ناڕازییەكانی گۆڕان چەند پرسیارێك ئاڕاستەی عومەری سەید عەلی دەكەن

01-03-2018 08:32
عومەری سەید عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان بەردەوامەو ناڕازییەكان چەند پرسیارێك ئاڕاستەی عومەری سەید عەلی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەكەیان دەكەن، تەئكیدیش دەكەنەوە كاری جددی دەكەن ئەو ناكۆكییەكانە كاریگەریی خراپی نەبێت بۆسەر گۆڕان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

 

پرسی گەرمی ناوخۆی گۆڕان‌و كۆڕو كۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە هەڵوێست‌و نیگەرانیی دەنگە ناڕازییەكانە كە بەم دواییانە چووە قۆناغێكی تووندترو عوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان‌و كەسایەتی دیاری بزووتنەوەكە ڕابەرایەتی ناڕازییەكان دەكات.

 

عوسمانی حاجی مەحمود هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی لە بزووتنەوەكە كردووە ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن‌و جڤاتی نیشتمانی نەكرێتە ناوەندی بڕیاردان، هەریەكە لە قادری حاجی عەلی كەسایەتیی دیارو شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی پشتیوانیی دەكەن.

 

بەرپرسانی گۆڕان خۆیان بەدوور دەگرن لە قسەكردن بۆ ڕاگەیاندنەكان بەناوی خۆیانەوەو دەڵێن، نایانەوێت قسەكردنیان كاریگەریی خراپی لێبكەوێتەوە، بەڵام ناڕازییەكان بۆ پەرەگراف ڕاوبۆچوون‌و پێشنیارەكانی خۆیان خستەڕوو.

 

كێشەكانی ناوگۆڕان بڕیاردانی چەند گۆڕانكارییەكی ناوخۆییە كە بەبێ گەڕانەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی دراون، سەرەكیترینیان گۆڕانكارییە لە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەكە، ئەوەش دوای ئەوەی عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی گۆڕان، بڕیارێكی پێشووی نەوشیروان مستەفای هەڵوەشاندەوە كە ڕاگەیاندنەكانی یەكخستبوو لە ژێر ناوی میدیای گۆڕان.

 

عومەری سەید عەلی كەناڵی كەی ئێن ئێنی جیاكردەوەو كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفای كردبە بەڕێوەبەری، ئەوەش نیگەرانیی فراوانی لێكەوتەوەو بە پێچەوانەی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان لەقەڵەمدرا.

 

خاوەندارێتیی ڕاگەیاندنی گۆڕان‌و بەتایبەت كەناڵی كەی ئێن ئێن یەكێكە لەو پرسانەی لەناو گۆڕاندا لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، هەریەكە لە نماو چیا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا چاویان لەسەر ئەوەیە ڕاگەیاندن بخەنەژێر ڕكێفی خۆیانەوە بۆئەوەش كاربۆئەوە دەكەن بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە كە بەناوی خۆیانەوەیە، ئەمەش كێشەكانی قوڵتر كردووەتەوە.

 

ناڕازییەكانی گۆڕان دەڵێن، ئەوان سوورن لەسەرئەوەی پرسی خاوەندارێتی ڕاگەیاندن لە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لێبدرێت‌و یەكلایی بكرێتەوە، "بەڵام ئاڕاستەكەی دیكە ئەوەی ناوێت، چونكە ڕەنگە ئەنجامەكەی بەدڵی ئەوان نەبێت."

 

هەربەهۆی ئەو كێشانەوە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە بڕیار بوو شەممەی ڕابردوو بێت، بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، دەنگە ناڕازییەكان سوورن لەسەرئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی جڤات بكرێت‌و پرسی میدیا بڕیاری لە بارەوە بدرێت.

 

"بۆچی لەم كاتەدا ڕێكخەری گشتی‌و ئەو برادەرانەی دیكە دەستیان بۆئەم پرسی میدیایە برد؟ بۆ بەم جۆرە گۆڕانكارییان كرد؟" ئەمە بەشێكە لە پرسیاری دەنگە ناڕازییەكان بۆ كەسی یەكەمی حزبەكەیان، ئەوان خۆیان نایانەوێت بە بۆچوون‌و هەڵسەنگاندنی خۆیان وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە.

 

ناڕازییەكانی گۆڕان كە لە بڕیارو هەڵوێستەكانی عومەری سەید عەلی نیگەرانن، دەشڵێن"سەرباری جیاوازیمان لە هەندێك پرسدا، بەڵام كاك عومەر لە هەرە پاكترین سیاسییەكانی كوردستانەو هەرلەسەرەتاوە وا هێناویەتی، ئێستا بۆ وادەكات؟ ئەمەش مایەی پرسیارە."

 

ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانیی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەكات لەم پرسەدا، ناڕازییەكانی گۆڕان باسلەوەدەكەن، بزووتنەوەكەیان سێ پایەی گرنگی هەیە، پارەو دارایی، ڕەمزی مەعنەوی‌و میدیا، یەكەم‌و دووەم بەهۆی باوكیانەوە لای كوڕەكانی نەوشیروان مستەفان، ئەگەر میدیاش بكەوێتە ژێر ڕكێفیان بەتەواوی كۆنتڕۆڵی گۆڕان دەكەن، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا هیچ پۆستێكیان لەناو حزبەكەدا نییە.

 

بەلای ناڕازییەكانەوە ئاساییە ئەگەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بیانەوێت بچنە كاری سیاسی یاخود خۆیان كاندید بكەن بۆ هەر پۆستێك، ئەوەش وەك هەر گەنجێكی دیكەی گۆڕان بە ڕێوشوێنی ئاسایی، "بەڵام ئەوان تائێستا هیچ خواستێكی لەوجۆرەیان پیشان نەداوەو تەنها دەیانەوێت دەستبەسەر تەواوی بزووتنەوەكەدا بگرن."

 

وەك ناڕازییەكانی گۆڕان دەڵێن، ڕێگە بەوەنادەن ئەم پرسە "دیزە بە دەرخۆنە بكرێت"، ئەوەشدەخەنەڕوو، ئەزموونی یەكێتی دووبارە ناكەنەوە لە كەڵەكە كردنی كێشەكانیان بەبیانووی نەگونجاویی كات‌و پاساوی دیكە.

 

ئەو دۆخە ناوخۆییەی گۆڕان لەكاتێكدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەبەردەم ئەو بزووتنەوەیەدایەو مانگی داهاتوو هەڵمەتی بانگەشە دەستپێدەكات، ئەوەش وایكردووە هەموو ئاڕاستەكانی ناو گۆڕان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن‌و هەوڵبدەن بزووتنەوەكەیان لە زیان بپارێزن.

 

ناڕازییەكان بۆ پەرەگراف تەئكیدیان لەوەكردەوە، لەگەڵ سووربوون لە چارەسەركردنی كێشەكان‌و گەڕانەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی بۆ بڕیاردان، هاوكات ڕێگە لەوە دەگرن كێشەكانیان مەترسی بۆسەر دەنگ‌و پێگەی گۆڕان دروست بكات لە هەڵبژاردندا.

 

هەردوو ئاڕاستەكەی ناو گۆڕان ئەم هەفتەیە كەوتنە هەڵدانەوەی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا بۆ پشتیوانیی خۆیان، ئاڕاستەی كوڕەكانیی، ڤیدیۆیەكی كۆنی نەوشیروان مستەفایان بڵاوكردەوە كە تێیدا خواستی خۆی پیشاندەدات بۆ سەربەخۆكردنی ڕاگەیاندن لە بزووتنەوەكەو خستنەسەر كۆمپانیای وشە.

 

لە بەرامبەردا ناڕازییەكان، دواین نوسراوی نەوشیروان مستەفایان لەسەر ئەو بابەتە بڵاوكردەوە كە 1-3-2015 دەریكردووەو تەواوی میدیاكان‌و ژووری ڕۆژنامەوانیی لە ژێر ناوی میدیای گۆڕان یەكخستووەو بە یەكێك لە "بڕیارە دەگمەنەكانی كاك نەوشیروان" ناوی دەبەن كە بە نووسین بووە نەك بە زارەكی‌و لای ئۆرگانەكانی گۆڕان بوونی هەیە.

 

ئاڕاستەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەڵێن، ڕاسپاردەی كۆنگرەی حزبەكەیان هەیە كە میدیاكان بخرێنەسەر كۆمپانیای وشە كە ئێستا بەناوی نماو چیاوەیە، بەڵام ئەو كەسانەی هاوڕای عوسمانی حاجی مەحمودن لەگەڵ ئەوەی باسلەوەدەكەن چەندین ڕاسپاردەی دیكەی كۆنگرەیان هەیەو جێبەجێ نەكراون، دەشڵێن، دەستووری ناوخۆیی گۆڕان ئەوەی یەكلایی كردووەتەوە كە میدیای هی حزبە نەك كۆمپانیاو كەسایەتیی.

 

دەقی مادەی یەكەم لە بەشی نۆیەمی دەستووری ناوخۆیی گۆڕان دەڵێت"جڤاتی نیشتمانی دامەزراوەی سەركردایەتی بوارەكانی كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی و میدیایی بزوتنەوەی گۆڕانە."

 

مادەی دووەمی هەمان بەش كە ئەركەكانی جڤاتی نیشتمانی دیاریكردووە تێیدا هاتووە"سەرپەرشتی كردنی هەمو دەزگا و دامەزراوەكانی گۆڕان؛ چاودێری و هەڵسەنگاندنی ئەدای هەمو ئاستەكانی پەیكەرەی رێكخراوەیی بزوتنەوەكە."

 

هەوڵەكانی نماو چیا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڕاگەیاندنی گۆڕان نوێ نین، چەند هەفتەیەك دوای كۆچی دوایی باوكیان كاتێك گردی زەرگەتەو كۆمپانیای وشەو پشكیان لە كۆمپانیایەكی چیمەنتۆ خستەسەر ناوی خۆیان، هەوڵیاندا كۆنتڕۆڵكردنی ڕاگەیاندنیش بكەن، بەڵام ئەوكات ڕێگرییان لێكراو ئێستا مانۆڕێكی نوێیان بۆئەو مەبەستە دەستپێكردووە.

 

د.ئاكۆ حەمەكەریم، كە ئێستا بەڕێوەبەری كەناڵی كەی ئێن ئێنە‌و كەسێكی نزیكی نماو چیایە، ڕۆژی دەستبەكاربوونی دەربارەی خاوەندارێتیی ئەو كەناڵە بە پەرەگرافی وت"خاوەندارێتی كەناڵەكە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی 2007ەوە كۆمپانیای وشە بووە، تا ئێستاش كەی ئێن ئێن‌و سایتی سبەی هەر سەر بە كۆمپانیای وشەن."

 

ئاكۆ حەمەكەریم وتیشی"كەی ئێن ئێن‌و میدیاكانی تر بەشێكن لە بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەكو خاوەندارێتی، دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای وشە كە كاك نەوشیروان خاوەنی بووە."

 

ڕاگەیاندنی گۆڕان لە كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن، ڕادیۆی گۆڕان‌و سایتی سبەی پێكهاتووە، ڕاگەیاندنەكە گرنگترین بەشی بزوتنەوەكەیە‌.