بڕیار لە چارەنوسی هاوپەیمانی دەدرێت، لە دوای بەرهەم ساڵح دەمێنێت؟

08-11-2018 02:00
بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی بۆ پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری كۆبوونەوەی یەكلایی كەرەوە لەبارەی چارەنوس‌و شێوازی بەردەوام بوونی وەك حیزبێكی سیاسی یاخود هەڵوەشاندنەوەو كۆتایی پێهێنانی ئەنجام دەدات، وتەبێژی هاوپەیمانی دەڵێت: میكانیزمێك بۆ بەردەوام بوون دەگرنەبەر.

 

كۆبوونەوەكە فراوانەو هاودیدان‌و بەرپرسی دەڤەرو بازنەكانی هاوپەیمانی تێیدا بەشدارن‌و سبەینێ بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دوای بەجێهێشتنی بەرهەم ساڵح سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانییەكەیەو ئێستا كۆنە یەكێتییەكانی ناو هاوپەیمانی تەئكید لە هەڵوەشانەوەی دەكەن، بەڵام ئیسلامییەكان بە پێچەوانەوە.

 

هەریەكە لە ئارام قادرو محەمەد ڕەئوف دیارترین دوو كەسایەتیی ناو هاوپەیمانی كە پێشتر لەناو كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامیی پۆستی باڵایان هەبووە، لەگەڵ ئەوەدان هاوپەیمانی درێژە بەكارەكانی بدات‌و بمێنێتەوە.

 

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا هاودیدان گفتوگۆ دەكەن دەربارەی ئەوەی هاوپەیمانی چ میكانیزمێك بگرێتەبەرو چ بڕیارێك بدات، وتی"بێگومان ئەو كۆبوونەوەیە چارەنوسسازە."

 

لەو كۆبوونەوەیەدا پەیڕەوی ناوخۆی هاوپەیمانی‌و ناوەكەی دەخرێتەبەرباس كە ئایا گۆڕانكارییان تێدا بكرێت یاخود نا، لە وەڵامی ئەوەی ئایا هاوپەیمانی دەمێنێتەوە؟ عوسمان گوڵپی وتی"ئەم هێزە سیاسییە میكانیزمێك بۆ بەردەوام بوون دەگرێتەبەر، ئیتر ئایا بەو ناوەوە یان بە ناوی دیكەوە."

 

ئەوانەی پێشتر یەكێتی بوون‌و بەهۆی بەرهەم ساڵحەوە چوونەتە ناو هاوپەیمانی، ئێستا كە بەرهەم ساڵح ئەو حیزبەی بەجێهێشتووەو گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی، زۆرینەیان داوای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی دەكەن.

 

پەرەگراف لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی ئەو داواكارییە بۆ هەڵوەشانەوەی حیزبەكە خواست‌و داوای بەرهەم ساڵحە. وتەبێژی هاوپەیمانی دەڵێت، ئەو كەسانە بەناوی خۆیانەوەو وەكو ڕای خۆیان ئەو قسەیە دەكەن نەك بەناوی بەرهەم ساڵح.

 

دەربارەی بۆچوون‌و داوای كۆنە یەكێتییەكانی ناو هاوپەیمانی، عوسمان گوڵپی وتی"ئەوان دەڵێن پێویستە هەڵبوەشێتەوە، ئیتر كێ دەچێتەناو هەر هێزێكی دیكە ئەوە ئارەزوومەندانەیە، ئەوان تەئكید لە هەڵوەشانەوە دەكەن، مەرجیش نییە هەموویان لەگەڵ هەڵوەشانەوەبن، خەڵك هەیە پێشتر وازی هێناوە، هەیە لەناو یەكێتییەو پێیباشە هاوپەیمانی بەردەوام بێت."

 

وتەبێژەكەی هاوپەیمانی ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەم ساڵح هیچ پەیوەندییەكی بە كۆبوونەوەكەی سبەینێی هاوپەیمانییەوە نییەو هیچ پەیامێكی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە نە ناردووە.

 

لەوەڵامی ئەوەی بەرهەم ساڵح دوای بەجێهێشتنی هاوپەیمانی دەست لە كارەكانیان وەردەدات؟ وتەبێژی هاوپەیمانی دەڵێت"د.بەرهەم ئێستا سەرۆك كۆمارو جێگری سكرتێری یەكێتییە، بڕواناكەم، ئەوە تەنها قسەیەكە، چۆن دەستوەربدات؟ ئەوانەی پێشتر یەكێتی بوون ئێستا كە قسە دەكەن بە ڕای خۆیانی دەزانن، ئەوانیش بەشێكیان لەماڵەوە دادەنیشن‌و مەرج نییە بچنەوە ناو یەكێتی، پێیانوایە زەرورەتی مانەوەی هاوپەیمانی نەماوە، بەڵام هەندێكیش هەن پێیانوایە هیچ ئامانجێك نەهاتووەتەدی‌و هاوپەیمانی زەرورەتی مانەوەی هەیە لەم قۆناغەدا."

 

عوسمان گوڵپی ئەوەشدەخاتەڕوو، لە بەردەوام بوونیان وەك حیزبێكی سیاسی هەندێك لەو كەسانەیان لەگەڵدا دەمێنێت كە پێشتر یەكێتی بوون، دەربارەی هەڵوێستی محەمەد ڕەئوف‌و ئارام قادر، وتەبێژەكەی هاوپەیمانی وتی"ئەوان پێیانوایە هاوپەیمانی دەبێت بەردەوام بێت"، بەڵام مانەوەیان بەم ناو و دروشم‌و شێوازەی ئێستا، ئەوە ڕای جیاوازی لەسەرەو كۆبوونەوەكە بڕیاری لەسەر دەدات.

 

دەربارەی سەرچاوەی دارایی هاوپەیمانی بۆ بەردەوام بوون، وتەبێژەكەیان باسلەوەدەكات لە كۆبوونەوەكەی سبەینێدا ئەو پرسی تیشكی دەخرێتەسەرو ڕوون دەكرێتەوە، وتی"لە ئەگەری مانەوە دەبێت هەموو شتێك ڕوونبكرێتەوە، سەرچاوەی ماددی چۆن پەیدا دەكرێ‌و چۆن خەرج دەكرێت."

 

بەرهەم ساڵح‌و هاوپەیمانی

هاوپەیمانی ساڵی ڕابردوو بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح دامەزراو وەك حیزبێكی ناڕازیی دەركەوت‌و خۆیدایە پاڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و هەمان پەیامی ئەوانی هەڵگرت، بەڵام بەرلەوەی ساڵێكی تەمەنی تەواو بكات، سەرۆكەكەی بەجێی هێشت‌و گەڕایەوە ناو یەكێتی.

 

گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح لە چوارچێوەی كاندیدكردنی بوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، هەر بەوهۆیەوە بەرهەم ساڵح ڕێگەی نەدا هاوپەیمانی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات‌و بایكۆتیان كرد.

 

یەكەم ئەزموونی بەشداریكردنی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردن، مانگی 5ی ئەمساڵ بوو بۆ پەرلەمانی عێراق كە تەنها 2 كورسی بەدەستهێنا، لەگەڵئەوەی ئەنجامەكانی پەسەند نەكردو دەڵێت"تەزویری گەورەی لێكراوە" بەڵام بەشداریی كرد لە پەرلەمان‌و پڕۆسەی سیاسی عێراق.

 

بەرهەم ساڵح، دوای بەتەواوی بێئومێدبوونی لە هەوڵەكانی پێشووتری بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە خۆی جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی بوو، هەروەها شكست هێنانی ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حزبەكەی، ئەوكات بڕیاریدا لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن بكات‌و هاوپەیمانیی دامەزراند.

 

گەڕانەوەشی بۆ ناو یەكێتی لە كاتێكدابوو، هاوپەیمانی سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوە بوو بۆ قۆناغی نوێی كاركردن دوای ئەو ئەنجامەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستی هێنا كە زۆر كەمتر بوو لەوەی پێشبینییان دەكرد، بەڵام خواست‌و حەزە لە مێژینەكەی بەرهەم ساڵح بۆ بوون بە سەرۆك كۆمار، خۆڕێكخستنەوەی هاوپەیمانی تێكداو خستیەبەردەم چارەنوسێكی نادیار.

 

بۆئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بەدەست بهێنێت، بەرهەم ساڵح پێوستی بە ڕەزامەندیی یەكێتی هەبوو تا ببێتە تاكە كاندیدی ئەو حیزبە بۆ ئەو پۆستە، هەربۆیە لەگەڵ یەكێتی ڕێككەوت بگەڕێتەوەو كرایەوە بە جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و حیزبە نوێیەكەی بەجێهێشت، دواجار سەرەتای مانگی ڕابردوو بە خەونەكەی گەیشت‌و بووە سەرۆك كۆمار لەسەر پشكی یەكێتی.

 

بەرهەم ساڵح بە گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی‌و جێهێشتنی هاوپەیمانی، باجێكی زۆریدا لە ناو خەڵكداو لێكەوتەی خراپی لەسەر سومعەی سیاسیی هەبوو، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەدان كەس ڕەخنەی تووند‌و تانەو توانجیان لێگرت.

 

هاتنە دەرەوەو گەڕانەوە بۆ ناو حیزب‌و وازهێنان لە حیزبی نوێ، لە پێناو پۆست‌و پارەدا لەناو سیاسییەكانی كورددا شتێكی نوێ نییە، یەكێتی ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە "گەڕانەوە بۆ ماڵە گەورەكە" ناودەبات، نەوشیروان مستەفاش ڕێكخەری كۆچكردوی گۆڕان‌و سیاسیی ناوداری كورد بە "هاوڕێی نیوەی ڕێگا" ناوی دەبردن.

 

بۆ بەرهەم ساڵح جیاوازییەكە ئەوەبوو خۆی كەسی یەكەمی ئەو حیزبە بوو كە دایمەزراند، بەڵام بۆ پۆستێك بەجێی هێشت‌و گەڕایەوە ناو حیزبەكەی پێشتری، بەوەش دەستبەرداری پڕۆژە نوێیەكەی بوو كە دوو چەمكی زۆر گەورەی هەڵگرتبوو ئەوانیش "دادپەروەری ‌و دیموكراسی"ن.