مەرگێك بە ئومێدی سەركەوتن لە عەفرین

11-02-2018 06:55
ئەو پیاوە 70 ساڵەی بە ئومێدی سەركەوتن سەری نایەوە.

 

پەرەگراف

 

"پشتیوان بەخودا ئێمە سەردەكەوین‌و بەسەر ئەردۆغاندا سەردەكەوین، بژی یەپەگە‌و یەپەژە" پیاوێكی تەمەن 70 ساڵ، خەڵكی گوندێكی عەفرین، ئەم وتانە بوونە كۆتا قسەی ژیانی‌و لەگەڵ وتنەوەی دروشمی سەركەوتندا هەناسەی تەنگ بوو و كۆچی دوایی كرد.

 

دانیشتووانی گوندی سنكا لە ناوچەی شێرای عەفرین كە زۆرینەیان ئێزدین، دوێنێ چوونەتەسەر مەزارێكی پیرۆزی ئێزدییەكان لە گۆڕستانی ناوچەكەو لەوێ بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز-نزیك لە پەیەدە- قسەیان كردووەو ئیدانەی هێرشەكانی ئەردۆغانیان كردووە بۆسەر عەفرین.

 

یەكێك لەو گوندنشینانە پیاوێكی تەمەن 70 ساڵەو ئێزدییە، قسەكردنی بۆ پەیامنێرەكەی هاوارنیوز دەبێتە دواین وتەكانی ژیانی‌و هەر لەوێدا بە ئومێدی سەركەوتن بەسەر ئەردۆغاندا كۆچی دوایی دەكات.

 

ئەو پیاوە بەتەمەنە باوكی 5 كوڕو 4 كچە، لە وتەكانیدا باسلە پێكەوە ژیانی نێوان مسوڵمان‌و ئێزدییەكان دەكات لە ناوچەكەیان‌و ئەوەدەخاتەڕوو، جیاوازیی نییە لە نێوانیانداو لە خۆشی‌و ناخۆشیدا پێكەوە دەژین.

 

ئەو پیاوە لە كۆتا ساتەكانی ژیانیدا ئومێدی بە سەركەوتن هەیە بەسەر ئەردۆغاندا بە پشتیوانیی شەڕڤانان، بە ورەیەكی بەرزەوە دەڵێت"پشتیوان بەخودا بەسەر ئەردۆغاندا سەردەكەوین"، دروشمی بژی بەرخۆدانی یەپەگەو یەپەژە دەڵێتەوە.

 

لە دوای ئەو قسانەی، پیاوە بەتەمەنەكە هەناسەی تەنگ دەبێت‌و هاوگوندییەكانی كە لەگەڵیدان هەوڵدەدەن چارەسەری سەرەتایی بۆ بكەن‌و دواتر دەیگەیەننە نەخۆشخانەی عەفرین.

 

لە نەخۆشخانە پزیشكەكان دەڵێن، بەرلەوەی بگاتەلای ئەوان، ئەو پیاوە كۆچی دوایی كردووە. بەوەش وتەكانی بۆ سەركەوتنی شەڕڤانان‌و شكستی ئەردۆغان، بوونە دواین وتەی ژیانی.

 

ڤیدیۆی دواساتەكانی ژیان‌و وتەی ئەو پیاوە بەتەمەنە.

 

سەربازانی توركیاو چەكدارانی میلیشیای سوپای سوریای ئازاد 23 ڕۆژە بەردەوامن لە هێرشكردنەسەر كانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان‌و دەیانەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لەو ناوچەیە دەربكەن.

 

توركیا سەرباری هێرشی چڕی ئاسمانیی، لە هێرشی زەمینیشدا پەنای بۆ چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بردووەو بەكاریان دەهێنێت بۆ هێرشكردنەسەر عەفرین، بۆئەو مەبەستە ڕاهێنانی بە داعشەكان كردووەو داوای لێكردوون تاكتیكی هێرشەكانیان بگۆڕن‌و خۆیان نەتەقێننەوە بۆئەوەی دەرنەكەوێت كە داعشن.

 

یەپەگە كە هێزی چەكداریی كوردەو ئێستا بەرگری لە عەفرین دەكات دژی هێرشەكانی توركیا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌و داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە.

 

هەرچەندە لە بۆردومان‌و هێرشەكانی توركیادا بۆ سەر عەفرین ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنی كوژراون‌و برینداربوون‌، لە چەندین گوندو ناحیەش خانووی هاوڵاتییان كراونەتە ئامانجی بۆردومانەكان‌و خاپووركراون‌و زیانی مادییان پێگەیشتووە، بەڵام خەڵك سوورن لەسەر مانەوەو بەجێنەهێشتنی ماڵ‌و زەوی‌و زارەكانیان.

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە ئامانجی سەرەكیی لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

بەگوێرەی یاساكانی پاراستن‌و ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا، ڕۆژهەڵاتی ئاوی فورات ناوچەی ئەمەریكایەو ڕۆژئاواش هی ڕوسیایە‌و كانتۆنی عەفرین دەكەوێتە ڕۆژئاواو دەبوو ڕوسیا بیپارێزێت لە هەر هێرشێكی ئاسمانیی، بەڵام ئەوەی نەكردو ڕێگەیدا توركیا بۆردومانی چڕی بكات.

 

بەرلەوەی توركیا هێرش بكاتەسەر عەفرین، ڕوسیا كە پاراستنی ئەو ناوچەیەی لە ئەستۆیە فشاری خستووەتەسەر كورد عەفرین ڕادەستی سوریا بكات، بەڵام كورد ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو ڕێگای بەرخۆدان‌و پاراستنی ناوچەكەی هەڵبژاردووە، ئەمەش بەوتەی وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

ئێستا تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی‌ بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادان‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.