بە ڤیدیۆ؛ ڕابردوو، ئێستاو داهاتووی عەفرین وێران دەكرێت

10-03-2018 04:16
تۆپبارانی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین.

 

پەرەگراف

 

هێرشی ئاسمانیی‌و زەمینیی توركیا بۆسەر كانتۆنی عەفرین پێینایە 50یەمین ڕۆژ، ژیانی خەڵكی مەدەنی ناوچەكە لەوپەڕی خراپیدایەو ماڵ‌و خانووی هاوڵاتیان‌و شوێنەوارە مێژووییەكان زیانی زۆریان بەركەوتووەو وێرانبوون.

 

ڕەوشی عەفرین لە ژێر هێرشەكانی توركیادا بە سەرۆكایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەو وڵاتە بە جۆرێكە، كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆیی تایبەتدا دەڵێت"ڕابردوو، ئێستاو داهاتووی عەفرین وێران دەكرێت."

 

كەناڵەكە دیمەنی پەرستگایەكی مێژوویی پیشاندەدات كە ئاسەواری 3 هەزار ساڵەی تێدا بووەو وەك خۆی مابووەوە، بەڵام لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردومان كراوەو وێران بووە‌و پاشماوەیەكی كەمی ماوەتەوە، هەروەها لە زاری خەڵكی ناوچەكەوە باسلە ڕەوشی ژیانیان دەكات لەژێر هێرشەكانی توركیادا، دیمەنی ئەو گەڕەكانە پیشاندەدات كە توركیا وێرانی كردوون‌و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكی مەدەنین.

 

 ڕاپۆرتە ڤیدیۆییەكەی سی ئێن ئێن.

 

سەربازانی توركیاو چەكدارانی میلیشیای سوپای سوریای ئازاد، 6 هەفتەیەك هێرشیان دەستپێكردووەو دەیانەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە عەفرین دەربكەن، توركیا سەرباری هێرشی چڕی ئاسمانیی، لە هێرشی زەمینیشدا پەنای بۆ پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بردووەو بەكاریان دەهێنێت، بۆئەو مەبەستە ڕاهێنانی بە داعشەكان كردووەو داوای لێكردوون تاكتیكی هێرشەكانیان بگۆڕن‌و خۆیان نەتەقێننەوە بۆئەوەی دەرنەكەوێت كە داعشن.

 

یەپەگە كە هێزی چەكداریی كوردەو ئێستا بەرگری لە عەفرین دەكات دژی هێرشەكانی توركیا، بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌و داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە.

 

هەرچەندە لە بۆردومان‌و هێرشەكانی توركیادا بۆ سەر عەفرین ژمارەیەكی زۆر خەڵكی مەدەنی كوژراون‌و برینداربوون‌، لە چەندین گوندو ناحیەش خانووی هاوڵاتییان كراونەتە ئامانجی بۆردومانەكان‌و خاپووركراون‌و زیانی مادییان پێگەیشتووە، بەڵام زۆرێك لە خەڵكی ناوچەكە سوورن لەسەر مانەوەو بەجێنەهێشتنی ماڵ‌و زەوی‌و زارەكانیان.

 

بەپێی میدیاكانی نزیك لە پەیەدە، ئەمڕۆش لە بەرەكانی؛ جندرێس، شەرا، بلبلێ شەڕ بەردەوام بووەو هەر ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا ناوەندی عەفرین‌و دەوروبەرییان بە چڕی بۆردومان كردووە، كە سەدان هەزار هاووڵاتیی مەدەنییان تێدا نیشتەجێیە.

 

ئاژانسی فورات نیوز-نزیك لە یەپەگە- بڵاویكردەوە، لە ماوەی هێرشی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنانی دووگیان، منداڵەكانیان لەبارچووەو ڕەوشی تەندروستی هەندێك لەو ژنانەش ناجێگیرە.

 

فورات نیوز، چیرۆكی یەكێك لەو ژنانەی باسكردووە كە تووشی ئەو حاڵەتەبووە، زەینەب خەڵكی گوندی خۆمووسێیە‌و مانگی ڕابردوو منداڵەكەی ناوسكی كە حەوت مانگ بووە بەهۆی بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە لەباری چووە.

 

"لە 23ی شوبات لەكاتی ڕوماڵ كردنی دۆخی ژیانی خەڵكی عەفرین سەردانی یەكێك لەو ئەشكەوتانەمان كرد كە هاووڵاتیان خۆیان تێدا حەشاردابوو، زەینەب لەبەر ئێش‌و ئازاری زۆر لەژێر پێخەفەكەیدا خۆی داپۆشیبوو، كە دواتر دەركەوت بە هۆی ئازاری زۆرەوە منداڵەكەی لەبار چووە."

 

بەوتەی دراوسێكانی، زەینەب بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە ئاوارەی عەفرین بووەو لەوێش بەهۆی بۆردومانی توركیاوە ناچار چووەتە ئەشكەوتەكانی ناوچەكە بۆ خۆحەشاردان.

 

لە سەرەتای هێرشەكانی توركیاوە بۆ سەرعەفرین، "35 منداڵ‌و 29 ژن‌و بەگشتیی 232 هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بوون. لەنێو بریندارەكانیشدا 90 منداڵ، 100 ژن‌و بەگشتیی 668 هاوڵاتیی بریندار هەن."

 

گرنگیی‌و پێگەی عەفرین

 

عەفرین شارێكی ڕۆژئاوای كوردستانەو لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای حەلەب-ی سوریایەو هاوسنورە لەگەڵ توركیا بە درێژایی 100 كیلۆمەتر.

 

عەفرین نزیكترین ناوچەی كوردستانە لە دەریای سپییەوە، توركیا ترسی ئەوەی هەیە كورد ڕاڕەوێك دروست بكات كە ڕۆژئاوای كوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی، بەڵام بۆئەوەی كورد بگاتە دەریای سپی دەبێت ئیدلب لە دەستی بەرەی نوسرە ڕزگار بكات، ئەوەش یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پلانی ڕوسیا كە ئامانجی سەرەكیی لە سوریا لە 2018دا لەناوبردنی بەرەی نوسرە دەبێت كە ئێستا بە(دەستەی ڕزگاریی شام) ناسراوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنی توركیا لەگەڵ ڕوسیاو ئێران لە ئاستانە، دەبێت شاری ئیدلب هاوشێوەی شارەكانی دیكەی سوریا وەكو حەلەب، حومس‌و حەماو دەوروبەری دیمەشق ڕادەستی حكومەتی سوریا بكرێن بەسەرپەرشتی ڕوسیا، بەڵام توركیا مەرجی ئەوەیە كە یەپەگەش عەفرین ڕادەست بكات.

 

بەگوێرەی یاساكانی پاراستن‌و ڕێككەوتنەكان دەربارەی دۆخی سوریا، ڕۆژهەڵاتی ئاوی فورات ناوچەی ئەمەریكایەو ڕۆژئاواش هی ڕوسیایە‌و كانتۆنی عەفرین دەكەوێتە ڕۆژئاواو دەبوو ڕوسیا بیپارێزێت لە هەر هێرشێكی ئاسمانیی، بەڵام ئەوەی نەكردو ڕێگەیدا توركیا بۆردومانی چڕی بكات.

 

بەرلەوەی توركیا هێرش بكاتەسەر عەفرین، ڕوسیا كە پاراستنی ئەو ناوچەیەی لە ئەستۆیە فشاری خستووەتەسەر كورد عەفرین ڕادەستی سوریا بكات، بەڵام كورد ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو ڕێگای بەرخۆدان‌و پاراستنی ناوچەكەی هەڵبژاردووە، ئەمەش بەوتەی وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف.

 

هەرچەندە ماوەی 3 هەفتەیە، كوردو حكومەتی بەشار ئەسەد، گەیشتوونەتە ڕێككەوتن‌و هێزەكانی سەربە ئەسەد چوونەتەناو عەفرین بەمەبەستی پاراستنی سنورەكانی لە هێرشی سوپای توركیا، بەڵام تائێستا كاریگەرییان نەبووە.

 

عەفرین بە (بووكی كوردستان) ناودەبرێت، ناوچەیەكی شاخاویی‌و گەشتیارییە، داهاتی سەرەكی لە سەر زەیتون‌و میوەو سەوزە‌و گەنمە، لە 360 گوند پێكدێت‌و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنتڕۆڵكراوەو لەو كاتەوە سەرباری هەموو گەمارۆو هێرشی گروپە چەكدارەكان، كورد توانیویەتی بیپارێزێت‌و پێشكەوتن لە كەرتی جۆراوجۆر لە ناوچەكە بەدیهاتووە.

 

باكوری عەفرین توركیایە، شاری حەلەب دەكەوێتە باشورییەوە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە ناوچەكانی عەزازو باب هەن كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بە توركیان، لە ڕۆژئاوای عەفرین شاری ئیدلب هەیە كە بەرەی نوسرە بەهێزترین گروپی ئەو شارەیەو چەندین گروپی دیكەش هەن كە تێیاندایە سەربە توركیان.

 

ئێستا تەنها ڕێڕەوێك كە كوردانی ڕۆژئاوا بتوانن لێیەوە بچنە عەفرین بۆهەر مەبەستێك ڕێگای حەلەبە كە بەدەست حكومەتی سوریاوەیەو ڕێككەوتن لە نێوان كوردو سوریا هەیە بۆ هاتووچۆكردن‌و ئاستەنگی دروست نەكردن، ڕێگای مەنبەج-حەلەب‌و حەلەب-عەفرین لە ژێركۆنتڕۆڵی حكومەتی سوریاو شەڕڤانانی كورددایە.

 

هەتا عەفرین لەژێر دەستی هێزی كوردیدا بێت ئەو خەونەی ئەردۆغان نایەتەدی‌ بۆ یەكخستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیادان‌و ناوچەكان لە یەكتر دابڕاو دەبن.