بانگەشەی هەڵبژاردن دواخراو دواخستنی هەڵبژاردن "ئەگەرێكی بەهێزە"

04-09-2018 07:07
دەنگدان لە وێستگەیەكی سلێمانی بۆ پەرلەمانی كوردستان ساڵی 2013. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بۆ ماوەی 6 ڕۆژ دواخست، بڕیارەكە لەسەر داوای حزبەكان بووەو دواخستنی هەڵبژاردنەكەش "ئەگەرێكی بەهێزە."

 

بڕیاربوو لە كاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستپێبكات، بەڵام شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاردراوە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ڕۆژی سێشەممە 11-9-2018 دوابخرێت.

 

شیروان زرار ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وەكو ئەندامێكی ئەنجومەنەكە دەنگی بەو بڕیارە نەداوە بۆ دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن. شیروان زرار لەسەر پشكی كۆمەڵی ئیسلامی بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و حزبەكەی پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.

 

دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و گۆڕان هات كە تێیدا گۆڕان بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی خستەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و چاوەڕوانی وەڵامە، گۆڕان لەسەر بنەمای ئەو وەڵامە بڕیار دەدات بەشداربێت لە هەڵبژاردن یان هەڵوێستێكی دیكەی هەبێت.

 

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان كە ئاگاداری گفتوگۆكانی ئەمڕۆی نێوان پارتی‌و حزبەكەیەتی، بۆ پەرەگراف وتی"دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر داوای حزبەكان بووە لە نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، وتیشی"دواخستنی هەڵبژاردن ئەگەرێكی بەهێزەو لەچەند ڕۆژی داهاتوودا پێشهاتی نوێ ڕودەدەن‌و لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆشدا پارتی تێگەیشتنێكی باشی هەبووە لەوبارەیەوە."

 

بەرپرسەكەی گۆڕان ئامادەنەبوو زانیاریی زیاتر ئاشكرا بكات دەربارەی میكانیزمی دواخستنی هەڵبژاردن‌و مەرج‌و ڕێككەوتنی حزبەكان لەو بارەیەوە.

 

حزبە ناڕازییەكان داوای گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك دەكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆئەوەش چەندین سەرنج‌و پێشنیاریان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردووەو تانەیان لە تۆماری دەنگدەران داوە، كۆمسیۆن وەڵامی داونەتەوە، بەڵام وەڵامەكان ڕازیكەر نین بۆ ئەوان، تائێستا هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بەفەرمی ڕایگەیاندووە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات لە 30-9.

 

هەریەكە لە پارتی‌و كۆمەڵ‌و نەوەی نوێ لەو بەرەیەدان كە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەن لە وادەی خۆیدا، گۆڕان‌و یەكێتی‌و هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام هیچیان بە فەرمی ئەو داوایەیان لە حكومەت نەكردووە، ئەمڕۆ گۆڕان ئەو پرسەی خستووەتەبەردەم نێچیرڤان بارزانی.

 

گۆڕان كە پێشتریش ڕایگەیاندووە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە، لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ پارتی پاساوەكانی دواخستن‌و نیگەرانییەكانی خۆی خستووەتەبەردەم شاندەكەی پارتی، شۆڕش حاجی دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند"ڕاشكاوانە پێمان وتن كۆمەڵێك هۆكارهەن كە كەشوهەوای هەڵبژاردن گونجاو نیە."

 

وتەبێژەكەی گۆڕان ئاماژەی بە نیگەرانیی خەڵك كرد لە دۆخی ئابوری‌و سیاسی‌و باسیلەوەكرد هێشتا نیگەرانییەكانی ئەوان نەڕەویوەتەوە لە "ساختەكاریی" هەڵبژاردنەكەی 12-5 ‌و دورنییە لە هەڵبژاردنی كوردستان ڕێژەی بەشداریی خەڵك كەم بێت، وتیشی"بەپێی زانیاریی ئێمە تائێستا تۆماری دەنگدەران بەوشێوەیە پاكنەكراوەتەوە كە هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد ئەنجام بدەین."

 

شۆڕش حاجی ئەوەشی خستەڕوو، بزووتنەوەكەیان چاوەڕوانی وەڵامی پارتی‌و نێچیرڤان بارزانی دەكات دەربارەی دواخستنی هەڵبژاردن، لەوەڵامی ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن یاخود بایكۆتی دەكەن؟ وتی"بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری جڤاتی نیشتمانییە، لە چەند ڕۆژی ئایندەدا جڤاتی نیشتمانی كۆدەبێتەوەو دوای خستنەڕووی بیروڕای ئێمە بۆ برایانی پارتی‌و بۆ كاك نێچیرڤان وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كە وەڵامەكەمان وەرگرت لەسەر بنەمای وەڵامەكەی ئەوان‌و ئامادەیی ئەوان بۆ وەرگرتنی ئەم هەڵوێستەی ئێمە، جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەوە دەدات كە ئێمە بەشداری هەڵبژاردن دەكەین یان هەڵوێستێكی دیكەمان دەبێت."

 

بە پێچەوانەی وتەكانی وتەبێژەكەی گۆڕان، وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند بارودۆخ گونجاوە بۆ هەڵبژاردن‌و تائێستا هەڵوێستی ئەوان گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9-2017 چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕی، هەروەها 6-11-2017 چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێپەڕی.

 

لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كۆتایی دەهات، بەڵام بەرلەو ڕێكەوتەو لە 24-10-2017 پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرز درێژكردەوە(8 مانگ) هەڵبژاردنی دواخست.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی كۆبونەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیان نەكرد، یەكگرتووی ئیسلامیش دەنگی بە پڕۆژەكە نەداو پێی باش بوو 3 بۆ 6 مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، پارتی‌و یەكێتی‌و حزبە بچووك‌و كەمینەكان پڕۆژەكەیان تێپەڕاند. ئێستاش ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت دەبێت جارێكی دیكە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ بكاتەوە.