كۆمەڵ شكستی بە كۆكردنەوەی سەرجەم ئیسلامییەكان هێنا لە یەك لیستدا

27-06-2018 03:00
ڕابەری گشتی بزوتنەوە، ئەمینداری یەكگرتوو، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كۆمەڵی ئیسلامی شكستی بە هەوڵە بەردەوامەكانی بزوتنەوەو یەكگرتوو هێنا بۆ پێكەوەبوونیان لە یەك لیستدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمەڵ پێیوایە؛ حزبەكەی لە دۆخێكی لەوان باشتردایەو پێویستی بە هاوپەیمانێتی نییە.

 

كۆكردنەوەی سەرجەم ئیسلامییەكانی كوردستان لە یەك لیستی پەرلەمانیدا بۆ هەندێك لە ئیسلامییەكان خەونەو كاری بەردەوامی بۆ دەكەن، بەڵام ئەمجارەش خەونەكە نەهاتەدی‌و كۆمەڵ هەوڵەكانی لەبار برد، لەكاتێكدا ئەو لایەنە ئیسلامییانە هیچ كات بەڕادەی ئێستا كۆك‌و تەبا نەبوون لەگەڵ یەكتر.

 

بزوتنەوەو یەكگرتوو كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەك لیستیان هەبوو، دوێنێ لیستێكی هاوبەشیان ڕاگەیاند بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و هاوپەیمانێتییەكیان بەناوی "بەرەو ئیسلاح" لە كۆمسیۆن تۆمار كرد. ئەمڕۆ وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتی كۆتایی هات‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وادەكەی درێژ نەكردەوە.

 

كۆمەڵی ئیسلامی پێشترو ئێستاش ئامادە نەبوو بچێتەناو هاوپەیمانێتی ئیسلامییەكان‌و یەك لیستی دروست بكات، ئەوان دەڵێن، دۆخی جەماوەرییان باشەو دەیانەوێت پاداشتی هەڵوێستەكانی چوار ساڵی ڕابردوویان وەربگرنەوە.

 

سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاریی گفتوگۆی نێوان لایەنە ئیسلامییەكانە، بۆ پەرەگراف وتی"كۆمەڵ دەڵێت لە چوار ساڵی ڕابردوو هەڵوێستەكانیان لە بەرەی گەلدا بووەو لەگەڵ خەڵك بوون، ئێستا دەیانەوێت پاداشتی هەڵوێستەكانیان لە جەماوەر وەربگرنەوەو ڕێژەی دەنگیان بزانن، ناشیانەوێت بە پێكهێنانی بەرەی ئیسلامی لە گۆڕان‌و هاوپەیمانی دوربكەونەوە."

 

ئەو سەرچاوە ئاگادارە كە داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت ئاماژەی بەوەشكرد، كاتێك لەناو كۆمەڵدا تاوتوێی یەك لیستیی ئیسلامییەكان كراوە، ڕای زاڵ ئەوەبووە لەم قۆناغەدا نەچنە ناویەوە، وتی"پێیانوایە یەكگرتوو لە دۆخێكی باشدا نییە بەهۆی هەڵوێستەكانی 4 ساڵی ڕابردووی، بزووتنەوەش ئەو پێگەو جەماوەرە بەهێزەی نییە، دەڵێن ئیتر بۆ دەنگەكانمان تێكەڵ بكەین؟."

 

كۆمەڵ لە چوار ساڵی ڕابردوو هەڵوێستەكانی زۆر نزیك بوون لە بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەش پێچەوانە بووە لەگەڵ كارو هەڵوێستی دەسەڵات(پارتی‌و یەكێتی)، كاتێكیش سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە ڕێگری لێكرا بچێتەوەسەر كارەكەی، سكرتێری پەرلەمان كە لەپشكی كۆمەڵ بوو ئامادە نەبوو بەردەوام بێت لەكاركردن.

 

ئەو هەڵوێستانە كۆمەڵ‌و گۆڕانی بەتەواوی لەیەك نزیك كردەوە، تاگەیشتەئەوەی چەندین هەڵوێستی هاوبەشی دیكەیان لەسەر ڕووداوەكان هەبوو، پێكەوە لە حكومەتی هەرێم كشانەوە، لەناو جەماوەرو بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە گەرمی پێشوازیی لە هەڵوێستەكانی كۆمەڵ كراو لە بۆنە جەماوەرییەكاندا دروشمی "پیاوی مەرد" بەرامبەر عەلی باپیر ئەمیری ئەو حزبە دەوترایەوە.

 

ڕازینەبوونی كۆمەڵ بە چوونەناو لیستی هاوبەشی ئیسلامییەكان، لەكاتێكدایە بزووتنەوەو یەكگرتوو سووربون لەسەر كۆكردنەوەی سەرجەم ئیسلامییەكان لە بەرەیەكدا، بۆئەوەش بەدەر لە كۆمەڵ، گفتوگۆیان لەگەڵ سۆفی‌و سەلەفی‌و گروپ‌و ڕێكخراوە ئیسلامیەكانی دەرەوەی حزبەكاندا كردووە.

 

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، پێشتر ڕایگەیاند، هیوایان بە ئەنجامی گفتوگۆكانیان هەیە كە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ئیسلامییەكان لە یەك لیستدا كۆببنەوە.

 

ڕابەری گشتی بزووتنەوە پێیوایە، ئەگەر ئیسلامییەكان لە یەك لیست و قەوارە و چوارچێوەدا كۆببنەوە، "ئەوا دەتوانن ببنە شوێنگرەوەی دەسەڵات لە هەرێم."

 

هەریەكە لە بزوتنەوەو كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامی 17 پەرلەمانتاریان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، بزوتنەوە یەك كورسی، كۆمەڵ 6 كورسی‌و یەكگرتوو خاوەنی 10 كورسییە لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان.

 

نەچوونەناو یەك لیستیی لەگەڵ بزوتنەوەو یەكگرتوو، كاریگەری هەبووە لەسەرئەوەی كۆمەڵ نەچێتەناو ئەو هاوپەیمانێتییەش كە هەوڵێكی زۆری بۆدرا لەگەڵ گۆڕان‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح پێكیبهێنن، ئەو هەوڵانەش سەركەوتوو نەبوون‌و هەریەكەیان بەجیا بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن.

 

"كۆمەڵ كە لەگەڵ لیستی ئیسلامیی نەبوو، پێیباش نەبوو بچێتەناو یەك لیست لەگەڵ گۆڕان‌و هاوپەیمانی، بۆئەوەی ڕوبەڕوی ئەو ڕەخنەیە نەبنەوە كە لەگەڵ حزبی ئیسلامی یەك لیست نەبوون‌و لەگەڵ عەلمانی یەك لیست بوون، ئەم قسەیەش لەناو ئیسلامییەكاندا ڕەواجی خۆی هەیە"سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف وای وت.

 

لەگەڵ ئەوەی گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و كۆمەڵ بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی كوردستان دەكەن، بەڵام پێكەوەو لەگەڵ لیستەكەی بزوتنەوەو یەكگرتوو هەماهەنگیی تەواو دەبێت لە نێوانیاندا بۆ ڕوبەڕونەوەی هەر هەوڵێكی ساختەكاری لە پڕۆسەكەدا، بۆ دوای هەڵبژاردنیش بەنیازن لەناو پەرلەمان هاوپەیمانێتی پێكبهێنن‌و فراكسیۆنەكانیان یەكبخەن.

 

ئەو لایەنانە خاوەنی هەڵوێستی هاوبەش بوون لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، پێكەوە پڕۆسەكەیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە"، سەركەوتوو بوون لە هەوڵەكانیان بۆ چەسپاندنی دووبارە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان‌و كارنەكردن بە ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان.

 

دوای دەركەوتنی ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكانی هەڵبژاردنەكەی عێراق، ئەو لایەنە ناڕازییانە داوایانكرد ئەو سیستمە بۆ هەڵبژاردنی كوردستان بەكار نەهێنرێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم داواكارییەكەی پەسەند كردو بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەكنەلۆجیای ئەلیكترۆنی بۆ هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەكار نەهێنرێت، هەوڵەكانیشیان چڕدەكەنەوە بۆ چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان.