ئەردۆغان هەڕەشەی داگیركردنی شارەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان‌و شەنگال دەكات

19-03-2018 07:29
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا.

 

پەرەگراف

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، هێرشەكانی وڵاتەكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوام دەبێت‌و دوای عەفرین دەچنە شارەكانی دیكە، هەڕەشەی دەركردنی پەكەكەش لە شەنگال دەكات‌و دەڵێت، بە عێراقیان وتووە ئەگەر چارەسەری نەكەن شەوێك لەناكاو سوپای وڵاتەكەی دەچێتە شەنگال.

 

هەڕەشەكانی ئەردۆغان دوای ئەوەدێت، دوێنێ سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا پاشماوەكانی داعش هەن، چوونە ناو عەفرین، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ.

 

دانیشتووانی عەفرین بۆ ڕزگاربوون لە كۆمەڵكوژیی لەسەر دەستی سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە شارەكەیان جێهێشت‌و ئاوارە بوون، كانتۆنی عەفرین تەئكید دەكاتەوە، بە داگیركردنی عەفرین، خەباتیان دەچێتەن قۆناغێكی نوێ‌و تا سەركەوتن بەردەوام دەبن‌و شێوازی شەڕكردن دەگۆڕن‌و دوای دورخستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەكانی شەڕ، شەڕڤانان هێرشیان دەستپێكردووە.

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ئەمڕۆ لە وتارێكدا تەئكیدی كردەوە هێرشەكانی وڵاتەكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بە عەفرینەوە ناوەستێت‌و بەرەو مەنبەج، كۆبانێ‌و قامشلۆ دەچن.

 

ئەردۆغان هەڕەشەی هێرشكردنەسەر خاكی هەرێمی كوردستانیشی كردو وتی"ئەگەر پێویست بكات كەمپەكانی تیرۆریستان لە باكووری عێراق دەخەینە ژێر چاودێری بەردەوامەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە حكومەتی ناوەندیی عێراقمان وت سەیركەن لێرە هەمان سیناریۆكانی قەندیل ڕوودەداتەوە. ئەو قەندیلی دووەمە شەنگالە، ئەگەر ئەو كارە بەخۆتان چارەسەری دەكەن، بیكەن. ئەگەر پێتان چارەسەر ناكرێ ئێمە ڕاستەوخۆ شەوێك دەچینە ناو شنگال و ئەوێ لە پەكەكە پاكدەكەینەوە."

 

هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەسی لێكەوتۆتەوە، وەك دانیشتوانی ئەو كانتۆنە دەڵێن، ماڵەكانیان جێهێشتووەو ئامانجیان ئەوەبووە خۆیان‌و منداڵەكانیان لە كۆمەڵكوژیی بپارێزن.

 

بەپێی ئامارەكان لە ماوەی 2 مانگی هێرش‌و بۆردومانەكانی توركیادا، 500 كەسی مەدەنی لە عەفرین شەهیدبوون كە چەندین ژن‌و منداڵیان لەناودایە‌و زیاتر لە هەزاری دیكەش برینداربوون، هەروەها 820 شەڕڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوون كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی.

 

لەگەڵ چوونەناو عەفرین، چەكدارە جیهادییەكان كە توركیا پشتیوانییان دەكات دەستیانكرد بە دزیی‌و تاڵانكردنی ماڵ‌و دوكانەكانی شارەكە، ئەوەش بووە جێی بایەخی ڕاگەیاندنەكانی جیهان.

 

تاڵانكردنی عەفرین. 18-3-2018.

 

ئەمڕۆش تەقینەوەیەك لەناو عەفرین لە دژیان ئەنجامدراو یەپەگە ڕایگەیاند"لە كاتێكدا كە سەربازان و چەتەكانی سوپای داگیركەری توركیا لە ناو شاری عەفرین خەریكی تاڵان و دزی بوون، بە تەقینەوەیەكی بەهێز چالاكی لە دژیان ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 50 سەرباز و چەتەی تورك كوژران و ژمارەیەكی زۆریش برینداربوون." ڕاگەیاندنەكانی توركیاش ئەم هەواڵەیان بڵاوكردووەتەوە، بەڵام ژمارەی كوژراوانیان بە دەوروبەری 10 كەس ڕاگەیاندووە.

 

هاوكات بروسك حەسەكە وتەبێژی یەپەگە لە عەفرین ڕایگەیاند"ئێمە بەڵێنمان بە گەلی خۆمان داوەو لەسەر بەڵێنی خۆمانین. شەڕ لە دژی داگیركاریی توركیا دەربازی قۆناغێكی نوێ بوو. هەتا یەك سەربازی توركیا لەسەر خاكی عەفرین مابێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕی خۆمان. ئەم شەڕە ئاسان نییە و درێژە دەكێشێت."

 

وتەبێژەكەی یەپەگە وتیشی"ئامانجی دەوڵەتی توركیا لە هێرشەكانی بۆ سەر عەفرین گورز لێدانە لە ژیانی ئاشتیانە و پێكەوەژیانی گەلان. ئێمە بەڵێن دەدەین كە شەڕڤانانی یەپەگە\یەپەژە ڕێ نەدەن كە دەوڵەتی توركیا بەردەوامی بە كۆمەڵكوژكردنی گەلی كورد لە عەفرین بدات. ئێمە لە پڕۆسەی پاراستنی گەلدا بووین، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی سیڤیل لە هەرێمە سەقامگیرەكان جێگیركران، دەست بە پڕۆسەی هێرشبردن بۆ سەر سوپای توركیای داگیركەر و چەتەكان دەكەین. بێ دوودڵی و بە هەموو ڕێبازەكان، خاڵەكانی داگیركەران دەكەینە ئامانجی هێرشەكانمان."

 

 

تاڵانكردنی دوكانەكانی عەفرین. 18-3-2018.

 

سەربازانی توركیاو چەكدارانی میلیشیای سوپای سوریای ئازاد، دەیانەوێت یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە عەفرین دەربكەن، توركیا سەرباری هێرشی چڕی ئاسمانیی، لە هێرشی زەمینیشدا پەنای بۆ پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بردووەو بەكاریان دەهێنێت، بۆئەو مەبەستە ڕاهێنانی بە داعشەكان كردووەو داوای لێكردوون تاكتیكی هێرشەكانیان بگۆڕن‌و خۆیان نەتەقێننەوە بۆئەوەی دەرنەكەوێت كە داعشن.

 

یەپەگە  بەهێزترین هێزی شەڕكەر بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دژی تیرۆریستان‌، داعش لەسەر دەستی شەڕڤانان گورزی كوشندەی بەركەوتووەو چەندین ناوچەی لە دەستداوە.

 

بروسك حەسەكە جارێكی دیكە ڕەخنەی تووندی لە ڕوسیا گرت كە گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەكانی توركیا هەڵكردووە، لە كاتێكدا عەفرین ناوچەی پاراستنی ئەو وڵاتەیەو دەبوو ڕێگەی نەدایە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئاسمانی ئەو ناوچەیە ببەزێنن.

 

ڕوسەكان مێژووی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە عەفرین دووبارە دەكەنەوە

 

"ڕوسیا لە شۆڕشی قازی محەمەدو كۆماری مەهابادیش بە هەندێك ڕێككەوتن‌و بازاڕكردن پەیوەندیی بە حكومەتی شاوە كردو پشتی كردە كورد، ئێستاش ئەوپرسە دووبارە دەبێتەوە" ئەمە وتەی عەبدولكەریم عومەر، وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرەیە لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ پەرەگراف.

 

یەكێتی سۆڤیەت(ڕوسیا) بە ڕابەرایەتی جۆزێف ستالین، لە 1946 پشتیوان‌و پاڵنەری سەرەكیی كوردانی ڕۆژهەڵات بوو بۆ دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بە سەرۆكایەتی قازی محەمەد، كۆمار كەمتر لە ساڵێك مایەوەو سۆڤیەت پشتی تێكردو گۆڕییەوە بە نەوت لەگەڵ ڕژێمی شای ئێران.

 

دوای 72 ساڵ لەو ڕێكەوتە، ڕوسیا بە سەرۆكایەتی ڤلادیمێر پۆتین مێژووی وڵاتەكەی لە پشتكردنە كورد لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان دووبارە دەكاتەوە، بەڵام ئەمجارە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان لە عەفرین، وادیارە پەندیان لە مێژوو وەرگرتووەو دوای دەستبەردانی ڕوسیا، توانییان بەرگریی بكەن‌و پشت بەخۆیان ببەستن.

 

د.عەبدولكەریم عومەر باسیلەوەكرد، ئیرادەی خۆیان لە دەستی خۆیاندایە‌و كاتێك پەیوەندییان لەگەڵ ئەمەریكا لە ئاستێكی بەرزدابووە، لەو شوێنانەی ڕۆژئاواش كە ڕوسیای تێدابووە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەشدا هەبووە.

 

لە عەفرین‌و دەوروبەری، بنكەیەكی سەربازیی ڕوسیا هەبوو، بەڵام لەگەڵ هێرشەكانی توركیادا ڕوسیا سەربازەكانی لەو ناوچەیە كشاندەوەو ئەوەش وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەنقەرە خوێندنەوەی بۆكراو بەشێك لە بەرپرسانی كورد ڕوسیایان بە "خیانەت"كردن تۆمەتبار كرد.

 

وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە، پێیوایە ڕوسیا خیانەتی لە كورد نەكردووە، بەوپێیەی دەوڵەتێكی گەورەیەو خاوەن بەرژەوەندییەو بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە ئەوەی خواستووە، وتیشی"مومكینە لە پاشەڕۆژدا ئەمەریكاش پشتبكاتە ئێمە، ئەوانە دەوڵەتی گەورەن‌و بەرەژەوەندیی خۆیان هەیە، ئێمەش بەرژەوەندیی خۆمان هەیە."

 

بۆ خوێندنەوەی وردەكاریی زیاتر دەربارەی هەڵوێستی ڕوسیا لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد‌و هەڵوێستی ئەو وڵاتە لە عەفرین‌و دۆخی ئەوكاتی ئێران‌و ئێستای سوریا كلیك لێرە بكە.