی بۆردومانەكان‌و خاپووركراون، بەڵام خەڵك سوورن لەسەر مانەوەو بەجێنەهێشتنی ماڵ‌و زەوی‌و زارەكانیان.

 

جندرێس، یەكێكە لەو شارۆچكانەی زۆرێك لە خانوو و ماڵەكانی بەهۆی تۆپباران‌و بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە ڕووخاون، خەڵك لە ناڕەحەتی‌و دەردەسەری زۆردا دەژین، خەڵكی جندرێس هەرچەندە لەژێر بۆردووماندان، بەڵام دەڵێن ئەستەمە ناوچەكانیان جێبێڵن‌و عەفرین خاكی ئەوانە.

 

هشام ئەبو ڕەجیل، دانیشتووی جندرێس دەڵێت"لە جندرێس دەژین، لە ژێرزەمینەكان دەژین، لەژێر چڵە زەیتوونەكان دەمێنینەوە. جێهێشتنی عەفرین ئەستەمە، ناكرێت جێیبێڵین. ئەمە نیشتیمانی ئێمەیەو شوێنمان هەر ئێرەیە. هەتا ئەگەر لەسەر شەقامەكان یان لە ژێرزەمین بخەوین. ئەستەمە عەفرین جێبێڵین."

 

باكوری عەفرین هێڵی گەرمی شەڕە، بە دەگمەن خانووی تێدا دەبینرێت كە گورزێكی بەرنەكەوتبێت، زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە ژێرزەمیندا دەژین.

 

ڕەجەب ئەبو محەمەد، خەڵكی جندرێس دەڵێت"لەسەرەتاوە منداڵەكانم دەبردنە ژێر پەناگەو بەتەنیا لەماڵەوە دەخەوتم، لەناكاو بەیانییەك وامزانی بوومەلەرزەیە خانووەكەمی هەژاند. باوكم لێرە بەتەنیایە. كەسی لەگەڵدا ناژی. دوو مووشەك لە نزیك ئەویش كەوتوونەتە خوارەوە، یەكیان لەبەر دەرگای ماڵەكەی، یەكیان لە دیوی دواوە. هاوارم كردو داوام لێكرد شوێنەكە بەجێبێڵین. ڕامان كرد. هەموو شتێكمان لەدەستدا. ماڵەكەمان لەدەستدا. هیچ شتمان نەماوە. باوكمم لەگەڵ خۆم بردو ڕامان كرد."

 

خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی عەفرین. ڤیدیۆ؛ هاوار نیوز.

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە ئامانجی سەرەكیی لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

بەگوێرەی یاساكانی پاراستن‌و ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا، ڕۆژهەڵاتی ئاوی فورات ناوچەی ئەمەریكایەو ڕۆژئاواش هی ڕوسیایە‌و كانتۆنی عەفرین دەكەوێتە ڕۆژئاواو دەبوو ڕوسیا بیپارێزێت لە هەر هێرشێكی ئاسمانیی، بەڵام ئەوەی نەكردو ڕێگەیدا توركیا بۆردومانی چڕی بكات.

 

بەرلەوەی توركیا هێرش بكاتەسەر عەفرین، ڕوسیا كە پاراستنی ئەو ناوچەیەی لە ئەستۆیە فشاری خستووەتەسەر كورد عەفرین ڕادەستی سوریا بكات، بەڵام كورد ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو ڕێگای بەرخۆدان‌و پاراستنی ناوچەكەی هەڵبژاردووە، ئەمەش بەوتەی وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

ئێستا تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی‌ بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادان‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.