گۆڕان پارێزگاری لە "دەنگە نوستووەكان"ی دەكات یان بەرهەم ساڵح دەیانبات؟

05-05-2018 06:03
بەرهەم ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانی - عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی گۆڕان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرپرسانی گۆڕان دوو دڵن لە چارەنوسی "دەنگە نوستووەكان"یان لە نێوان پارێزگاری لێكردن‌و بردنیان لەلایەن هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحەوە، ئەوە لەكاتێكدایە وەك خۆیان دەڵێن، دڵنیان لەوەی لیستە نوێیەكان ناتوانن دەنگە جێگیرەكانی گۆڕان ببەن.

 

جیاوازیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕانخوازان تەنها ئەوەنییە نەوشیروان مستەفایان لە ناودا نییە، دروستبوونی چەند هێزێكی نوێ كە پێگەی جەماوەرییان لە سلێمانییەو گۆڕان لەو پارێزگایە دەنگی یەكەمی هەیە، یەكێكی دیكەیە لە جیاوازییە دیارەكانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕان.

 

ئەوەش وایكردووە، بەرپرسانی بزووتنەوەكە هەرلەسەرەتاوە بە جۆش‌و خرۆشێكی زۆرەوە هەڵمەتی بانگەشە دەستپێبكەن‌و هەوڵی تەواو بدەن دەنگ‌و قورساییان كەم نەكات.

 

لیستە نوێیەكانی هەرێم بۆ ئەم هەڵبژاردنە كە بەهەمانشێوەی گۆڕان پێگەی جەماوەرییان لە سلێمانی هەیە، دیارترینیان هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەریی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح‌و نەوەی نوێ-یە بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید.

 

بەرپرسانی گۆڕان كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردوون، دەڵێن، ترسیان لەوە نییە لیستە نوێیەكان لەوانەش هاوپەیمانیی، دەنگەكانی گۆڕان ببات، بەڵام هەندێكیان پێیانوایە بەرهەم ساڵح كاریگەریی دەبێت بۆسەر "دەنگە نوستووەكانی گۆڕان كە لەناو یەكێتیدان" مەبەستیان لەوەش دەنگی ئەو كەسانەیە كە خۆیان یەكێتین‌و لە دامودەزگا ئەمنیی‌و مەدەنییەكانی ئەو حزبەدان، بەڵام لە هەڵبژاردندا دەنگ بە گۆڕان دەدەن.

 

وەك بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن، ئەو دەنگانە كە بە "نوستوو" ناوی دەبەن، ژمارەیان "زیاترە لە 25 هەزار دەنگ" -بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی دەنگیان لە هەڵبژاردنی 2014-، لەو ڕێژەیەش زۆرینەیان لەناو هێزەكانی پێشمەرگەن، ئەوانی دیكەش هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆن.

 

هێزە چەكدارو ئەمنییەكان، بەشێكن لە دەنگدەرانی تایبەت كە دوو ڕۆژ پێش دەنگدانی گشتی‌و لە 10ی ئەم مانگەدا دەنگ دەدەن بۆ پەرلەمانی عێراق.

 

ئەو كەسانەی لە ڕیزی هێزی چەكدارو ئەمنییدان، یەكێتی‌و پارتی بە "كۆنتڕۆڵكراو" ناویان دەبەن‌و مسۆگەرترینن بۆ دەنگدانیان بەو دوو حزبە، بەوپێیەی هەرلەسەرەتاوە دامەزراندنیان بە ئینتیمای حزبی‌و پشتگیری ئەو دوو حزبە بووە.

 

پەرەگراف لە زاری سەرچاوەی متمانە پێكراوەوە زانیویەتی، بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی لە كۆبوونەوەی ناوخۆییاندا دانیان بەوەداناوە، تەنانەت دەتوانن "دەنگی زۆرینەی هێزە چەكدارەكان لە ناو خۆیاندا دابەش بكەن‌و ئاڕاستەیان بكەن بۆ دەنگدانیان بەهەر كاندیدێك كە مەبەستیان بێت دەربچێت."

 

بەپێی ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو، پارتی‌و یەكێتی فشاری جۆراوجۆرو ڕێگای جیاوازیان گرتووەتەبەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری دەنگی هێزە ئەمنییەكان بۆخۆیان، تەنانەت كار گەیشتووەتە نانبڕینی هەندێك لەوانەی زانیویانە دەنگیان بە حزبی دیكە داوە.

 

لە دوای پارتی‌و یەكێتی، بزووتنەوەی گۆڕان زۆرترین دەنگی هەیە لەناو دەنگدەرانی تایبەت‌و هێزە چەكدارەكاندا بەتایبەت ئەوانەی سەربە یەكێتین.

 

دودڵی هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان لە چارەنوسی دەنگە نوستووەكانیان بۆئەوە دەگەڕێتەوە، بەرهەم ساڵح كە ئێستا لیستی خۆی هەیە بۆ هەڵبژاردن، پێشتر جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بووەو لە پۆستی باڵای حكومەتیشدا بووە وەك سەرۆكوەزیران، بەرپرسێكی گۆڕان وتی"ڕەنگە بەهۆی باكگراوندە حزبیەكەی پێشووی، بەرهەم ساڵح هەندێك دەنگی نوستووی ئێمە ببات."

 

ئەوە لە كاتێكدایە هەندێك بەرپرسی دیكەی گۆڕان پێیانوایە لەگەڵئەوەی لیستە نوێیەكان ناتوانن دەنگە نوستووەكانیان ببەن، باسلەوەشدەكەن ئەو دەنگانەیان زیاد دەكات.

 

"پێشمەرگەو هێزی چەكدار زۆر زوڵمیان لێكراوە لەلایەن پارتی‌و یەكێتی‌و حكومەتەكەیانەوە، گۆڕان بەرگری سەرسەختانەی لێكردوون، هەربۆیە پێشبینی دەكەین دەنگی زیاتر بهێنین لەناویاندا"بەرپرسێكی دیكەی گۆڕان وا دەڵێت.

 

هاوكات چاوەڕوان دەكرێت بەرهەم ساڵح دەنگی بەشێك لە یەكێتیش ببات لەناو هێزە ئەمنیی‌و چەكدارەكاندا، ئەوانەش دەنگی كەسیی خۆی‌و كاریگەری ئەو فەرماندە سەربازییانەی یەكێتی دەبن كە لە ماوەی ڕابردوودا بە ئاشكرا پشتیوانیی‌و هاوسۆزییان بۆ لیستە نوێیەكەی دەربڕیوە، بەبێئەوەی لە یەكێتی بچنە دەرەوە.

 

بەرهەم ساڵح هەرلەسەرەتای دامەزراندنی حزبەكەیەوە پەیامی ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵگرتووەو بۆئەوەش نزیكبوونەوەی زۆری هەیە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و لە ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك لیست بەشدارن لە هەڵبژاردندا.

 

ئەو سێ حزبە ڕێككەوتنێكی دیكەی فراوانتریان ئەنجامداوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە تائێستا ڕێككەوتنەكەیان بۆ ڕایگشتی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام پەرەگراف  سەرەتای مانگی ڕابردوو ناوەڕۆكی ئەو ڕێككەوتنەی ئاشكرا كردو ئەوەی خستەڕوو، بۆ كاركردنی هاوبەشە دەربارەی هەڵبژاردن‌و هەماهەنگی لە بانگەشەو دژایەتی یەكتر نەكردن.

 

بەپێی ڕێككەوتنەكە، ئەوسێ حزبە نابێت لە ژێر هیچ پاساوێكدا بكەونە دژایەتیی یەكترو دەبێت ڕێگری بكەن لە بەریەككەوتنیان.

 

هەندێك بەرپرسی ناو گۆڕان بە نیگەرانییەوە لە نزیكبوونەوەی بزووتنەوەكەیان‌و بەرهەم ساڵح دەڕوانن لە پێش هەڵبژاردن، هەرئەوەش هۆكاری ئاشكرا نەكردنی ڕێككەوتنەكەیانە‌و پێیانوایە كاریگەری بۆسەر پێگەو دەنگەكانیان دەبێت.

 

ئەوانە لەكاتێكدان، گۆڕان ترسی لە سستیی بەشداریی خەڵك هەیە لە هەڵبژاردن، ئەو بزووتنەوەیە پێیوایە كەمیی بەشداریكردن لە پڕۆسەكە بە زیانی ئەوان كۆتایی دێت.

 

پێشتر بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"بەرهەم‌و شاسوار دەنگی ئێمە نابەن، دەنگدەری گۆڕان ئەگەر نیگەران بێت بەشداریی ناكات نەك دەنگ بە لایەنی دیكە بدات، چونكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی شەخسیی نەبووە بە گۆڕان، ئێمەش لە بەرنامەی خۆمان لامان نەداوە."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"تاكە ترسی ئێمە ئەوەیە خەڵك كەم بچێت بۆ دەنگدان‌و ڕێژەی بەشداریی كەم بێت، بەشێكی باشی هەڵمەتەكەشمان بۆ هاندانی خەڵك دەبێت، چونكە پێمانوایە زۆربەی زۆری ئەوانەی ناچن دەنگدەری گۆڕانن پاشان یەكێتی."