پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكێتی "یەكلایی نەبووەتەوە"

06-11-2018 03:40
هێشتا دیارنییە كورسییەكەی یوسف محەمەد بۆ كێ دەبێت. وێنە؛ ڕاگەیاندنی پەرلەمان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

مانۆڕی سیاسی دەستپێدەكات بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانی حكومەت‌و پەرلەمانی كوردستان، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی یەكلایی نەبووەتەوەو شێوازی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پەیوەستە بە گفتوگۆی نێوان حیزبەكان.

 

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجامداو پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراو یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بە كراوەیی هێڵرایەوە، هەرچەندە هەندێك پەرلەمانتار ئەو كارەیان بە پێشێلكردنی یاسا لە قەڵەمدا.

 

پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، ڕۆژانی داهاتوو دەكەوێتە گفتوگۆی گەرم‌و سەردانی حیزبەكان دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، سەرۆكی حكومەت یەكلایی بووەتەوە بۆ پارتی دەبێت.

 

"چۆنیەتی سەركەوتنی گفتوگۆكان حوكم دەكات لەسەر پێكهێنانی حكومەت، ئایا چەند حیزب بەشدار دەبێت‌و چۆن دەبێت" پشتیوان سادق ئەندامی سەركردایەتی پارتی بۆ پەرەگراف وادەڵێت.

 

ئەو سەركردایەتییەی پارتی كە ئێستا وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم‌و وەزیری ئەوقافە بە وەكالەت، ئەوەشی خستەڕوو، بچوككردنەوەی حكومەت بەهەمانشێوە لەسەر گفتوگۆی نێوان لایەنەكان وەستاوە، هاوكات ئەو پرسە پێویستی بە هەمواری یاسا هەیە، وتی"ئێستا ناكرێت دەبێت پەرلەمان كارەكانی دەستپێبكات‌و حكومەت پڕۆژەی هەبێت بۆ هەمواری یاسا."

 

یەكێتی وەك براوەی دووەمی هەڵبژاردن چاوی لە وەرگرتنی پۆستی دووەمە لەسەر ئاستی هەرێم كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، لە بارەی ئەوەی ئەو پۆستە بۆ یەكێتی یەكلایی بووەتەوە، پشتیوان سادق وتی"نەخێر، هیچ شتێك یەكلایی نەبووەتەوە."

 

نێوانی پارتی‌و یەكێتی بەهۆی ململانێكانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە وەك پێشوتر نییە‌و گرژیی تێكەوتووە، پارتی سورە لەسەر ئەوەی بەپێی ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان، مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

 

لە وەڵامی ئەوەی بەبێ یەكێتی حكومەت پێكدێت؟ ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی وتی"پێكەوەبین باشترە."

 

پشتیوان سادق كە حیزبەكەی خاوەنی 45 كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، مەرج نییە حكومەتی نوێ وەك كابینەی پێشوو بنكە فراوان بێت، دەكرێت دوو تا سێ حیزب پێكەوە حكومەت پێكبهێنن، وتی"ئەزمونێكی خراپ بوو ئەوەی ڕابردوو."

 

تائێستا یەكگرتووی ئیسلامی‌وو نەوەی نوێ ڕایانگەیاندووە دەبنە ئۆپۆزسیۆن و ناچنە كابینەی نوێی حكومەت، گۆڕان‌و كۆمەڵ هێشتا بڕیاریان نەداوە، پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد ئاڕاستەی بڕیار لەناو گۆڕان بەرەو ئەوە دەڕوات بچنە حكومەتەوەو زۆربەی بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەكە ئەو خواستەیان هەیە.

 

پارتی، بوونی ئۆپۆزسیۆن بە پێویست دەزانێت، پشتیوانی سادق دەربارەی بڕیارەكەی نەوەی نوێ‌و یەكگرتوو وتی"شتێكی زۆر ئیجابییە ئۆپۆزسیۆنێكی بنیاتنەر لە هەرێمی كوردستان هەبێت."

 

هەرچەندە پێكهێنانی حكومەت بۆ پارتی ئاسانەو لەگەڵ كەمینەكانی پەرلەمان كە 11 كورسییان هەیە دەتوانێت كابینەی نوێ پێكبهێنێت‌و دەنگی 50+1ی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات(56 لە 111)، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی، لە واقیعدا ناتوانێت حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر زەویی پێكبهێنێت بەبێ بەشداریی حیزبە براوەكانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت یەكێتی دواتر گۆڕان.

 

لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 1992 تائێستا، یەكێتی بەردەوام پێكهێنەری سەرەكیی حكومەت بووە بە دوو ئیدارەیی‌و ئیدارەی یەكگرتووشەوە، بەڵام گۆڕان خولێكی تەواو ئۆپۆزسیۆن(2009-2013)‌و خولی دواتر سەرەتا لە حكومەت‌و دواتر بووەوە بە ئۆپۆزسیۆن.

 

ئێستا چاوەكان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕانن كە ئایا بەشداریی حكومەت دەكات یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، بڕیارە جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان كۆببێتەوەو پرسەكە یەكلایی بكاتەوە، ئەگەر بڕیاری كۆتایی چوونە ناو حكومەت بێت كە بەرەو ئەوە دەڕوات، گۆڕان وەفدێك بۆ دانوستاندن پێكدەهێنێت‌و دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەربارەی كارنامەی حكومەت‌و پشكی بزووتنەوەكە لە كابینەی نوێ.

 

بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن، لەو پرسەدا ناكەونە ژێر كاریگەریی ئەو هەڵمەتانەی لەسەریانە، پەنجە بۆ یەكێتی نیشتیمانی ڕادەكێشن كە دەیەوێت "پاڵ بە گۆڕانەوە بنێت تا ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت"‌و مەیدانەكە چۆڵ بكات بۆئەوەی خۆیان لەگەڵ پارتی ڕێكبكەون.